فلاش فیکشن

كراس

11:32 - 2023-01-17
محەمەد كەریم
214 خوێندراوەتەوە

93

پیاوێكی رەشتاڵەی برۆپەیوەستی كەڵەگەتی بەژن رێكە، تازە چل و هەشت ساڵی تەواو كردووە. هەودا هەودا تاڵی سپی كەوتۆتە سەروقژییەوە. ئەگەرچی زۆر قورسە مرۆڤ بە سەروسیمای هەڵبسەنگێنیت، ئەمما ئەم پیاوێكی جیاوازە، دەتوانیت هەروا سەیری روخساری بكەیت و بڵێی وای چەند پیاوێكی بە جەوهەر و بە ویقارە جوامێریی لێدەبارێت! لەوەش سەیرتر دیتە سەرڕاست و سەربەرزە، لەناو خەڵكیشدا متمانەیەكی سەیری هەیە و فرە خۆشەویستە. هەموو ئەم خاسیەتانە بوونەتە هۆی ئەوەی لای حزبی فەرمانڕەوا و دەزگا ئەمنییەكانی خۆشەویست نەبێت، چونكە ملكەچی ئەوان نییە و حسابی پووشیان بۆ دەكات، بۆیە دەبێتە بابەتی لێكۆڵینەوەیان، هەنگاو بە هەنگاو چاودێری دەكەن. چەند جارێك هەوڵی لەگەڵ دەدەن بیكەنە دۆستی خۆیان، پارە و پۆستی دەخەنە بەردەم، بەڵام ئەم لەو كەسە كاڵ و داماوانە نییە بتوانن بە ئاسانی فریوی بدەن، چونكە باشیان دەناسێت. بۆیە دواجار بڕیار دەدەن كراسێكی بۆ بدروون و بیكەنە بەری. 
بە نوێژی نیوەڕۆ كەسێك كتومت وەك خۆی، وەك ئەوەی سێوێك بن و كرابن بە دوو لەتەوە، دەچێتە بەردەم ماڵی ژنبراكەی، لە دەرگا دەدات و بە تووڕەییەوە بانگی دەكاتە بەردەرگا. ئەویش هەرچەند دیقەتی دەدات، هەست ناكات ئەمە زاواكەی نییە، گەرچی لە دەنگی و شێوازی تووڕەبوونەكەی دەكەوێتە گومانەوە. دەبێتە دەمەقاڵەیان، كابرا دەمانچەكەی دەردەهێنێت، بە بەرچاوی ژنەكەیەوە دەیكوژێت. چەند كەسێكیش كە لە هەمان تیمن، خێرا فیلمی هەموو شتێك دەگرن و دەیكەنە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بەسەرییەوە. 
هەمان شەو، دوای ریكلامێكی گەورە كە دەنگی دەگاتە گوێی ماسی حەوزەكانی شاریش، لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنەوە فیلمەكە پیشاندەدەن، كاڵا بە قەد باڵا وەها كراسی تاوانەكە دەكەنە بەری، هێندەی كونی دەرزییەك دەرفەتی داكۆكی لە خۆكردنی بۆ ناهێڵنەوە، ئەوە نەبێت دەستی تەسلیمبوون بەرز بكاتەوە، وەكو درۆزنێكی قورمیشكراو باسی وردەكاریی تاوانەكەی بكات. وێڕای پۆلیس و هێزە جۆراو جۆرەكانی شار كەسوكاری ژنەكەشی كون بە كون شوێنپێی هەڵدەگرن، دەیانەوێت بێدەنە دەست ئەو دادگایەی هەمیشە كراسی تاوان بۆ بێتاوانەكان دەدورێت و تاوانبارەكانیش وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن. بەڵام وەك ئەوەی زەوی قووتیدابێت یان ئاسمان هەڵیكێشابێت، نەك هەر خۆی ژنەكەشی سەرو سۆراخی نییە.
شەوی دواتر لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی شارێكی ترەوە، شان بەشانی ژنەكەی دەردەكەوێت، هەزار و یەك بەڵگە دەهێنێتەوە كە شەوێك پێش ئەو تاوانە و ئەو سیناریۆ قێزەونە لەو شارە دەرچووە. دواجار ژنەكەی بە گریانەوە دێتەگۆ: «حەزدەكەم ئەو كەسەی ئەو كراسەی بۆ پیاوەكەم دووریوە چاك بزانێت چەندە گەمژەیە، چونكە ئێمە دوو رۆژە لەو شارە دەرچووین، بۆیە دڵنیام ئەگەر من براكەمم كوشتبێت پیاوەكەم نەیكوشتووە!»
          

وتارەکانی نوسەر