95
هه‌میشه شیكپۆش و پاكوخاوێن، وه‌ك ده‌ڵێن به په‌له‌پیتكه خۆی ده‌ته‌كێنێت، ده‌ڵێی تازه له پاكه‌ت هاتۆته ده‌ره‌وه. روخساری بریسكه‌ی لێوه دێت، هه‌رده‌م بۆینباخه‌كه‌ی وه‌كو ته‌وق له ملدایه. ئه‌وه‌نده به دیسپلینه نه‌بێته‌وه، فریای هه‌موو شتێك ده‌كه‌وێت، له‌وه‌ته‌ی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، یه‌ك رۆژیش مۆڵه‌تی وه‌رنه‌گرتووه، كاتێك سه‌فه‌ریش ده‌كات، رێك له كاتی خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئیشه‌كه‌ی، به كورتی وه‌كو سه‌عات ئیش ده‌كات.
هه‌رچی یاسایی و به پێی رێنمایی نه‌بێت، هه‌رگیز توخنی ناكه‌وێت. له‌لایه‌ن خزم و كه‌سوكار و هاوڕێیانییه‌وه سه‌دان جار داوای لێكراوه، فڵان دابمه‌زرێنێت، پله‌ی فڵان به‌رز بكاته‌وه، بایه‌ك بووه و به‌لای گوێیدا رۆیشتووه. هه‌میشه ده‌ڵێت كاروباری ده‌وڵه‌ت به خزم خزمێنه و بنه‌ماڵه به‌ڕێوه ناچێت، قه‌ت به‌و شێوازه نا‌توانیت كه‌سی شیاو له شوێنی شیاو دابنێیت. بۆ ژنیش تێڕوانینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پێی وایه ئه‌گه‌ر بته‌وێت یاریی له‌گه‌ڵ ژن بكه‌یت ده‌بێت هه‌زاران فرسه‌خ له ئیشه‌كه‌ت و ماڵه‌كه‌ت دووریان بخه‌یته‌وه.
له‌و كاته‌وه پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرتووه، نه‌ریتێكی تایبه‌ت به خێزانه‌كه‌ی خۆی داهێناوه و تاڕاده‌یه‌ك وه‌كو یاسای لێهاتووه، ته‌نیا ئه‌و كاتانه‌ی له سه‌فه‌ره ناتوانێت جێبه‌جێی بكات. ئه‌ویش كۆبوونه‌وه‌ی خێزانییه له رۆژانی هه‌ینیدا، دیته ژنه‌كه‌ی و كچه‌كانی باشترین كابانن و خواردنی وه‌ها دروست و ده‌كه‌ن، وه‌ستای چێشتخانه‌كان هه‌رگیز په‌ی پێنابه‌ن، خۆشی هێنده‌ی قه‌سابێك شاره‌زای به‌ده‌نی ئاژه‌ڵه و ده‌زانێت كوێی ئاژه‌ڵ چۆن لێده‌نرێت و چۆن ده‌خورێت، جگه‌له‌وه‌ش تاموچێژی ماسی و هه‌موو په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌كانیش ده‌زانێت، له‌وه‌ش بترازێت وه‌كو عه‌لافێكی دوڕناس هه‌موو برنجه باشه‌كان ده‌ناسێته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی رۆژانی هه‌ینی له ماڵه گه‌وره‌كه‌یدا جوانترین خوان بۆ خۆشترین خواردن بڕازێنرێته‌وه. سه‌راپای زاوا و بووك و كوڕ و كچه‌كانی و مناڵه‌كانیان ده‌وری خوانه رازاوه‌كه بده‌ن.
ئه‌میش له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی له لای سه‌رووی مێزه‌كه‌وه، به سه‌ر و قژێكی سپی وه‌ك به‌فره‌وه، به كراسه سپییه‌كه‌ی و پانتۆڵه ره‌شه‌كه‌ی و بۆینباخه‌كه‌ی ملییه‌وه، وه‌كو پیاوێكی دنیا دیده‌ی به ویقار، به ده‌م ته‌قه‌ی كه‌وچك و خوڕه‌ی ماستاوی خه‌ست و خۆڵ و هه‌ڵپچڕینی ساردی بێشه‌كر و تریقه‌ی پێكه‌نینی كوڕه‌زا و كچه‌زاكانییه‌وه، نه‌رم نه‌رم قسه ده‌كات، هه‌میشه قسه و باسه‌كانی ئامۆژگاری و په‌ندئامێزن، باسی ده‌ستپاكی و ئاكاری به‌رز ده‌كات، بێڕه‌حمانه‌ش بۆردومانی دز و گه‌نده‌ڵان ده‌كات. دوای زیاتر له سه‌عاتێك بێده‌نگ ده‌چێته ژووره‌كه‌ی خۆی له نهۆمی دووه‌م و سه‌رخه‌وێك ده‌شكێنێت.
ئه‌مڕۆ دوای قسه نه‌سته‌قه‌كانی، له‌پڕ هێزێك ده‌وری ماڵه‌كه‌ی ده‌گرن، هه‌ر له‌سه‌ر مێزه‌كه و له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی خۆی به به‌رچاوی هه‌موویانه‌وه كه‌له‌پچه‌ی ده‌كه‌ن.
له كۆڵان به‌بەر‌چاوی هه‌موانه‌وه، ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌كێشێت به‌پشته‌ملیدا ده‌ڵێت: «سەرکەوە هه‌ی دزی دانا.»