لەناو رووداوەکاندا

كەمپین و كوردایەتی

10:12 - 2023-02-13
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
374 خوێندراوەتەوە

هەرگیز لەگەڵ گیانێكی ناسیۆنالیستی توندڕەودا نیم ناوی ناسیۆنالیستی كوردی بێت، وەك چۆن رقم لە ناسیۆنالیستێكی ماكیاژكراوی هەڵخەڵەتێنەرانەشە، بەڵام بریا تاكی كورد بەردەوام خاوەن ئەو گیانە باڵایەی خۆشویستنی نەتەوەكەی خۆی بوایە كە لە كاتی كەمپینی هاوكارییەكانی باكوور و خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی كوردستاندا بینیمان. 
ئەمەش لەپێناوی یەكێتییەكی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بۆ كورد.
 زۆربەی جارەکان كە ئێمە كەمپینمان بۆ برا و خوشكەكانمان كردبێت لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا، بەبۆنەی ئازارێكی قووڵەوە بووە و خوێن لە برینمان چۆڕاوە، بەڵام هاوكات ئەم كەمپینانە، قووڵایی رۆحی كوردایەتی و نەتەوەییمانی پیشانداوە، كە سەرەڕای هەر دووری و دابەشبوونێكی دەستكرد، هێشتا تاكی كورد هەڵگری رۆحێكی گەرمی كوردایەتییە و هاوئازارە لەگەڵ برا كوردەكەی لە هەر كوێیەكی كوردستان بووبێت.
رەنگە بۆ دەستەیەك و چینێكی كۆمەڵگەی كوردی ئەم كەمپینانە هەروا چەند وێنەیەكی نمایشكارانەی سادە بێت و هیچی تر، بەڵام لە راستیدا لەم كەمپینانەدا چەندان هێزی ناوەكی تاكی كورد بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێبكات دێتە دەرەوە و خۆیان پیشان دەدەن، لەوانە هێزی «زمان، فەرهەنگ، كوردایەتی، هاوخوێنی و هاوئازاری و ...هتد»، لەم كەمپینانەدا هێزی زمان و كوردایەتی هەموو تاكێكی كورد دێنە پێشەوە و دەدوێن، لەم دۆخەدا بەرزترین ئاستی گۆكردنی زمان بۆ تەعبیركردن لە ئازارەكانی كورد و باڵایی رۆحی نەتەوەیی و دەستەجەمعی خەمەكانی كورد دەبینین.
راستە كەمپینەكان دەرئەنجامی ئەوە بووە تاكی كورد لە دۆخێكی كارەساتبار و پڕ ئازاردایە، بەڵام هاوكات مانای گرێدانەوەی ئەو هێڵە كوردایەتییەش بووە كە بە هەر هۆیەك بووبێت پچڕاوە و پارچە پارچە كراوە، بە مانایەكی دیكە ئەم كەمپینانە نزیكبوونەوەی چركەساتی رۆحی كوردانەی هەموو تاكێكی كورد بووە و مانای تێكشكاندن و لابردنی هەموو ئەو بەربەستانە بووە كە مێژوو بۆ كوردی دروست كردووە. 
ئەم كەمپینانە ئەگەر دەرخەری دۆخێكی نەرێنی و خراپی كورد بووبێت لە هەر بەشێكی كوردستاندا، ئەوا هەڵگری ئەو مانا ئەرێنییەشە كە كورد لە چركەساتە ناخۆش و ئازاراوییەكاندا بەدەم خەم و ئازاری یەكترەوەن. 
ئەمڕۆ باشوور هاوكاری برا و خوشكەكانی باكوور و خۆرئاوا و خۆرهەڵات دەكات، دوێنێ باكوور و خۆرئاوا لە شەڕی داعشدا هاوكاری ئێمەیان كرد و چەندان وێنەی دووبارەی تر.
بریا هەموو كەمپینەكانمان بۆ هەتوانی چركەساتێكی پڕ ئازار نەبوایە لەم جەستە شەكەتەی نەتەوەكەماندا، بەڵكو بۆ یەكجاریش كەمپینێكمان هەبوایە وەك چۆن كەمپینەكانی دیكە ئازارەكانمان دەكاتە یەك ئازار و یەك خەمی هاوبەش، ئاوهاش ئەو كەمپینە هەموو كوردی لەیەك چركەساتی پڕ لەخۆشیی نەتەوەیی و نیشتمانیدا كۆبكردایەتە و هەموو سنوورە دەستكردەكانی لەبەردەم یەكبوونی كورددا تێكبشكاندایە.
 چەندان كەمپینمان كرد بۆ ئەو خەمە گەورەیەی كە سروشت بەسەر برا و خوشكەكانمانیدا هێنا لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا، بەڵام هەرگیز كەمپینێكمان نەكردووە بۆ هاوبەشیمان لەئاست ئەو كوشتارە زۆرەدا کە دوژمنەکانی كورد بەسەر برا و خوشكە كوردەكانمانیان هێناوە لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا، بۆیە پێویستمان بەو كەمپینەشە.


وتارەکانی نوسەر