کۆمەڵگەی جیهان لە نێوان دوو سیستمدا

09:25 - 2023-02-23
ئازاد جۆڵا
320 خوێندراوەتەوە

سەرەتای هەموو دەسەڵاتەکان بە مەرکەزی دەستی پێکردووە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی خێزان و دواتر کوێخا و ئینجا دەسەڵاتی ئاغا و دەرەبەگ و بنەماڵە و هۆز و خێڵ و دواتریش بەڕێوەبردنە سەرەتاکانی حکومڕانیی و دوای ئەوەش قۆناغی دەرەبەگایەتی و نیمچە سەرمایەداری و دواجار لووتکەی سەرمایەداری جیهان. 
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 17 ی ئۆکتۆبەر لە روسیا، گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو لە شێوازی حکومڕانی و سیستمی بەڕێوەبردنی گەلانی ناوچەکە و جیهان هاتە ئاراوە، ئەوکات جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوو، جەمسەری خۆرهەڵات بەناوی (سۆشیالیزم) و جەمسەری خۆرئاوا(سەرمایەداری)، ساڵانێکی زۆر ئەم دوو جەمسەرە لە شەڕی ساردی نێوانیان بەردەوام بوون، بەڵام بەهۆی هەڵەکردن لە پیادەکرنی سیستمی سۆشیالیستی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی مەرکەزی و دەسەڵاتی شموولی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەرەنجام بە زیانی بلۆکی بەناو سۆشیالیزم و جەمسەری خۆرهەڵات و چینی ناوەڕاست و رەنجدەران و بەجێماوی گەلانی خۆرهەڵات و جیهانیش کۆتاییهات. 
لە بەرامبەردا هێزی زاڵبوون و هەژموون و داگیرکاری و شەڕی تایبەت و چەوسانەوە و قازانج خوازی لە لایەن خۆرئاوا و سیستمی سەرمایەداری جیهان بە رابەرایەتی ئەمریکا گەیشتە لووتکە و پەلی هاویشت بۆ وڵاتانی دوورە دەست، بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆنتڕۆلی تەواوی ئابووری و سەربازی و تەکنۆلۆژیای جیهانی کرد و توانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاری بە چارەنووسی تەواوی مرۆڤایەتییەوە بکات، بەڵام ئەم سەرکەوتنەی سەرمایەداریی جیهان، چونکە بنچینەیەکی دادپەروەری و مرۆڤدۆستیی نەبوو، هەر بۆیە ئەنجامەکەی بۆ گەلان بێ گرفت نەبوو. 
سەرمایەداریی جیهان لە رێگەی هەندێک ریفۆرمی سادە و بچووک و سەرەتایی، هەوڵی ئەوەیدا بەناوی نیو لیبڕالیزم بەردەوامی بە سیاسەتی پاوانخوازی و نادادی و برسیکردن و خۆسەپێنی بدات، بەڵام دواتر هەر زوو دەرکەوت ئەم سیستمەش ناتوانێ وەڵامدەرەوی خواست و ماف و داوا رەواکانی گەلانی جیهان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بێت. 
بۆیە ئێستا دووبارە، بەڵام لە شێوە و فۆڕمێکی تردا، شۆڕشی رزگاریی مرۆڤایەتی لەپێناوی ئازادی و دادپەروەری و رزگاریی گەلان لەژێردەستەیی و بەرژەوەندیخوازی لەناو هەناوی سەرمایەداریی جیهاندا، خەریکە سەرهەڵدەداتەوە و لە خۆرهەڵاتیش سیاسەتی پاوانخوازی و شموولی و مەرکەزیەت رەتکرایەوە، هەردوو هەوڵەکە ئێستا بە ئاڕاستەی ئازادی و رێزگرتن لە مرۆڤ و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات زیاترە و هەستی پێدەکرێت.
 کەم نین ئەو گەل و وڵات و ئازادیخوازانەی لە سەرانسەری جیهانەوە دەنگی ناڕەزایی و خۆڕێکخستنیان بەرزکردۆتەوە و سنووریان بۆ پەلکێشییەکان و چەوسانەوەی زیاتری سەرمایەداری جیهان و سیاسەتی پاوانخوازی و شموولی و ناوەندێتی داناوە و دووبارە کەوتوونەتەوە خۆڕێخکستنەوە و بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەری و ژیانێکی شایستەتر بۆ مرۆڤایەتی و خۆبەڕێوەبەریی لە دەسەڵاتدا.
 ئێستا گەلانی جیهان چاک لەم راستییە تێگەیشتوون کە (سوشیالیزمی راستەقینە) کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزکار و بەرهەمهێن و دادپەروەری دەوێت، نەک کۆمەڵگەیەکی مشەخۆری بەکاربەر، لە هەمان کاتیشدا تێدەگەن کە (حکومڕانیی سەرکەوتوو) خۆبەڕێوەبەرییەکی شارستانییانەی دەوێت نەک دەسەڵاتێکی سیاسی شموولی و چەوسێنەر و خۆسەپێن.

یەک جەمسەربوونی جیهان بۆ هیچکام لە زلهێزەکان نایەتەدی

وتارەکانی نوسەر