لەژێر رۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بافڵدا

09:58 - 2023-01-23
سەروەر کەمال رەسوڵ
388 خوێندراوەتەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیامێکی تەواو بەرپرسیارانەی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.
پەیامەکەی سەرۆک بافڵ هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خەمی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نییە و نایەوێت ئارامی هەبێت.
 سەرۆک بافڵ بە راشکاوانە پەیامی ئاشتی و ئاشتەوایی ئاراستەی سەرجەم هێزەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
لەپای خەمخۆری بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆزینەوەی رێگەچارەی بنەڕەتیی بۆ هەموو گرفتەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک بافڵ بە دەنگێکی بەرز و راشکاوانە دەڵێت دەرگای یەکێتی کراوەیە بە رووی هەموو ئەو هێزانەی بە راستی نییەتی ئاشتەواییان هەیە و دەیانەوێت گرفتە سیاسییەکان چارەسەر بکەن.
ئەم پەیامەی سەرۆک بافڵ هیچ بیانوویەکی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوانەی  دەنگۆی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە یەکێتی لەگەڵ ئاشتەوایی نییە.
سەرۆک بافڵ زۆر باش لەو راستییە گەیشتووە کە هێرشی میدیایی و ماندووکردنی سایکۆلۆژی خەڵک کارێکی ناڕەوایە ئەم راستیەشی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روونکردۆتەوە و بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێتی لە خەمی ئەوەدایە خەڵک ماندوو نەکرێت بە شتی ناڕاست.
ئەوەی گرنگە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان هاوشێوەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خەمی پاراستنی مانەوەی کیانی هەرێم و خەڵکەکەیدا بن و رووبکەنە ئاشتەوایی و بە نیەتێکی راستەقینە گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان.
لەسەرووی هەموویان پارتی پێویستە بەدەم ئەم پەیامەی سەرۆک بافڵ- ەوە  بێت و نییەتی راستەقینە پێشانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بدات و واز لە ئینکاری سیاسی بهێنێت و چیتر پرۆپاگەندەی بێمانا بڵاونەکاتەوە دژی یەکێتی.
سەرۆکی یەکێتی بە روونی رووی دەمی کردۆتە پارتی و هێزەکانی دیکەش کە یەکێتی ئامادەی دانوستانە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و  کێشەی هاووڵاتییان لەهەرێم.

نابێت ئامادەیی یەکێتی و دڵسۆزیی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بە چاوی ئەوە سەیرکرێت کە یەکێتی بێهێزە.
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە هیچ یەکێک لە گرفتەکان چارەسەر ناکات و کێشەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دەبێ ئەو راستیە بزانن کە کام هێزە لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانە و کێش لەگەڵ ئاڵۆزکردنیانە؟
بیرکردنەوە لەوەی یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی ئاوت کرێت، خەونێکە هەرگیز نایەتە دی.

وتارەکانی نوسەر