ئەگەر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ چوار ساڵ و زیاتر بۆ تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بکەین، پێویستی بە لێوردبوونەوە و وردبینی هەیە. ئەوەی سەیر بوو وتەکانی مەسرور بارزانی بوو کە شانی خۆی و کابینەکەی لە شکستی سیاسی و خوڵقاندنی قەیرانەکان و تێکچوونی دۆخی ئابووری و ئاسایش و سەقامگیری خەڵک پاکناکاتەوە.
سەرباری ئەوەی کابینەی نۆیەم بە کابینەیەکی چاکسازیی ناسێندرا، بەڵام نەک نەیتوانی چاکسازی بکات، بەڵکو قەیرانەکانی زۆرتر کرد و سیمای دوو ئیدارەیی قووڵترکردەوە، هەر زوو کابینەی نۆیەم قەیرانی بە قەیران سپارد و تەسلیم بە شکستی ئیداری و دواتریش شکستی سیاسی و پاشەکشەی دیپلۆماتی و شکستی دیموکراسی و پاشەکشەی ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیایی بیستراو بینراو نووسراو و شکستی متمانەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی تری بە دوادا هات .
کابینەی نۆیەم کە بە ناوی حکومەتی ئیئتلافیی پێکهینرا، بەڵام مواسەفاتی هاوبەشی و شەراکەتی راستەقینەی بۆ یەکێتی و گۆڕان تێدانەبوو.
بەشداری پێکردنی یەکێتی و گۆڕان هێندەی بۆ رازاندنەوەی کابینەکە بوو، هێندە بۆ شەراکەت و هاوبەشی پێکردن نەبوو.
یەکێتی و گۆڕان نەیانتوانی ببنە بەشێکی جدی لە شەراکەت هاوبەشێکی راستەقینە لە کابینەکەدا بەهۆی سیاسەتی خۆسەپاندن و بە سەربازیی و شەخسیکردنەوە، کە دەبوایە پێچەوانە بوایە.
زۆربەی هاووڵاتییان دڵیان بەم کابینەیە خۆش نییە و تەنانەت پارتییەکانیش پەشیمانن لە هۆنینەوەی گۆرانی وتن بە باڵای کابینەی نۆیەم و جەنابی برا گەورەدا.
کابینەی نۆیەم سیمایی دوو ئیدارەیی، دوو فاقی، گەندەڵی تۆختر کردۆتەوە، سەرباری پاشەکشەی ئازادی و شەڕی نان و مووچە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و لەلایەکی ترەوە دەرگای سنوورەکانیش کراوەیە بۆ هێزە داگیرکەرەکان کە بە درۆن لە شارباژێر و پێنجوێن و گەرمیان و دەڤەری راپەڕین، خەڵک تیرۆر بکەن، ئەوە دەفەری بادینان بە تەواوەتی بۆتە شوێنی تەراتێن.
نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانیی بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، کە ئەو کێشانە لە کابینەی نۆیەمدا زەقتر بۆتەوە.
وتەیەک هەیە دەڵێ “ تا دۆخی ناوخۆییت بەهێزتربێت، دوو هێندە دەتوانی خۆت بپارێزی لەبەردەم هەڕەشە دەرەکییەکاندا”.
لێرەوە چەند پرسیار و سەرنجی هەستپێکراو هەیە کە لەماوەی رابردوودا دەبوایە ئەم کابینەیە بیکردایە.
لەوانە: کابینەی نۆیەم نەیتوانیوە چاکسازی لە سیستمی حکومڕانیدا بکات و داهاتەکەی بە کەرتی نەوتیشەوە شەفاف بێت، نەیتوانیوە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکات، نەیتوانیوە دەستی دەرەکی لە ناوخۆی هەرێمەکەی بنبڕ بکات و سوپای داگیرکەر لە خاکەکەی دەربکات.
نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزێت لەو ململانێیانەی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، نەیتوانیوە هاوسەنگیی لایەنە ناوخۆییەکانی ناو کابینەکەی قەناعەت پێ پێبهێنێت بۆ دەربازبوون لە کێشە و کەموکووڕییەکانی کابینەی نۆیەم.
ئەم هۆکارانەی سەرەوە بە پەیوەندییەکی دبیپلۆماسی و سیاسەتی حەکیمانەی بە هێز و هاوسەنگ و تەندروست دەکرێت، لەگەڵ لایەنەکانی ناو حکومەت و وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهانی نەک ئەو پەیوەندییەی ئێستا کە تاکە حزبێک تەحەکومی پێوەدەکات و شکست لە دوای شکست تۆمار دەکات.