کاردانەوەکان لەسەر راپرسییەکەی (الصباح) و سوپاسنامەکەی ئەنقەرە

10:22 - 2023-02-21
جەمال ئارێز
244 خوێندراوەتەوە

شێوازی سەنتەرەکانی راپرسی چ لە عیراق و چ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایە کە بە دەگمەن سەنتەری سەربەخۆ و بێلایەنیان تێدایە و شێوازی پرسیارە نا رۆشن و پڕ کەلێن و گرێ و گۆڵەکانیشیان شارەزاین بەو پێیەی ئەگەر بیانەوێت ئامانجەکەی خۆیان بپێکن، بە چ شێوازێک پرسیارەکان دەخەنەڕوو و لە کوێوە ترپەی دڵی بەشدارانی راپرسییەکە دەگرن. 
ئەگەری دۆخی مووچە و سووتەمەنی
کاردانەوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەتایبەتی و میدیا و سۆشیالمیدیای کوردی بەگشتی هەڵچوونێکی زۆری پێوە دیاربوو لەبەرامبەر ئەو راپرسییەدا کە لە رۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە رەسمیی عیراقدا بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو راپرسییە دەشێت چەند کەسێک لە پشتییەوە بن یان خواستی چەند کەسێکی لەسەر بووبێت و پرسیارەکان بە جۆرێک لە چەند کەسێک کرابن کە لە ژێر کاریگەریی دۆخی ئێستای هەرێمدا وەڵامێکی رووکەشیان دابێتەوە لە ژێر کاریگەریی دۆخی مووچە، نرخی نەوت و پاشکۆکانی سووتەمەنی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق، دۆخی سیاسیی و هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەو دوو ناوچەیە و...هتد. 
راپرسییەکە چەند کەس بوون؟
بەهەرحاڵ راپرسییەکی لەو جۆرە کە دڵنیام زۆرێک لەوانەی پۆستیان لەسەر نووسیووە نەیانخوێندۆتەوە، ئەگەر رای 2000 کەسیشی وەک سمپڵ وەرگرتبێت لە هەموو چین و توێژەکان  و %50 بەرەوژووری بەشدارانی راپرسییەکە رایان وابووبێت کە دەیانەوێت بخرێنەوە سەر عیراق بە بەراوردی ئەو دۆخەی مووچە و سووتەمەنی تێدایە، دەبێت بە حاڵەتێکی ئاسایی وەربگیرێت، چونکە ئەوەی لەوێ کراوە راپرسییەکی نهێنیی رۆژنامەیەکە و ناچێتە بابی رەسمییاتەوە، بەڵام خۆ ئێمە لە 2003 بەدواوە، هاوشانی هەڵبژاردنەکانی 2005 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، راپرسییەکی نا رەسمیمان کرد کە لیژنەی باڵای ریفراندۆم فۆڕمی تایبەتی دروستکردبوو لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان زۆرکەس دەنگی دەدا و وەک ئەنجامەکەی ئاشکرا کرا سەروو %95 ی بەشداران دەنگیان بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان دابوو، ئەوە جگە لەو ریفراندۆمەی لە 25 ی ئەیلولی ساڵی 2017  دا بەڕێوەچوو کە بەهەمان شێوە ئەنجامە راگەیەندراوەکە %93 ی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دابوو، کە ئەنجامەکەشیمان بینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە چ کاردانەوەیەکیان هەبوو.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێمە لە میدیاکانی کوردستانەوە (رەسمی و ناڕەسمی) زۆر جار باس لەو راپرسییانە دەکەین و زەقیان دەکەینەوە کە باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی عیراق و دروستبوونی سێ دەوڵەتۆکەی (شیعە، سوننە، کورد) دەکەن.
هەر لە میدیای کوردییەوە (رەسمی و ناڕەسمی) زۆر گرنگی بەو باسوخواس و کۆڕ و کۆنفرانس و دیبەیتانە دەدەین کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مێژوویی و جوگرافییەکان باس لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عیراق دەکەن، یان چیمان لەسەر هەرێمی بەسرە و ئەگەری دروستبوونی هەرێمێکی سوننە نەنووسی؟ بەڵام لەبەرئەوەی ئەو وتار و نووسین و دیبەت و کۆنفرانسانە توانای دانانی کاریگەرییان نییە لەسەر ئاستی سیاسەتی رەسمی، یان هەر لە میدیا عیراقییەکانەوە باس ناکرێن، یان هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نابێت و لایەنە رەسمییەکانی عیراق ئەو بابەتە میدیاییانە بەهەند وەرناگرن، بۆیە ئەو کاردانەوەیەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم و هەندێک نووسەر و شرۆڤەکار مایەی تێڕامانە، ئاخۆ ئەگەر ئەو هێزەی عیراقیان هەبوایە، لەسەر ئەو راپرسییەی (الصباح) لەوە خراپتریان نەدەکرد کە عیراق بەرامبەر ریفراندۆمەکەی 2017ی هەرێم کردی؟
کووزەی عیراق و هەرێمی باکوور
خاڵێکی تر کە مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، خۆ سەغڵەتکردنە لەبەرامبەر سوپاسنامەکەی حکومەتی تورکیا بۆ ئەو وڵاتانەی کە هاوکارییان کردوون، گوایە ناوی هەرێمی کوردستانی تێدا نەهاتووە، ئەوە هەر بۆخۆی مایەی پێکەنینە، چونکە لە باشترین دۆخی ئاساییدا تورکیا وەک دەوڵەت و حکومەت، بە حکومەتی هەرێم ئێژێ (بەڕێوەبەریی کووزەی عیراق) و ناوی کورد دەهێنێت بە (کورت) و بە هیچ کلۆجێک وشەی کوردستان بەکارناهێنێت، سەرەڕای ئەوەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم لە رووی جوگرافیای سیاسییەوە وەکو بەشێک لە عیراق دەکات وەک هەموو وڵاتانی دیکەی کە بە هاوپەیمانیان دەزانین و ئێستاش ئەمریکایی و بەریتانییەکان لەسەر ئاستی رەسمی هەر بە هەرێمی کوردستان دەڵێن باکووری عیراق، یان هەرێمی کوردی لە باکووری عیراق، ئیتر ئەمەی تورکیا بۆ بەلای میدیای کوردییەوە شتێکی سەیر و عەجیبە، لەکاتێکدا رۆژانە بۆردومانی دەکات و دەیان بنکەی سەربازیی سەرەکی و لاوەکی لێ دامەزراندووە؟ 
بۆ تورکیا و سوریا یان  باکوور و رۆژئاوا؟
پاشان ئێمەش لەسەر ئاستی میدیا و حزبە کوردستانییەکان کاتێک کۆمەک و هاوکاریمان کۆکردۆتەوە و رەوانەمان کردووە، وتوومانە بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان، بەشێکی گەورەی خەمی خەڵکی باشووری کوردستان لەسەروو هەستە مرۆڤایەتییەکەوە، هەستێکی نەتەوەیی بووە بۆ هاوخوێن و هاوزمانەکانمان لەو دوو وڵاتە، بۆ ئەوەی ئەوان سەیرە و بۆ ئەوەی ئێمە سەیر نەبێت؟
خوازیاربووین دانیشتوانی هەرێم هێندە خۆشگوزەران بوونایە، کە نە چاویان لە مووچە و داهات و نەوت و سوتەمەنی بەغدا بووایە و ئەوەندەش خۆشگوزەران بوونایە، هاوکاریی و کۆمەکەکانیان بۆ هەموو قوربانیان و زیانلێکەوتوانی تورکیا و سوریا و هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان بوایە، بەڵام کە وا نییە، ناکرێت نە راپرسییەکی رۆژنامەکانی بەغدا و نە سوپاسنامەیەکی حکومەتی تورکیا هێندە سەغڵەتمان بکات، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکەش بێ بابەتیی میدیا و سایتە کوردییەکانە کە مێشێک دەکەن بە گامێشێک و خەڵکێکیشمان هەیە چەند پۆستێکی پێشتری دەخوێنیتەوە لە کوردبوونی خۆی پەشیمانە، بەڵام لە پۆستێکی دوو رۆژ دواتردا بە راپرسیی رۆژنامەیەک و بە سوپاسنامەیەکی ئەردۆغان مووی گرژ دەبێت و حیرسی کوردایەتی هەڵدەستێت. 

ئەگەر ژیانی خەڵک لەسایەی حکومەتی هەرێمدا باش بێت، کەس خۆزگە بە بەغدا ناخوازێت

وتارەکانی نوسەر