رێبین محەمەد
لە 17ی شوباتدا دەرکەوت بەشێکی زۆری ئەوانەی رەخنەیان لە یەکێتی و پارتی دەگرت، بۆ ئەوەبوو مووچە و بودجەکەی ئەوان بێتە دەستی خۆیان. بەشێکی تریان دوای بەهاری عەرەبی کەوتبوون، ئەنجامەکەی لیبیا و سوریا و یەمەن، 12 ساڵە شەڕ بەردەوامە تێیدا.
میسر و تونس، ماوەیەکی کەم ئیسلامییەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست و پاشان لە دەسەڵات دوورخرانەوە. ئەمانەی سەرەوە بۆ کەمینەی سیاسی بوو. زۆرینەی خەڵکیش ئەو کات ئەیانوت بڕوخێت و لەسەر شەقام بوون، دوای هیچ کەوتبوون بۆ ئەوەی بگەن بە خەونی ئەمریکی و ئەوروپی.
بە ویژدانەوە بڕیار بدەن، کابینەی بەرهەم ساڵح بودجەی ناردە پەرلەمان و هەموومان ئەمانزانی کۆڵانەکەی ئێمە چەندی بۆ تەرخانکراوە و چی بۆ ئەکرێت، یان کابینەی مەسرور بارزانی، کە کەس نازانێت داهات و خەرجی چەندە؟
تەماشا بکەن، هەرێمی کوردستان پاش دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی ساختە چەند گەڕایەوە دواوە؟
ئەگەر لەو کاتەوە، بیانهێشتایە وەبەرهێنان لە بواری مەدەنیەتدا، فراوانکردنی بیری دامەزراوەیی و یاسا سەروەری لە ناو خەڵکدا بکرایە ئێستا لە کوێ دەبووین؟
ئەمەوێ بڵێم سوپاس بۆ دەربەندیخان، ئەمساڵ نیشانیانداین، خۆپیشاندانی مەدەنی چۆنە؟ مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و حزب ئاساییە بۆ ئەوەی ئامانجەکان بەدیبهێنین.
دەستی مزایەدەکاران، جنێوفرۆشان و توندڕەوەکانیان بڕی، نەیانهێشت کۆنترۆڵی عەقڵی گشتی بکەن بۆ ئامانجەکانیان. (هەرچەندە هەوڵ هەیە و هەبوو، بەڵام، نەیانتوانی بیکەن).