وابڕیاره له حوزه‌یرانی ساڵی 2023دا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی له توركیادا به‌ڕێوه‌چێت، بۆیه له ئێستاوه هه‌موو سه‌ركرده و پارته سیاسییه ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی توركیا كه‌وتونه‌ته خۆئاماده‌كردن و پێكه‌وه‌نانی هاوپه‌یمانی بۆئه‌وه‌ی بتوانن زۆرینه‌ی ده‌نگی ده‌نگه‌ده‌ران بۆخۆیان و حیزبه‌كانیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، له‌پێش هه‌موانه‌وه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان كه‌وتونه‌ته‌خۆ و به‌هه‌موو لایه‌كدا له ناوخۆی توركیا و له وڵاتانی ناوچه‌كه و دونیاش بۆ ئه‌وه‌ی كارێك یان ده‌سكه‌وتێك به‌ده‌ستبێنن و رای گشتی و شه‌قام و جه‌ماوه‌ری توركیا بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و بۆ پێنجه‌م جار بتوانن زۆرینه‌ی پەرله‌مان و پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆخۆیان ببەنه‌وه.
ئه‌وه‌تا ئه‌ردۆغان كه‌وتۆته‌خۆی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له سعودیه و میسر و ئیسرائیل و ئێران‌دا و گه‌ره‌كێتی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریای به‌شار ئه‌سه‌دیشدا گرژییه‌كان خاوبكاته‌وه، له‌گه‌ڵ عیراقیشدا تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی باشكردووه و كێشه‌ی ئاو و بۆردومانكردنه‌كانی خستۆته ئه‌ستۆی په‌كه‌كه و له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی وه‌ك روسیا و ئه‌مریكا و ئه‌وروپیه‌كانیشدا به سیاسه‌تێكی دووفاقانه مامه‌ڵه ده‌كات و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كورددا ده‌یه‌وێت گرژیه‌كان خاوبكاته‌وه.
هاوپه‌یمانێتییه سیاسییه‌كانی ناو توركیا
به‌هه‌مان شێوه بۆ مسۆگه‌ركردنی بردنه‌وه هه‌موان كه‌وتونه‌ته‌خۆ بۆ پێكه‌وه‌نانی هاوپه‌یمانێتی و ئه‌وه‌تا سێ هاوپه‌یمانی جیاواز پێكهاتووه له‌نێوان سه‌ركرده و پارته سیاسییه‌كانی توركیادا
1- هاوپه‌یمانی (گه‌ل) له‌نێوان ئاكه‌په و پارتی نه‌ته‌وه‌یی توركیا كه له ساڵی 2016وه به‌رده‌وامه، به‌ڵام ره‌نگه كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی نه‌ته‌وه‌یی نه‌توانێت ئه‌مجاره زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانی بۆ ئاكه‌په مسۆگه‌ر بكات و بتوانێت به‌ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێت.
2- هاوپه‌یمانی (نه‌ته‌وه) له‌نێوان 6 پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی توركیا (پارتی گه‌لی كۆماری، پارتی باش، پارتی سه‌عاده‌ت، پارتی دیموكراتی، پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن، پارتی ئاینده)، كه ته‌نها پارتی گه‌لی كۆماری و باش به‌هێز و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری زۆرن.
3- هاوپه‌یمانی (كار و ئازادی) له‌نێوان هه‌ده‌په و پێنج پارتی چه‌پی توركیا پێكهاتووه (پارتی هه‌ده‌په و پارتی گه‌لانی دیموكراسی و پارتی كرێكارانی توركیا و پارتی كار و پارتی ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و پارتی یه‌كێتی ئه‌نجومه‌نه سۆسیالیسته‌كان)، كه هیچ كامیان جگه له هه‌ده‌په ده‌نگی زۆرینه و شه‌قامیان له‌گه‌ڵدا نییه.
لێره‌دا چەند پرسیارێك دێنه پێش، ئایا له‌هه‌ڵبژاردنه‌ی ئاینده‌دا ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی وه‌كو پێشتر متمانه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لی توركیا به‌ده‌ستدهێننه‌وه؟ ئایا سیاسەته‌كانی ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی رابووردوودا جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی گه‌لانی توركیا بووه؟ ئه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بردنه‌وه و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن؟ ئه‌ی دۆخی كورد و پارتی هه‌ده‌په به چ ئاڕاسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات؟ و ده‌یان پرسیاری تریش.
ئەرشیف - هەڵبژاردنێکی پێشووتر لە تورکیا
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌لای هه‌مووانه‌وه گرنگ و چاره‌نووسسازه چونكه له یادی 100ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری توركیای نوێیه له 1923دا له‌لایه‌ن كەمال ئه‌تاتوركه‌وه، بۆیه هه‌موان ده‌یانه‌وێت ئه‌و یاده بكه‌نه سه‌ركه‌وتنی خۆیان.
ئه‌ردۆغان كۆتا جاری ده‌بێت، به‌پێی ده‌ستوور بتوانێت خۆی كاندید بكاته‌وه بۆ سه‌رۆك كۆماری بۆیه هه‌رچی هه‌وڵێتی بۆ بردنه‌وه‌ی خۆی و پارته‌كه‌یه‌تی، ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك دۆخیان باشه له‌به‌رامبه‌ر هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا و لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنیان دیاریكردووه و دروشمه‌كه‌یان (سه‌ده‌ی توركیا)یه به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌یادی 100ساڵه‌ی كۆماردا، جارێكی تر توركیا گه‌شه و هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی ئابووری و جیۆسیاسی نوێ به‌خۆیه‌وه ببینێت و سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م ببێته‌وه به‌سه‌ده‌ی توركیا به‌پێی بۆچوونی ئه‌وان. چونكه تائێستا ئه‌ردۆغان تاكه كاندیدی دیار و به‌هێزه بۆ سه‌رۆك كۆماری، چونكه 6 هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كه تائێستا و دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر یه‌ك به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن و هاوپه‌یمانێتییه‌كی پته‌و و یه‌ك كاندیدیش بۆ سه‌رۆك كۆمار رێكبكه‌ون، له كاتێكدا ئه‌ردۆغان توانیویه‌تی كه :
*له جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیادا هاوسه‌نگی رابگرێت و رۆڵی دادوه‌ریش ببینێت له نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا.
*ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی دیپلۆماسی به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی دانیشتن و گفتوگۆ له‌نێوان روسیا و ئۆكرانیادا رێكبخات و بتوانێت دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا هه‌نارده‌ی جیهان بكرێت و ئاڵوگۆڕی دیله‌كانیش بكرێت.
*توانیویه‌تی له كۆنگره‌ی شانگهای له چین، چالاكانه به‌شداربێت و هه‌وڵی بوون به ئه‌ندامبوونیش ده‌دات له رێكخراوه‌كه، كه رێكخراوێكی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی و ته‌كنه‌لۆژیای گه‌وره‌یه له جیهاندا و كێبڕكێ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ناتۆ ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی هه‌م له‌ناوخۆی توركیا و له‌ناوچه‌كه و دونیاشدا بێ كێشه و سه‌ریه‌شه نیین، بۆیه چانسی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره و به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی كورسی په‌رله‌مان نزیكه له‌خه‌و و خه‌یاڵه‌وه به‌هۆی:
1- خراپی دۆخی ئابووری و دارایی توركیا و دابه‌زینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری نرخی لیره‌ی توركی به‌ڕێژه‌ی %40.
2- به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان بۆ رێژه‌ی %83 .
3- گرانی نرخی هه‌موو كالاو پێداویستییه زه‌روره‌كانی ژیانی هاووڵاتیان.
4- مامه‌ڵه‌ی توند و گرتن و راوه‌دونانی زۆرێك له‌هاووڵاتیان له دوای كوده‌تاكه‌ی 2016وه.
5- به‌ده‌ستنه‌هێنانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌سه‌ر لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵا گویله‌ن و هه‌روه‌ها دژ به په‌كه‌كه و په‌یه‌ده له هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان.
6- كێشه‌ی ناوخۆیی حیزبه‌كه‌شی له‌وه‌دایه كه دوای ئه‌ردۆغان كه‌سێكی به‌هێزی جێگره‌وه نییه و ئاینده‌ی ئاكه‌په‌ش دیار نییه و سه‌ره‌ڕای رازی نه‌بوونی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان و شه‌قامی توركیاش له سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاكپارتی.
بۆیه ئه‌م خاڵه لاوازانه‌ی ئه‌ردۆغان و ئاكپارتی بوونه‌ته دێوزه‌مه‌یه‌كی ترسناك و ره‌نگه به ئاسانی زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیش وه‌ده‌ستنه‌هێنێته‌وه.
هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان
تایبه‌ت به‌هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش كه خۆیان له 6 پارتی گه‌وره و بچووك و دێرین و نوێ‌دا ده‌بینێته‌وه، هێنده‌ی خاڵی لاوازیان زیاتره خاڵی به‌هێز و یه‌كگرتوویان كه‌متره، ئه‌وه‌تا:
به‌هۆی جیاوازی بنه‌ما فكری و ئایدۆلۆژیه‌كانیانه‌وه هیچ نزیكبوونه‌وه و توندوتۆڵیه‌ك نییه له‌نێوانیان له ئێستادا و بۆ ئاینده‌ش، له‌بواره‌كانی ئابووری و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا.
هه‌ریه‌كه‌یان مه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ به‌شداربوون له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شێوه‌ی یه‌كگرتوو.
تائێستا هیچ كاندیدێكی به‌هێزیان نییه بۆ سه‌رۆكی كۆمار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغاندا، جگه له كه‌مال كلیچدارئۆغڵوی سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری، كه گه‌وره‌ترین پارتی ئۆپۆزسیۆنه و دێرینترینیشیانه، به‌ڵام ئه‌میش له‌لایه‌ك به‌هۆی عه‌له‌وی بوونی و كوردبونییه‌وه ناتوانێت ببێته سه‌رۆك كۆمار، چونكه سه‌ركردایه‌تی توركه‌كانی ئه‌نادۆڵه، له كاتێكدا ته‌نها مسوڵمانێكی سونی بۆی هه‌یه ببێته سه‌رۆك كۆمار.
به‌م شێوه‌یه هه‌ڵبژاردنی 2023 هه‌م سه‌خت و دژواره و هه‌میش ئه‌نجامه‌كانی بۆ هیچ لایه‌ك مسۆگه‌ر نییه، به‌ڵام هه‌ندێك راپرسی كراوه كه ده‌كرێت ببنه پێشبینی نه‌ك هه‌قیقه‌ت، چونكه هێشتا 6 مانگ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه و هیچ كه‌س نازانێت چی رووده‌دات، به‌ڵام پێشبینییه‌كان وای بۆده‌چن كه:
1- پاشه‌كشه‌یه‌ك هه‌یه له رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاكه‌په‌دا و ره‌نگه رێژه‌ی 30-34 % بێنن و رێژه‌ی ده‌نگی پارتی نه‌ته‌وه‌یی توركیاش ته‌نها7 % ده‌بێت.
2- ده‌نگه‌كانی پارتی گه‌لی كۆماری وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه به‌ڕێژه‌ی(24-25) %.
3- ده‌نگه‌كانی پارتی باش ره‌نگه به‌رزببنه‌وه بۆ15 %.
4- رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ش وه‌كو خۆیان11 % ده‌مێنێته‌وه.
پێشبینییه‌كان سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار
بۆ سه‌رۆك كۆمار پێشبینی ده‌كرێت، كه ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆغانیش وه‌كو پارته‌كه‌ی بێت و له %34 دا بێت، ره‌نگه له‌كاتی بوونی كاندیدی تردا ئه‌و رێژه‌یش كه‌متر بكات.