هەرێم و وڵاتانی خۆرهەڵات ئامادەکارییان کردووە؟

10:30 - 2023-02-19
جەمال ئارێز
258 خوێندراوەتەوە

ئۆباڵ بە ئەستۆی ئاژانسێکی فەرەنسی کە راپۆرتێکی دوورودرێژی سەبارەت بە دۆخی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایی بەگشتی و سوید بە تایبەتی بڵاوکردۆتەوە و لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بە دۆخی سەربازیی و سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتانە کردووە کە لە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی جەنگی روسیا - ئۆکرانیادا بەشێک لەو وڵاتانە لەهەموو روویەکەوە لە پاشەکشەدان جگە لە کەرتی پیشەسازیی چەک و جەنگیدا و ئابووریی هەموویان لە پاشەکشەدایە بەهۆی تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ بواری جەنگ و بەرگریی.

سوید بە نموونە
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە بێت لە وڵاتێکی وەکو سویددا کە تەنانەت لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا بەهۆی راگەیاندنی بێلایەنی خۆی لەو جەنگە خوێناوییە دیاردەی چەک و چەکداریی چۆتە خانەی لەبیرچوونەوەوە، بەڵام ئێستا بە چەند هۆکارێک بەهۆی جەنگی روسیا -  ئۆکرانیاوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نەک هەر مەترسیی تێکچوونی دۆخی ئارامیی لەسەرە، بەڵکو لە ئایندەیەکی نزیکدا ناچاری بانگکردنی سەربازی یەدەک دەبێت.

پیشەسازیی و بازاڕی چەک
لەم دۆخەدا سوید لەگەڵ ئەوەی لەڕووی ئیداریی و سیاسییەوە خاوەنی حکومەتێکی ئیئتیلافیی لەرزۆکە بەشێوەیەک کە هێزی ئۆپۆزسیۆنەکەی لە هێزە حوکمڕانەکەی نزیکە لەڕووی ژمارەی کورسیی پەرلەمانەوە، لەڕووی گەلیشەوە، گەلێکی فرە پێکهاتەی خۆشگوزەرانە تا ئەم چرکە ساتە و بەشێکی زۆری ئەو گەلە فرە پێکهاتەیەشی بریتین لە ئاوارە و پەنابەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم کە بەهۆی ناعەدالەتی و ستەم و جیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و جەنگ و کوشتاری نەبڕاوەی وڵاتەکانی خۆیانەوە، سوید-یان وەک پەناگەیەکی ئارام هەڵبژاردووە کە بە گوێرەی سیستم و دەستوورەکەی توانای لەخۆگرتن و هەڵمژینی هەموو جیاوازییەکانی هەیە.

لە یۆرۆوە بۆ ناتۆ
یەکێک لەو خەسڵەت و خاڵە جیاکەرەوانەی سوید و هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوا و باکووری ئەوروپای پێ دەناسرایەوە، خۆ بەدوورگرتن بوو لە جەمسەربەندیی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان زلهێزەکان، تەنانەت وڵاتێکی وەکو سوید لە ئەندامێتی یەکێتیی ئەوروپاش سڵی نەدەکردەوە، بەڵام سڵی لە چوونە ناو دراوی یەکگرتووی ئەوروپا (یۆرۆ) و بوونە ئەندام لە هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ کردۆتەوە، بۆ حساب نەکردنی لەسەر بەرەیەک دژی ئەوی دی، خۆی لێ بواردووە.
شانشینی سوید لەسەردەمی دوو جەمسەریی جیهاندا پێگەی جوگرافیی خۆی بەباشی دەزانی، بۆیە نەیدەویست ببێتە بەشێک لە ململانێکانی ناتۆ و سەنتۆ تا بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، بەڵام جەنگی روسیا -ئۆکرانیا و پشتیوانیی زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئۆکرانیا، دژی هێرشی روسەکان بۆسەر ئەو وڵاتە، پێگەیەی سوید و فینلەنداشی خستە مەترسییەوە، چونکە سوید نەیدەتوانی بەگوێرەی پێدراوەکانی سەرەتای جەنگەکە کە هێزەکانی مۆسکۆ لە کیێف-ی پایتەختی ئۆکرانیا نزیکبوونەوە، دەستەوسان دابنیشێت و وەک وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی بەشێک لەو ئاوارە و پەنابەرە ئۆکرانیانەدا نەکاتەوە کە بەپەلەپڕوزێ وڵاتەکەی خۆیان بەجێ دەهێشت.
 ئەم کردنەوەی دەروازەیەش، دەروازەی هەڕەشە و چاو سوورکردنەوەی مۆسکۆی لە هەموو ئەو وڵاتانە کردەوە کە بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان هاوسۆزیی و لایەنگیریی خۆیان بۆ ئۆکرانیا نیشاندا.

پیشاندانی گورگی ژێر دەریا
لە سەروبەندی پێشکەش کردنی داواکاریی بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەلایەن هەریەک لە سوید و فینلەنداوە، روسەکان وەک هەڕەشەیەکی بێدەنگ زەبەلاحترین غەواسەی خۆیان لە نزیک دەریاکانی بەڵتیک بۆ چەند چرکەیەک پیشانی ئەو دوو وڵاتە دا، تا وەک پەیامێک وەریبگرن، بەڵام ئەوە نەک ئەو دوو وڵاتەی پەشیمان نەکردەوە لە نیازەکەیان، بەڵکو نیازەکەیان کردە نووسراو و بە رەسمی پێشکەش بە ناتۆیان کرد، چونکە پێیانوابوو ئەوە هۆشداریی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی بێ ئەملاوئەولای مۆسکۆیە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەسەر سنوورەکانی روسیان جا لە هەر ئاراستەیەکەوە بێت.

بەرتەسکیی کات لەبەردەم مەرجەکانی تورکیادا  
ئەوەی ئێستا سویدی تا رادەیەک تووشی شڵەژان کردووە، لەلایەک هەڕەشەکانی روسیایە و لەلایەکی دیکەشەوە مەرجەکانی تورکیایە بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکەی سوید بەتایبەتی، چونکە سوید پێیوایە مەرجەکانی تورکیا بۆ قبوڵکردنی وڵاتەکەی مەرجی ئەستەمن و هەموویان پێ جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە خودی تورکیا لە جەنگی روسیا – ئۆکرانیادا هەم (حکم) و هەم (خصم)یشە، لەلایەک ریشسپێتی لە مەسەلەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەکات لای روسەکان و لەلایەکی دیکەشەوە موشەکی (S400) لە روسیا دەکڕێت کە پێچەوانەی مەرجەکانی ئەندامێتی ناتۆیە و هەم درۆنی (بەیرەقدار)یش بە ئۆکرانیا دەفرۆشێت، ئەوە سەرباری ئەوەی وەک زۆربەی وڵاتانی خۆرئاواییش نە دان بەو راپرسییەدا دەنێت کە روسیا لە هەرێمەکانی ئۆکرانیا کردی بۆ لکاندنی بە خاکەکەیەوە و نە دانیش بە خاوەندارێتی دوورگەی کریمیادا دەنێت بۆ روسیا، بەڵام سویدی گیرۆدەی مەرجەکانی خۆی کردووە.

هەرێم و خۆرهەڵات لەم هاوکێشەیەدا
گریمان سوید وەک وڵاتێکی ئەوروپایی بەناچاریی بووە بەشێک لە جەنگی روسیا – ئۆکرانیا، لەو کاتەدا ئەگەر زۆرە ئەگەر بە ئەندامی ناتۆش وەرنەگیرێت، ببێتە بەشێک لەو جەنگە، چونکە بە گوێرەی راپۆرتەکە، سویدیش وەک زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ناچاربووە لەڕووی مرۆیی و سیاسی و سەربازییەوە هاوکاریی ئۆکرانیا بکات، جگە لەوەش بودجەیەکی زۆری بۆ کایەی بەرگریی و جەنگی تەرخان کردووە، لەسەروو هەموو ئەوەشەوە داوای سەربازی یەدەک دەکات. ئەوەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان هەیە، واتە بەشێکی زۆری (کورد، عەرەب، فارس، تورک، بلوچ، کۆسۆڤۆیی، ئەلبانی و...هتد)ش دەگرێتەوە، کە هەرخۆی پەنابردنیان بۆ ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەگشتی و ئەسکەندەناڤی بەتایبەتی بۆ دەربازکردنی خۆیان و خانەوادەکانیان بووە لە دۆزەخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا منداڵ و نەوەکانیان هەمان ئەزموونی ژیانی خۆیان دووبارە نەبێتەوە بەسەریاندا، ئاخۆ ئێستا ئامادەن ببنە سەرباز لە جەنگێکدا کە ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکیان تێیدا نییە؟
سەرەڕای هەموو ئەوانەش قسەوباس زۆرە لەسەر گرانبوونی پێداویستییە ئاساییەکانی ژیان وەک خۆراک و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی و کارەبا و غاز و وەڵام نەدانەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ زیادکردنی کرێی کارکردن، بەهۆی کاریگەریی جەنگەوە و کەمکردنەوەی بودجەی هەموو بوارەکان لەخزمەتی بواری چەک و بەرگریدا. 
ئاخۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چ شێوەیەک ئامادەکاریی دەکەن بۆ لە خۆگرتنەوەی ئەو رەوەندەی سەربە گەلەکانیان کە تیایاندایە نزیکەی چوار بۆ پێنج دەیەیە بە خێزانی لەوێ ژیاون؟
ئایا چارەنووسی ئەوانە چی دەبێت کە ساڵانێکە لەلایەن سیستمی حوکمڕانیی وڵاتەکانیانەوە راوەدوونراون یان مەترسیی لەسەر ژیانیانە لەڕووی سیاسییەوە؟

وتارەکانی نوسەر