ململانێ سیاسییەکان و دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم

10:00 - 2023-02-27
وتار
235 خوێندراوەتەوە

لوقمان مستەفا

دوایین رۆژی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان 6/11/2022 بوو، بەڵام رۆژی 09-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، پارتی، بەشێکی بزووتنەوەی گۆڕان و پێکهاتەکان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تا کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە واتە تا کۆتایی ساڵی 2023 درێژکرایەوە.

درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان
بەڵێ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی چوار خولەکەی پێش خۆی تەمەنی درێژکردەوە، رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی دواخست، بۆیە پەرلەمان بڕیاریدا ساڵێک تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، کە بەلای زۆرینەی چاودێران و تەنانەت خودی سەرۆکی پەرلەمان و بەشێکی پەرلەمانتارانیشەوە، درێژکردنەوەکە «نایاسایی بوو».
 لە 30 ساڵی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج خول تێپەڕیوە، بەڵام هەموو هەڵبژاردنەکانی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان لەسەر بنەمای راستەقینەی دیموکراسی نەکراوە، بەڵکو بە رێکەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان بووە و هیچ خولێکیشی بەبێ درێژکردنەوەی تەمەنی تێنەپەڕاندووە. بەڵام درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کاردانەوەی لێکەتەوە و  چەند فراکسیۆنێک و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کارەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بایکۆت کرد. 
لێرەدا هەوڵدەدەم نەچەمە ناو پێناسەی هەڵبژاردن و پۆلێنکردنی سیستەمی هەڵبژاردن، بەڵکو باس لە ململانێی نێوان لایەنەکان دەکەم کە بێگومان بۆتە ھۆی دواخستنی هەڵبژاردن.
هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەسەر سیستەمێکی دروست دام و دەزگاکانیان بە دامەزراوەیی نەکراون، خاوەنی یاسا و رێسایەکی پتەو و تەندروست و نیشتمانی نین، بۆیە هەمیشە هەڵبژاردن بە ئیفلیجی لەدایک دەبێت لە لایان، بە مانا دروستەکەی نە بەڕێوە دەچێت و نە ئەنجامێکی باشیشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، هەمیشەش لەم کۆمەڵگایانەدا قۆناغی بەر لە هەڵبژاردن  قۆناغێکی ناجێگیر و نا ئارامە، لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی دێنێت و دامودەزگاکان جۆرێک لە ئاڵۆزی و نارێکی و خراپ بەڕێوەبردن بەخۆوە دەبینن، تا ئاستێک لە هەندێکیاندا مەترسی شەڕ و پێکدادان دەکرێت و دوور نییە لە جیاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی پڕۆسەیەکی دێموکراسی بەکارهێنانی هێز و سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەتی لێ بکەوێتەوە، زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵات لەم جۆرەن و بێشک کۆمەڵگای کوردیش بەشێکی دابڕاو نییە لەم کەلتورە.

دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە

ئەزموونی وڵاتانی دیموکراسی
ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیات نراون و بە پێچەوانەوە هەڵبژاردنەکانیان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوەدەچن، هەمیشە پێشەنگن لە رێزگرتن لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها خۆیان بە جێبەجێکاری گەڵاڵەکردنی فکر و ھزری هەڵبژاردنەکان دەزانن، کە لە لایەن دامەزراوە جیهانییەکانەوە پوختە کراوەو کە خۆی لە هەڵبژاردنێکی (ئازاد، تەندروست و دادپەروەرانە) دەبینێتەوە کە زامنی کۆمەڵگایەکی شارستانی هاوسەنگە بە مافی رەوای مرۆڤەکان کە پێوەری  بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسییە.
دواکەوتنی کاتی هەڵبژاردن لە وڵاتانی پێشکەوتو و دیموکراسی لەئارادا نییە، مەگەر کارەساتێکی سرووشتی و هێزی لە رادەبەدەر (قوە قاھرە) ببێتە رێگر لەبەردەم نەکردنی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام مەخابن هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواکەوتنی بووەتە نەریت، بەھۆی کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکان لەلایەک و سیاسەتی سازشکردن، بەوەش شەرعیەتی یاسا و پەرلەمان تەنانەت حکومەتیش نەک تەنها کەوتۆتە ژیر پرسیارەوە بەڵکو متمانەی لای هاووڵاتیانیش لەدەستداوە. 
لە هەموو دونیادا وادەی هەڵبژاردن  لە سەر بنەمای  رێکەوتنی کاتە، واتە هەڵبژاردنەکان بە پێی ساڵ و رۆژ و تەنانەت کاتەکەش بە پێی یاسا بەڕێوە دەچێت، پاشان هاووڵاتیان روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و نوێنەری متمانەپێکراوی خۆیان هەڵدەبژێرن و دەسەڵاتەکان دەستاودەست پێدەکرێن، تەنها لە هەرێمەکەی  ئێمە نەبێت بە درێژایی حوکمڕانییەکەی ھیچ هەڵبژاردنێک لە کاتی خۆیدا نەکراوە و بووە بەنەریت دەبێت هەر دوابکەوێت، هەروەها تائێستا دیار نییە کەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە.!.. 
هەمیشە هەندێ لە لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنەکانی عیراق و پلە و پۆستی بەغدایان  لا گرنگتر بووە، کێشمەکێشیان لەسەر کردووە و  وەزارەتەکانی بەغدا کە پشکی کوردە هەڵبژاردنی کوردستانی بیر بردوونەتەوە، بۆیە هەرێمی کوردستانیان لە بارودۆخێکی ناجێگیر و ناهەمواردا گەیاندووەتە بنبەست. هەربۆیە بە پەلە پروزەو بەشێوەیەکی نایاسایی کەوتنە خۆیان و بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە و ناووناوبانگی دیموکراسیان لە هەرێم خستە ژێر پرسیارەوە.

کێشەی لایەنە سیاسییەکان
لەهەر وڵاتێک کە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەگاتە بنبەست بەتایبەتی لەسەر پرسە سیاسییەکان و پێکهێنانی کابینەی حکومەت، ئەوا پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبرێت گەرچی هەندێکجار چەند مانگێکیش هەڵبژاردن کرابێت. کەچی بەپێچەوانەی وڵاتانی ترەوە لە هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام ناکۆکن و هەرجارەی بەبیانویەک تەگەرە دەخەنە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، کێشەی سەرەکی ئێستاش یەک بازنەیی و فرە بازنەییە کە لایەنەکان لەسەری نەگەیشتوونەتە ئەنجام!، لایەنە سیاسییەکانیش نەک داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن، بگرە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ناکەن و دوای دەخەن.! بێگومان مەترسییەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانیش زیانی دەبێت بۆ پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لانیکەم دەبێتە ھۆی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، زیانە گەورەکەشی ئەوەیە کە لەو کاتەدا بۆشایی دروستدەبێت و پێشێلکاری یاسایی روودەدات و شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان و  دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.! بەشێک لەچاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن مەترسی دواخستنی  هەڵبژاردنەکانی  پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دەبێتە ھۆی لەدەستدانی متمانە لەناو خۆدی وڵاتدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زیان بە ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەێنێت.

وتارەکانی نوسەر