شەڕ لەبادینان تۆز لە دەرکێ مە

06:46 - 2022-03-12
جەمال ئارێز
346 خوێندراوەتەوە

جیهانگیریی چۆن سیاسەت و دەوڵەتداریی بە خۆیەوە گیرۆدەکردووە، هاوکات کایەکانی ئابووریی و بازرگانی و بگرە وەرزشی و کەلتوریی و کۆمەڵایەتیشی گرتۆتەوە.

جاران کە جەنگ لە نێوان دوو وڵاتدا روویدەدا، تەنها خەڵکی سڤیل و هێزە چەکدارەکانی ئەو دوو وڵاتە پێوەی گرفتار دەبوون و بە گوێرەی بەهێزیی و بێهێزیی سوپا و ئابوورییەکەیان کاریگەریی دروست دەکرد لەسەریان، بەڵام پێدەچێت ئەو دۆخەی بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە هاتۆتە کایەوە، بەهۆی نیعمەتی جیهانگیرییەوە زۆربەی خەڵکی جیهان بەخۆیەوە گرفتار بکات و لە ئێستاشەوە سەرەداوەکانی ئەو گرفتاربوونە دەرکەوتوون.

هێشتا جەنگەکە لە سەرەتای هەفتەی سێیەمیدایە، خەریکە سیمای جیهان و بەتایبەتی ئەو ئەوروپایەی کە لە پێناوی گەیشتن بە بەهەشتەکەیدا هەزاران گەنجی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا یان بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان یاخود بە شەپۆلی بێ روحمی دەریاکان بوونە قوربانی، دەبێتە نائەمینترین جێگە.

تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە هێشتا ئاگری جەنگەکە پێیان نەگەیشتووە، دۆخەکەیان لێ شێواوە، چونکە لەلایەک حکومەتەکانیان بۆ پاراستنی سنوورەکانیان لە هەر پەلکێشانێکی روسیا لەدوای ئۆکرانیا لەڕووی چەکەوە کۆمەکی ئۆکرانیا دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە ترسێک دروست بووە کە ئەو کۆمەکانە ببنە پاساوی پەلاماردانیان لەلایەن مۆسکۆوە، ئەوەش ئەوروپای فرێش خۆری ناچاری زەخیرە خستن کردووە و وەک ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژەی پێ دەدەن زۆربەی دانیشتووانی ئەڵمانیا و سوید و نەرویج و فینلەندا کەوتوونەتە کڕینی خۆراک و ئەمبارکردنی لەترسی تەشەنەکردنی جەنگەکە.

جەنگەکە و ئەو سزایانەی بەسەر روسیادا سەپێنراون لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە، بۆ بەشێک لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و گاز بۆتە خێر و بەرەکەت و نرخی نەوتی بەرزکردۆتەوە بۆ ئاستێک کە هەرگیز پێی نەگەیشتووە، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا، نرخی زۆربەی کاڵا و پێویستە سەرەکییەکانیش بەرزبوونەتەوە، چونکە بەشێک لە کەرەستە خۆراکییەکان لەلایەن UNHCR و خاچی سوور و رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکانی جیهانەوە دەکڕدرێت بەو پارەی کۆمەکەی لە وڵاتانی زلهێزەوە بۆ ئاوارەکانی ئۆکرانیا کۆکراوەتەوە، ئەوەش بە گوێرەی تیۆری ئابووریی «بەرزبوونەوەی نرخە لەکاتی زۆربوونی خواست لەسەر هەر کاڵایەک» کە کاریگەریی گەورەی لەسەر زۆرێک لەو وڵاتانە دروستکردووە کە پشتیان بە هاوردەی شمەک بەستووە.

بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، راستە بەشی زۆری کاڵای هاوردە بۆ هەرێمی کوردستان لە دەرەوەیە، بەڵام بازاڕی کڕینی شمەک لە کوردستان یان ئێرانە یان تورکیایە بەشێوەی سەرەکی و بە رێژەی 90 ٪ ، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە هێشتا نە بەهای دراوەکەیان بەرزبۆتەوە بەرامبەر دیناری عیراق و نرخی دۆلاریش لە پێش جەنگەکە 1480 دینار یەک دۆلار بوو، ئێستا نزیکەی 1460 دینار دۆلارە، لەلایەکی دیکەشەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە 80-85 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 140 دۆلار بەرزبۆتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێستا کەس ناپێچێتەوە لەو بەرزبوونەوە کتوپڕەی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، بۆیە نازانین بۆچی جەنگ لە ئۆکرانیایە و تۆزی بۆردومانە ئابوورییەکەی بەردەرگای بە ئێمە گرتووە؟

وتارەکانی نوسەر