شەن و کەو

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو کوێ؟

09:15 - 2023-02-23
مستەفا محەمەد
330 خوێندراوەتەوە

 تا ئێستا رێکەوتنێکی مەبدەئی لەبارەی رەشنوسی بودجەی «2023»ی عیراق لە نێوان هەرێم و بەغدادا نەکراوە، وەفدەکانی هەرێمیش کە بۆ ئەو پرسە سەردانی بەغدایان کردووە، نەگەیشتوون بە پێشکەوتن و لێکتێگەیشتنێکی ئەوتۆ سەبارەت بەو پرسە!
ئاسۆی پەیوەندییەکانی هەردوولاش واتە بەغداو هەرێم لە سایەی کابینەی تەوافوقی محەمەد شیاع سودانیدا ئەگەرچی بە نەخشەڕێ دیاریکراوە، بەڵام جۆرێک لەسستی تێدا بەدی دەکرێت، وەک بڵێی بە کاریگەریی رەگ و ریشەی ناکۆکییەکان بە درێژایی بیست ساڵی پێشوو  و بڕیارە یەک لەدوا یەکەکانی دادگای فیدڕاڵی عیراق لەلایەک، وە فۆڕمی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمیش لەتەک حکومەتی فیدڕاڵیدا لەلایەکی ترەوە، ئیرادەی بەرەوپێشبردن و ساغکردنەوەی ئەو پەیوەندیانە، ئەرزییەتی بەدیهێنانی بۆ ئامادەنەکراوە، هەربۆیە چارەسەرەکانیش  لەسێبەری ئەم کابینەیەدا خەفە و بێ نوزەن.
دوایین لێدوانی سودانی بۆ چارەسەری گرفتە داراییەکانی هەرێم، دەرخەری راستیەکن کە تواناکانی نابراو بۆ جێگیرکردن و هەناردەکردنی پشکی هەرێم سنووردارن، چونکە زۆر مەلەفی دارایی و ئەمنی گەورەتر هەن کە لە ئەمڕۆدا بۆ کابینەکەی ئەولەویەتن و کاری رۆژانە و سەرقاڵی زۆریان گەرەکە، لێ  تاکە بەڵێنێکیش کە لە سودانیەوە بدرێت هەوڵدانیەتی بۆ دەرچواندنی پڕۆژەیاسایەک لەبارەی نەوت و غاز و دامەزراندنی ئەنجومەنێکی فیدڕاڵی کە بەپێی مادەی «65»ی دەستوور دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەند دیاری دەکات و نوێنەرانی هەرێمیش جێ دەکاتەوە.
بێگومان پڕۆژەی نەوت و غاز یەکێکە لەو بەڵێنانەی کە سودانی لەکارنامەکەیدا سەقفی زەمەنی بۆ دیاری کردووە بەجۆرێک کە لەشەش مانگی یەکەمی کابینەکەیدا دەبوو بەهەماهەنگی هەرێم و بەغدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەرباز بکرێت، وەک راگەیەنراوە خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆ و دانوستانی وەفدە جیاجیاکانی هەرێم، بەو پێیە ناو ماڵی کورد کۆک نییە لەگەڵ لایەنی عیراقیدا یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو یاسایە بووە.
بەڵام راستیەکی تاڵ هەیە کە دەبێت دانی پێدا بنرێت؛ ئەوەیە گوشاری لایەنی کوردیی بۆ دروستکردنی دیدێکی هاوبەش لە تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، بەوپێیەی سەرنجی سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانی ناو حکومەتی هەرێمی تیدا جەمع و تەقسیم نەکراوە، جددی نییە و هەمیشە بە وێنەیەکی ناتەواوە سەرکێشی یەکلاییکردنەوە و چارەسەری مەلەفە گەورەکان دەکات، ئەمەش وادەکات کە لایەنی عیراقی ئیراده‌یه‌كی سیاسیی به‌هێز له‌و وەفدانەی رەوانەی بەغدا دەکرێن نەبینێت، هەربۆیە هیچ بەڵێنێکی ئەوتۆ بۆ رێکەوتنی مەبەدەئی لەئارادا نییە و وەفدەکانی هەرێمیش زۆربەی کات لەبەر ناتەبایی ناو ماڵی کورد و بەشدارنەبوونی یەکێتی و موقاتەعەی حکومەتی هەرێم هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر