لە پەنجەرەی پەروەردەوە

رۆژی جیهانیی پەروەردە و فێرکردن

10:23 - 2023-01-24
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
529 خوێندراوەتەوە

پەروەردە مافێکی سروشتی مرۆڤ و سوودی گشت و بەرپرسیارێتی هەموانە، پەروەردە یاخود پێگەیاندن و فێربوون رۆڵ و بایەخی نێودەوڵەتی خۆی هەیە لە ئاڕاستەکردن و پەرەپێدانی مرۆڤ و باشترکردنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، هەربۆیە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و فێرکردن و رۆشنبیریی»unesco» هەموو ساڵێ (24 ی کانونی دووەم)ی دەستنیشانکردووە وەک رۆژی پەروەردە و فێرکردنی جیهانی، هەر ساڵە و بە دروشمێکی تایبەت ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بەو بۆنەیەوە رێکدەخرێت و تیایدا جەخت لە گەشەپێدان و پێشخستنی مرۆڤ لەڕێی پەروەردەیەکی دروست و وەستا و لەسەر پێگە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی منداڵ و ئازادی و جیانەکاری لەڕووی ئایین و رەنگ و شێواز و کەلتور و رەگەزەوە دەکاتەوە، درووشمی (Invest in people- وەبەرهێنان لە مرۆڤەکاندا بکە) دروشمی ژمارە پێنجی رێکخراوەکەیە، چونکە ئەمساڵ پێنجەمین ساڵی راگەیاندنی ئەم رۆژەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی وەک رۆژی پەروەردە و فێرکردن ناسێنراوە.

بۆچی رۆژێک بۆ پەروەردە؟ رۆژێک بۆ بابەتێک کە سەرانسەری ژیانی مرۆڤی پێوە وابەستەبێت و هەموو بەهاو گەشەپێدان و گۆڕانکارییەکانی لەسەر بەند بێت، بە رۆژێک ناتوانرێت کاری لەسەربکرێت، بەڵکو راگەیاندنی ئەم رۆژە لە ساڵێکدا بۆ چڕکردنەوەی توێژینەوە و خستنەڕووی ئەو نوێگەری و گرنگیپێدان و پەرەپێدانانەیە کە تا ئەم رۆژە لە بوارە جیاجیاکانی پەروەردە و فێرکردندا هاتوونەتە بوون و ناساندن و گشتاندنی ئەو یاسا و رێکارییە جیهانیانەیە کە وەک زەرورەتێک دەخرێنەڕوو تا هەموو دنیا وەک یەک بیزانن و کاری لەسەر بکەن، هەر وەک خستنەڕووی  ئەو ئاستەنگ و گرفت و کێشانەشە کە کۆسپن لەبەردەم گەشەپێدان لە پەروەردە و فێرکردن و ئاستەنگ دەخەنە پێش رەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی مرۆڤ لەڕووی پەروەردە و پێگەیاندن و پەرەپێدانەوە، بەداخەوە تائێستا ئەو ئامارانەی دەخرێنەڕوو بەتایبەت لە وڵاتە کەمدەرامەت و پێشنەکەوتووەکاندا جێگەی تێڕامانێکی قووڵ و وەستانێکی پەرپرسیارێتیانەیە لەبەردەم مرۆڤ و خەون و ئامانجەکانی بۆ ژیانێکی فەراهەمکراو لەڕووی پەروەردە و فێرکردنێکی دروستەوە، بنەڕەتی ئەم ئەرکەش پێش هەرشتێکی تر دەبێت لە وەبەرهێنان لە خودی مرۆڤەوە دەستپێبکرێت نەک هەر شتێکی تر، ئەمەش ئەو حەقیقەتەیە کە دروشمی ساڵی ( 2023)ی رۆژی جیهانی پەروەردەی لەسەر بنیاتنراوە.

ئێمە لەکوێی دونیای پێشکەوتنی پەروەردەییداین؟ پرسیارێکی جدی دەبێت کاری لەسەربکرێت، ئایا پەروەردە و پێگەیاندنی ئێمە لە نێوان رووخسار و حەقیقەتی ناوەرۆکدا چەند لە بنەما سەرەکیەکانی پەروەردەیەکی بنیاتنراو لەسەر گەشەی خودی مرۆڤ بنیاتنراوە، ماف و داخوازی و بابەتی و زانستیبوون لە ئەداو کاردا لەو ئاستەدایە بڵێین پێش هەرشتێک هەوڵدراوە وەبەرهێنان لەخودی مرۆڤەکاندا بکرێت؟ یان تا هەنوکە لە شێوازێکی روخساریدا کاربەڕێدەکەین و متمانە و ئیرادە و پێگەیاندنی تاکەکانمان ماویانە بگەیەنرێنە ئاستێک بە بڕوا و راپەرمونە سەر خود و گەشەپێدانی خود کاربکەن؟ مرۆڤ لە هەر گۆڕانکارییەکدا ئەگەر پێش گۆڕانگارییەکانی تر نەگۆڕێت، هەر نوێگەری و گۆڕانێکی تر ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت و هەمیشە لەبازنەیەکی داخراوی چەقبەستوودا دەسووڕێتەوە و ناگاتە ئامانج.

وتارەکانی نوسەر