96
من پیره‌مێردێكی كه‌فته‌كاری نه‌گبه‌تم، له‌م دنیایه‌دا ته‌نیا یه‌ك شتم گه‌ره‌كه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه شتێكم چنگ بكه‌وێت، یه‌ك تۆز له‌به‌رد نه‌رمتر بێت، سه‌ری بكه‌مه سه‌ر و لێی بخه‌وم، بۆ هه‌تا هه‌تایه خه‌به‌رم نه‌بێته‌وه. ئاخر من ته‌نیا چنگێكم ماوه‌ته‌وه، چیم داوه له به‌زمی كوڕ و كاڵ! به‌ڵام ده‌ستبه‌ردارم نابن نایه‌ڵن بسره‌وم! سی ساڵ زیاتره نه‌متوانیوه پشتم راست بكه‌مه‌وه، ئاخ بینایی چاوان خۆت فریامكه‌وه، ئه‌مانه وازم لێناهێنن، ناشیه‌ڵن بخه‌وم، ئاخر كه‌س هه‌یه هێنده‌ی من خه‌رجی سووك بێت؟ خزمینه من هیچم ناوێت، ته‌نیا لێم گه‌ڕێن بخه‌وم، ئاخر له‌م داواكارییه سووك و ئاسانتر هه‌یه؟
كه‌چی یه‌خه‌م به‌رناده‌ن، سی ساڵه به زۆری زۆردار ده‌مبه‌ن بۆ ده‌نگدان، هه‌رچی هاوار ده‌كه‌م، ده‌پاڕێمه‌وه، كه‌چی هه‌زار هاوارم به پوولێك، ئاخر تۆزێك ویژدانتان هه‌بێت، هێنده‌ی نووكه‌ده‌رزییه‌ك رێزی ته‌مه‌نه‌كه‌م بگرن! به‌ناخێری گیانم ئێستا عومری شیرینم سه‌د و بیست و یه‌ك ساڵی خشته، ئه‌وه‌ش نه‌بێت خۆ كفر نییه، بڵێم باوه‌ڕم به ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن نییه. بۆچی من ده‌نگ بده‌م و ئه‌وانه‌ی دوای ده‌رچوون وه‌ڵامی كه‌س ناده‌نه‌وه و وه‌كو گای دابه‌سته خۆیان ده‌لێسنه‌وه، پێی ده‌وڵه‌مه‌ند و بن و بته‌قن؟ خه‌ڵكی هه‌ژار و داماویش بۆ ده‌به‌یه‌ك نه‌وت زیته‌ی چاویان بێت!
ئای له‌و جاره‌ی به دڵی خۆم ده‌چم بۆ ده‌نگدان! چه‌ند رۆژێكی خۆشه، ته‌مه‌نم نه‌وه‌د ساڵه، كه‌چی وه‌كو ئه‌و رۆژه‌ی به لاوی بۆ یه‌كه‌مجار، ده‌چمه ژوانی یار، دڵم خۆشه و چوست و چالاكم، دیته بۆ یه‌كه‌مجاره ئه‌و ئاواته‌م دێته‌دی و ده‌نگ بۆ نوێنەری نەتەوەکەی خۆم ده‌ده‌م، هه‌ر به‌یانی زوو ده‌چمه سه‌ر سندوق. ئه‌مما ئێستا به زۆر ده‌مبه‌ن، په‌لكێشم ده‌كه‌ن و وه‌كو فه‌رده ئاردێك ده‌مخه‌نه سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ك. جاریوایه خه‌ریكه له تینوان ده‌خنكێم كه‌چی قومێ ئاویشم ناده‌نێ، ده‌ی خوای من بتانگرێ، ئه‌رێ ئێوه به‌چی تێر ده‌خۆن!
دوێنێ شه‌و خه‌ونێكی خۆش ده‌بینم، یه‌كێك له نه‌وه‌كانم دێته لام ده‌ڵێت: «به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ، ئیتر نایه‌ڵم به زۆر بتبه‌ن بۆ ده‌نگدان!» له چاوانیدا دنیایه‌ك ئومێد ده‌خوێنمه‌وه، باوه‌ڕم به به‌ڵینه‌كه‌ی هه‌یه، چونكه شێوازی قسه‌كردنه‌كه‌ی ئومێد به‌خشه، ئیتر بۆ خۆم به ئاسووده‌یی ئارام ده‌گرم، چیتر راناچڵه‌كێم. له خه‌ونه‌كه‌مدا هاوار ده‌كه‌م:
«ئاخر ویژدان مردووه‌كان، ئێوه زیندووی به‌شی مردووخۆرن! هه‌تاكه‌ی به تۆپزی ده‌مبه‌ن بۆ ده‌نگدان؟ بۆچی نایه‌ڵن له گۆڕه‌كه‌مدا بسره‌وم، من سی ساڵه مردووم ...»