بونیادنانی ژێرخانێکی پتەو لە هەرێم

09:54 - 2023-02-22
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
419 خوێندراوەتەوە

بونیادی ژێرخانی هەموو وڵاتێک بەندە بە متمانە و ئیرادەی جەماوەر و خەڵک، بڕوانینە ئاستی پێشکەوتنی هەر وڵاتێکیش، دەبێ سەرەتا لە سیستمی سیاسییەوە دەست پێبکەین. ئایا سیستمی سیاسی تا چەند کارا و کاریگەرە لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی لەئاست وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی شەقام چۆنە و لە رووی گرنگییەوە بە پێکهاتە و چین و توێژە جیاجیانی نێو کۆمەڵگە لەچ ئاستێکدایە؟ 
ئەمانە کۆمەڵێک دەرخەری گرنگن لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان خالێکی گرنگە بۆ بەدهیهێنانی ئامانجەکان.
ئەم هەنگاوانە تەنها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نین، بەڵکو لەسەر ئاستی هەرێمیش کاریگەریی هەبووە، بەتایبەتی پرسی ئاسایش و رەهەند و لایەنە بەربڵاوەکانی ئاسایش کە وایکردووە جیهان بەگشتی ببێتە تۆڕێکی بەهێز بۆ بەگژداچوونەوە و روبەروبوونەوەی تیرۆر، چونکە زیان دەگەیەنێت بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
لەم دوایییانەدا ئەوەش سەلمێندرا کە نەخۆشییەکان و پرسی ژینگە و کارەساتەکانیش پێویستیان بەوەیە جۆرێک لە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن هەبێ بۆ روبەڕوبوونەوەیان، چونکە ئەمانە پرسێکن لایەنەکان و ئامانج و ئاراستەکانیان دیارنین.
لەوانەیە ئەمە ببێتە بابەتێکی گشتگیر و پرسێکی جیهانی، بەڵام جاری واش هەیە هەموو ئاراستە و لایەنەکانی هەڕەشەکردن لەوانەیە بۆ وڵاتێک یاخود هەرێمێک بێت، چونکە تێگەیشتنی ریالیستانە هەر ماوە کە هەمیشە حەز بە جەنگ و فراوانخوازی دەکەن لەپای ئەو تواناییەی خۆیان کۆیانکردۆتەوە، هەوڵی داگیرکاری و بڕینی سنوورەکان دەدەن.
هەرێمی کـوردستان، لەدوای ساڵی 2014 لە جەنگی داعش و قەیرانی دارایی بەدەر نەبوو، دواتریش نەخۆشی کۆڕۆنا کە مەترسییەکی جیهانی بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین لەسەر ئاستی دراوسێیەتی خەریکە سنوورەکانمان زیاتر دەبەزێندرێن و هەڕەشە دەرەکییەکانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان، کاریگەرییان زیاتر دەبێت، بۆ دەست گەیشتن بە خێر و بێری ئەم هەرێمە بەتایبەتی پرسی نەوت و غاز. 
چۆن رووبەڕووی ئەو هەموو هەڕەشانە ببینەوە کە کاریگەرییان لەسەر بەرژوەندییەکانمان هەیە؟  قەوارەی هەرێم کە بەخوێنی شەهیدانی ئەم هەرێمە گەیشتۆتە ئەم قۆناغە،و مەترسی دەخەنەسەری و زیان بە ئامانجەکانی دەگەیەنن، چونکە پێش هەر شتێک گەلی کوردستان، چاوەڕێی هاتنەدی ئامانجەکانی دەکات.
گرنگە لەم قۆناغە و لەپاش هەموو ئەو رووداوانە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی بەهێز بێت، سەرەتا لەناوخۆیدا و دواتریش بۆ پەیوەندییەکانی  دەرەوەی، بەتایبەتی بە هەنگاونان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە :
1-  دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان خەڵک و دەسەڵات .
2-  سیستمێکی سیاسی کارا کە توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵکی هەبێت .
3-  دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ژیان و فەراهەمکردنی ماف و ئازادییە کەسییەکان.
4-  رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەتی گەنج کە سەرمایەیەکی گرنگە بۆ دروستبوونی هێزی سەربازیی و دەستی کار.
5-  بەدامەزراوەیی کردنی دامودەزگاکانی حکومەت و کارئاسانی لە باج و دەرامەت بۆ هاووڵاتیان.
6- لێکتێگەیشتنی سیاسیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند.
هەموو ئەمانە سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ ئەوەی ژێرخانێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بەهێزت هەبێت. 
پشتبەستن بە ژێرخانێکی پتەو و متمانەی خەڵک، وادەکات هەڕەشەکان کاریگەرییان کەمتر بێت، چونکە بەرزیی متمانەی خەڵک بە سیستمی سیاسی هەرێم  گرنگە.

وتارەکانی نوسەر