چوار وێنەی ناشیرینی دیموکراسی

10:18 - 2023-01-12
شوان کەریم کابان
363 خوێندراوەتەوە

بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان، سوودمەندن لە دیموکراسی و بەهۆیەوە ئارامی و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرقەرارە. 
دیارە شێوازی چەسپاندنی دیموکراسی و سوودوەرگرتن لە بەرهەمەکەی جیاوازە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا خەڵکی ئەو وڵاتانە لێی سوودمەندن. 
لە هەندێ وڵات بوونی دیموکراسی بە مانای ئابوورییەکی پتەوی بەهێز نییە وەک هیندستان کە گەورەترین دیموکراسییە لە جیهاندا، لە هەندێ وڵاتیش هاوشانی یەک دیموکراسی و ئابووری تەریب بەیەک گەشەیان کردووە وەک بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی ئەوروپا. 
ئێستا لە خۆرئاوا دیموکراسی کەوتۆتە بەر پرسیار و تێڕامان بەتایبەت پاش ئەوەی حزبە راستڕە و توندڕەوەکان «دیارە بە پێوانەکانی ئەوروپا» لە چەند وڵاتێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، وەک ئیتالیا، سوید، فەرەنسا، هۆلەندا، ئەمەش وایکردووە مەترسی لای زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتانە دروستببێ و ببێتە جێی مشتومڕێکی زۆر. 
جگە لەمە، ئێستا ئەو حزب و لایەن و کەسانەی دەچنە هەڵبژاردنەوە، لەکاتی دۆڕاندندا، یاخود ئەگەر ئەنجامەکانیان بەدڵ نەبوو، پەنا بۆ رێگای نەشیاو و نادیموکراسی دەبەن بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی و سەرنجەکانیان، وەک ئەوەی لە عیراق روویدا، کاتێک دوو جار لە دوو ساڵی جیاوازدا، لایەنگرانی موقتەدا سەدر باڵەخانەی پەرلەمانیان داگیرکرد و کردیانە شوێنی نووستن و نوێژکردن و نانخواردن و بانگەشە و زیانی زۆریان پێگەیاند. 
هەروەها کاتێک لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ پەلاماری باڵەخانەی کۆنگرێسیان دا و داگیریان کرد وەک نارەزاییەک لەبەرامبەر دۆڕاندنی ترامپ لە بەرامبەر جۆ بایدنی پاڵێوراوی دیموکراتەکان و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و بەشێک لە کەلوپەلی نێو باڵەخانەکەیان شکاند، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزاییەکی بەرفراوان لەئەمریکا و لە جیهاندا. 
دوا هەڵوێستی لەم جۆرەش لەلایەن لایەنگرانی بۆلسۆنارۆی سەرۆکی راستڕەوی پێشووی بەرازیل بوو، پاش دۆڕاندنی لەدوا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لەبەرامبەر لۆلا داسیلڤای چەپڕەو، کاتێک پەلاماری کۆشکی کۆماری و پەرلەمان و تەلاری دادگای فیدراڵییان دا لە بەرازیلیای پایتەخت و ئەمەش ناڕەزاییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. 
رووداوێکی تر کە بە بڕوای بەندە دژی دیموکراسی و ئازادیی بیرکردنەوە و مافی پێکهینانی گروپ و رێکخراو بزووتنەوەیە، ئەوەیە کە لە ئەڵمانیا روویدا کاتێک حکومەتی ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ کۆدەتا، زیاتر لە 30 کەسی دەستگیرکرد، لەکاتێکدا مەحاڵە بەو ژمارەیەوە لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیادا کۆدەتا بکرێ!
 لەکاتێکدا دەکرا بۆ وڵاتێکی دیموکراتی وەک ئەڵمانیا، لێگەڕایە ئەو گروپە لە هەڵبژاردندا خۆی تاقیبکردایەتەوە. 
ئەو نموونانەی باسمان کردن،  چەند نموونەیەکن لەم سەردەمەدا دیموکراسییان ناشیرین کردوە .

وتارەکانی نوسەر