کە دەڵێم «دیدی یەکێتییانە» مەبەستم دیدی رەخنەگرانەی یەکێتییە لە پێناوی دەرئەنجامێکی باش بۆ هەر بابەت و پرسێکی کوردییانە و دەستکەوتنی سوودی زۆر و ئامانجێکی گەورە، دیدی یەکێتییانە واتە نەسەپاندنی هەر بابەتێک لە دەرەوەی ویستی خۆت، واتە راستکردنەوەی هەموو ناتەواوییەک و چاککردنەوەیان لە پێناوی سوودی گەل و گشتی، بە کورتی؛ دیدی یەکێتییانە واتە تەنانەت «رەخنەگرتنی هەڤاڵانە بۆ خودی حزبەکەمان و بڵاوکردنەوەی رەخنەکانیش لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا» وەک سەرۆک مام جەلال دەیوت.
ئەم ماوەیە هەموو هەڤاڵە یەکێتییەکان بەگەرموگوڕییەوە باسی «دیداری یەکێتی» دەکەین، وەک رایەکی تایبەتم پێموایە: ئەم حزبە هێشتا زیندووترین حزبی کوردییە بۆیە هەر جارە و بەداهێنانێکی نوێووە دەچێتەوە ناو دەنگدەرانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە بارەی گرنگی دیدارەکەشەوە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە «لە دیداری یەکێتیدا، بە سیاسەتی حزبیماندا دەچینەوە»، وا بڕیاریشە مانگی پێنجی ئەمساڵ دیدارەکە ساز بدرێت و لەو وەرزی دروێنەیەدا ئێمەی یەکێتییەکانیش دروێنەی هەوڵەکانمان بکەین و حاسڵاتی حزبیمان بکەین بە خەرمان، ئەوەی دەمەوێت لەسەری بووەستم و مەبەستی ئەم نووسینەیە ئەوەیە؛ ئایا دەرفەتی هەموو هەڤاڵێک هەیە بەشداری دیدارەکە بکەت؟ تاکو ئێستا روون نییە شێوەی بەشداریی هەڤاڵان لەم دیدارەدا چۆن دەبێت؟ کێ بەشداری دەکات؟ بەشدارییەکان لەسەر چی بنەمایەک دەبێت؟
بەبڕوای ئێمە، ئەوەی پێویستە بڕیار بەدەستانی دیدارەکە ئەنجامی بدەن ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی یەکەمی یەکێتی «جگە لە هاوسەرۆک و لیژنەی دیدارەکە» کەسیتر بەشداری پێنەکرێت لەم دیدارەدا، بەپێچەوانەوە دیدارەکە تایبەت بکرێت بەئۆرگان و پلەکانی خوارەوەی ناو یەکێتی، چونکە زۆرترین سەرنج و تێبینی خەڵکی و هەڤاڵانی یەکێتی لە لایەن کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە دڵسۆزەکان، کەسوکاری ئەنفالکراوان، میدیاکاران، دەنگدەرانی یەکێتی، گوندنشینان، کەمئەندامان، خوێندکاران و ژنانی یەکێتییەوەیە. گرنگە یەکێتی بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە دیداری یەکێتی ببینێت دیداری ئەو کاسانە بکات کە زۆرترین تێبینی سوودبەخشیان بۆ باشترکردنی یەکێتی لەلایە، نەک کەسانێک کە هیچ تێبینی و سەرنجێکیان بۆ یەکێتی نییە و لە ماوەکانی رابردووشدا بە وتارێکیش بۆچوونیانمان نەبینیووە لەسەر یەکێتی و دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی یەکێتی.
نابێت لە دیداری یەکێتیدا کورسییەکان بە کەسانێک پڕبکرێتەوە کە قسەیان نەبێت بۆ یەکێتی و بە ویست بێت یان نەویست چاویان کەموکورتییەکان نەبینێت و هەست بە هیچ ئازارێکی هەڤاڵان و دۆخی سیاسی یەکێتی و پێگەی یەکێتی لە حکومڕانی کوردستان و بەغدا و پەیوەندی یەکێتی و گەل و ….هتد نەکەن. دیداری یەکێتی دەبێت دیداری کۆی ئەو هەڤاڵانە بێت کە لە ناوچە دوورە دەستەکانی کوردستانەوە و لە گوندێکی کەنارخراوی ئەم کوردستانەوە، بەبێ بەرژەوەندی لەگەڵ یەکێتین.
دیداری یەکێتی دەبێت بکرێتە وێستگەیەکی دیکە بۆ وەڵامێکی دیکەی پرسیاری (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆچی؟) ئەمەش لە رێگەی بینین و بەرکەوتنەوەی ئەو کەموکوڕیانەی لە کوردستان هەیە، ئەگەر دیداری یەکێتی هەر رۆژەی لە ناوچەیەکی کوردستان بێت و هەر جارەی لەگەڵ توێژێکی یەکێتی و کوردستان بێت، باشتر هەستی پێدەکرێت و دیدارەکە باشتر جێگەی خۆی دەگرێت و سوودی زیاتریشی دەبێت.
بە گشتی دیداری یەکێتی دەبێت بە جۆرێک بێت کە تەواوی ئۆرگانەکان و میدیا و ناوەندەکانی یەكێتی لە پێش دیدارەکە و پاش دیدارەکە جیاواز و وەک یەک نەبێت، بە مانایەکی دیکە دەبێت دیداری یەکێتی بینینی ناتەواوییەکانی یەکێتی بەتایبەت و کوردستان و میللەت بە گشتی بێت.