چەکی دوای جەنگەکان چییان لێدێت؟

09:05 - 2023-02-09
وتار
228 خوێندراوەتەوە

ماکوان رەشید

دۆخی هەر خێزانێک، تیرەیەک، حزبێک، وڵاتێک بکەوێتە شەڕ و پێکدادانەوە، هەرچی جومگە باشەکانی ژیانە تێیدا دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.
جەنگەکان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، زیانی گیانی و مادی لێکەوتۆتەوە و دەیان ساڵ کۆمەڵگەکانی بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە.
بە هۆکاری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای سەربازی، کاریگەریی چەکەکان زیاتر دەبێت و ژمارەی زیاتری مرۆڤەکان دەکوژرێت و پانتایی زیاتریش وێراندەکات، ئەمە جگە لەو چەکە کیمیاییانەی بۆ دەیان ساڵ کاریگەریی خراپی لەسەر بەرکەوتووەکە دەمێنێتەوە و پێوەی دەتلێتەوە.

ناکۆکییەکان چەک دێننە ئاراوە
لە عیراقدا بەهۆی ناکۆکی نێوان کورد و حکومەتەکانی عیراق، ئارامی و سەقامگیریی نەبوو، ئەم کێشەیە عیراقی بە گشتی بۆ دواوە دەگەڕاندەوە لەبری پێشکەوتن.
بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی عیراق و بەهۆی ئەو ململانێیانەوە، دەکرێت بڵێین سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانیی شەڕەکان.
دەستپێکردنی جەنگیش لە دژی ئێران، زیانی گەورەی لێکەوتەوە و تا ئێستاش ئاسەواری هەرماوە و لەدوای ئاگربەستیشەوە عیراق هەر بە جەنگدا تێپەڕیوە تا بووە هۆکاری لەناوچوونی حکومڕانییەکەی.

بە قاچاخ دزەیان پێدەکرێت
لە کاتی جەنگەکەدا چەکێکی زۆر دەکەوێتە دەستی لایەنە شەڕکەرەکان، چونکە دوو لایەنەکە دۆست و هاوکاریی دیکەیان بۆ دروستدەبێت و هاوکارییان دەکەن، ئیتر وەک چێشتی مجەور، چەندین جۆر چەک دەکەوێتە دەستی شەڕکەرەکان.
هەر لەکاتی جەنگەکەوە تا تەواو بوونیشی، زۆرێک لەم چەکانە بە قاچاخ دەبرێن و دەفرۆشرێن، وەک ئەو چەکانەی گەیشتبوونە عەمبارێکی سەربازی لە کیێف، پێش دابەشکردنی بەسەر یەکە سەربازییەکاندا دیارنەمان و چەند ئەفسەری پلە باڵای پێوە تاوانبارکراو سزادران.
زۆرێک لەو چەکانەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی وەک هاوکاریی داویانەتە پێشمەرگە، لە بازاڕەکانی هەرێمدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، ئەمەش نموونەیەکی تری زیندووە کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە ئەو چەکانە رژانە وڵاتەوە و بڵاوبوونەوە.

دابەشکردنی چەک بەسەر  کۆمەڵگەی سویسریدا
جەنگەکان، شەڕەکان دەبنە هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی چەکە بچووک و سووکەکان و تارادەیەکێش نیوە قورسەکان لەناو خەڵکدا.
ئەو چەکانەی لە وڵاتی ئێمە لەدەستی خەڵکدا هەیە و زۆربەی تاکەکان هەیانە و لە ماڵەکانیاندا شاردراونەوە و بە مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەوە، دابەشبکرێت بەسەر کۆمەڵگەی سویسرییشدا زۆر نابات لە ئەفغانستان خراپتری لێدێت.
مرۆڤەکان یان حزبەکانی ناو وڵاتێک کە بێ چەک بن، ئەگەر کێشەش بکەوێتە نێوانیان، خوێن لە نێوانیان ناڕژێت، هەر لە راستیدا بیر لە توندوتیژیی ناکەنەوە، چونکە کەسەکان پشت بە چەکەکان پەنا بۆ سەرکوتکردن و زەبروزەنگ دەبەن و بەرامبەرەکەشیان هەر ئەمە دەکات بۆیە شەڕ و جەنگەکان دروست دەبن.

ئێنتەرپۆل هۆشداریی دەدات
جیهان لە دۆخێکی ئاگریندایە، کێشە و ململانێکان زۆر بوون و مەترسیی راستەقینە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە بە گشتی( تەنانەت ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەشێک لە جەنگی بایۆلۆژی دەناسرێت لە رێگەی تاوانبارکردنی یەکتری نێوان ئەمریکا و چینەوە).
هەرچەندیش ناکۆکییەکان قووڵتر ببنەوە چەکەکانیش زیاتر بڵاودەبنەوە، سەرۆکی ئێنتەرپۆل یورگن ستۆک دەڵێت: لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بازاڕی ئەوروپی لێوان لێو دەبێت لە چەکی سووک و قورس، ئێمە ئەمە لە رێگەی ئەزموونەکانی پێشووترەوە دەزانین کە لە گۆڕەپانی ململانێ جیهانییەکانەوە روویانداوە.
دەشڵێت بە هۆی ئەو هەموو چەکەوە کە خۆرئاوا دەیدات بە ئۆکرانیا، نەک هەر بە وڵاتانی ئەوروپادا، بەڵکو بە کیشوەری ئاسیاشدا بڵاودەبێتەوە و دەکەوێتە دەستی مافیا و تاوانکاران.
سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان 20 ساڵ مایەوە، لەم ماوەیەدا دەیان هەزار کەسی چەکدار کردووە، ئێستاش زۆرێک لەو چەکانە بەدەست تالیبان و گروپە چەکدارەکانی دیکەوەن و دەتوانن بە هۆیەوە درێژە بە هەر شەڕێک بدەن کە تووشی دەبن.
ئەوەی لە لیبیاش روودەدات بەهۆی نەمانی دەسەڵاتی رژێمی قەزافییەوە بوو، هەرچی توانا سەربازییەکان بوو کەوتە دەستی ئەو چەند گروپەی لەگەڵ قەزافیدا لە ململانێ و شەڕدا بوون.
شەڕە خوێناوییەکانی ناو خودی کۆمەڵگەی یەمەنیش، پێدەچێت خوێنڕشتن و تۆڵەکردنەوە، درێژە پێبدات بۆ چەند دەیەیەکی تر، بەهۆکاری ئەو هەموو چەکە کە بۆ بەتینکردنی ئاگری شەڕ دەخزێندرێتە ئەو وڵاتەوە.
هەریەک لە سوریا و لوبنان و فەلەستینیش بەدوور نین لەم دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەکە.
ئەوەی رێکخراوی لاوانی سۆماڵ دەیکەن، لە چەتەگەریی دەریایی، بەهۆکاری دزەکردنی چەکەکانی دوای جەنگەکانە بۆ بازاڕی رەش و قاچاخ. 

دەیان جۆری مووشەک دەفرۆشرێن و دەکەونە دەستی تاوانکارن

شەڕە ئاڕبیجی لە گۆڕەپانی سەوز

دوا رووداوی گۆڕەپانی سەوز لە بەغدا کە لە ناو خۆپیشاندەرانەوە چەکی سووک و نیوە قورس بەکاردەهات و ئەو هەموو گروپە چەکدارەی کە جگە لە حەشدی شەعبی، دەیانی نارەسمی هەن و بە چەک وەڵامی یەکتر دەدەنەوە لە کێشەکاندا، پێمان دەڵێت کە زۆری ماوە کۆمەڵگەی عیراقی وەک کۆمەڵگەیەکی شارستانی بناسرێت، چەکەکان وای دوور خستۆتەوە لە بنەڕەتدا گۆڕیویەتی و شێواندویەتی.

رێگریکردن لە گروپی چەکداریی
بەداخەوە تازە بە تازە، دەبیستین کە هەندێک بیر لە خۆ پڕچەککردن دەکەنەوە، دروستکردنی هەر دەستەیەکی چەکدار، بۆ بەگژداکردنی لایەنێکی تر تاوانی گەورەیە و زیان بە وڵات و کۆمەڵگە دەگەیەنێت و بۆ مێژوو ئەوانەی ئەوکارە دەکەن  تاوانبار دەکرێن و دەبێت سزای وەک سەدامیان بۆ دەربچێت.
چەکداری بە کرێگرتە، چاو دادەخات و تەقە دەکات، واتا چۆنی پێبڵێن ئاوا تفەنگەکەی ئاراستە دەکات، هەرکەسیش دروستیان بکات دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە رۆژێک بەرژەوەندییەکانی وایلێدەکات ئاراستەی ئەو تفەنگەی ئەو داویەتە دەستی رووی خۆی پێ بپێکێت.
پێویستە هەرچی زیاتر رێگە لە دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک و دروستکردنی دەستەی چەکدار بگیرێت، ئەگەر بمانەوێت منداڵەکانمان دوارۆژێکی باشیان هەبێت، دەبێت چەک لە کۆمەڵگەکەدا نەهێڵین و تەنها لای لایەنە ئەمنییەکان بێت، بۆ پاراستنی گیانی تاکەکانی کۆمەڵگە.
با سندوقی دەنگدان و بیروڕای ئازاد و میدیاکان بکەینە شوێنی ئاراستەکردنی رەخنە و ئاشکراکردنی هەڵەکان و هەموان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بین، دوور لە چەک و هەڕەشە و تۆقاندن، ئەوەی چەک دەڕژێنێتە بازاڕمانەوە دۆستمان نییە و هاوشێوەی ئەوەیە کە چەکەکانیان ئاراستەمان دەکەن، یەکیان دوژمنی راستەوخۆیە و ئەوی تر دۆستێکی خراپە. دەکرێت لە بری چەک هاوکارییمان بکەن لە ئاوەدانکردنەوە.

وتارەکانی نوسەر