سێ رووداویی گرنگ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سوریا روویانداوه، كه یه‌كێكیان سه‌ردانی وه‌فدی «یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی» بوو بۆ دیمه‌شق، كه سه‌رۆكی چه‌ندین په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له‌خۆگرتبوو، كه له‌به‌غداوه هاتبوون دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كانی یه‌كێتی په‌رله‌مانه عه‌ره‌بییه‌كان له‌عیراق به‌ڕێوه‌چوو.
وه‌فدی «یه‌كێتی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی» بۆ دیمه‌شق
وه‌فده‌كه له‌سه‌ردانیان بۆ سوریا، چاویان به‌به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته كه‌وت، ئه‌وه‌ش هیواكانی زیندووكرده‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریا بۆ نێو «كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی» دوای 12 ساڵ له سڕكردنی ئه‌ندامێتی دیمه‌شق له كۆمه‌ڵه‌كه‌دا، به‌هۆی به‌رپابوونی قه‌یرانی سوریاوه، هه‌رچه‌ند سه‌ردانه‌كه به‌پاساوی هه‌ڵوێستی مرۆیانه‌و بۆ هاوخه‌می ده‌ربڕین بوو له‌گه‌ڵ زیانلێكه‌وتووانی كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌م دواییه كه چه‌ندین ناوچه‌ی جیاجیای ئه‌و وڵاته‌و هه‌روه‌ها توركیاشی گرته‌وه، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه چه‌ندین مه‌زموونی سیاسیشی له‌خۆگرتبوو كه گرنگترینیان لابردنی په‌راوێزیی سه‌پێنراو به‌سه‌ر رژێمی دیمه‌شقدا بوو، هه‌روه‌ها ده‌رخستنی لایه‌نگیری عه‌ره‌بی بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه دوای شكستی هه‌وڵه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌و ڕووه‌وه، كه ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ زیادبوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سوریا.
له‌مپه‌ڕێك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستوه‌ردانی توركیا
سه‌ردانه‌كه‌ش ره‌نگه ببێت به له‌مپه‌ڕێكی به‌هێز دژ به‌هه‌ر هێرشێكی نوێی توركیا بۆ سه‌ر جوكرافیای سوریا له ڕێی وشكانییه‌وه.
دووهه‌م رووداو، سه‌ردانی سامح شوكری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر بوو بۆ دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات كه قاهیره هه‌وڵده‌دات رۆڵێكی عه‌ره‌بی نوێ ببینێت بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له نێوان ئه‌و دوو رژێمه‌دا و میسر ده‌یه‌وێت جارێكی تر رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بێت له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت دوای هێوربوونه‌وه‌ی بارودۆخ له نێوان قاهیره و ئه‌نقه‌ره، ئه‌وه‌ش ره‌نگه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتنێكی سیاسیی له نێوان سوریا و توركیا و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزی نێوان هه‌ردوو وڵاتیش، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ش به‌دوور بگرێت له‌هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له قه‌یرانی سوریا.
رۆڵی روسیا له قه‌یرانی سوریا
رووداوی سێهه‌م، راگه‌یاندنی میخائیل بۆگدانۆفی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا بوو بۆ ئاژانسی هه‌واڵی تاسی روسی، به‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی سوریا و توركیا و ئێران و روسیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ت به قه‌یرانی سوریا و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره بۆ ئه‌و قه‌یرانه، به‌تایبه‌ت كه روسیا رۆڵێكی میحوه‌ری هه‌یه له‌و وڵاته‌دا له رووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه.
ره‌نگه پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا، له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه، به دڵی گه‌لانی سوریاش بێت، دوای شكستی چاره‌سه‌رییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ر له كۆنگره‌ی جنێفه‌وه تا كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌ستانه، به‌تایبه‌ت كه كورد ئاماده‌كاریی بۆ دیالۆگی سوری- سوری كردووه هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پاڵپشتیكردنی عه‌ره‌ب له‌رژێمی سوریا، جارێكی تر پێگه‌ی ئه‌و رژێمه له‌ناوخۆی سوریا قایم ده‌كاته‌وه و رێگریش ده‌كات له ده‌ستوه‌ردانه‌كانی توركیا له‌و وڵاته، چونكه توركیا به‌و رۆڵه خراپه‌ی كه هه‌یبووه قه‌یرانی سوریا و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی زیاتر كردووه.
شکستی هەوڵە عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریادا
پڕۆژەی چارەسەر عەرەب بە لای کوردەوە
به‌لای كوردیشه‌وه خراپ نابێت ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی عه‌ره‌بی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا، به‌ڵام به‌مه‌رجی ریكه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه كاریگه‌ره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی سوریا، به‌تایبه‌ت كه گفتوگۆكانی ئیداره‌ی خۆسه‌ری كورد له‌گه‌ڵ رژێمی دیمه‌شق، تا ئێستا نه‌بچڕاوه و كۆتاییشی نه‌هاتووه، هه‌وڵه‌كان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاش به‌رده‌وامه بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتنێك كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا و هه‌روه‌ها كۆی گه‌لانی سوریای تیابێت.
پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایه پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا سه‌رده‌گرێت؟ یان قه‌یرانی ئه‌و وڵاته ئاڵۆزتر ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر رۆڵی وڵاتانی هه‌رێمی له سوریا په‌راوێزبخرێت، كه ئه‌مه له‌قۆناغی نزیكی داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت.
و: گۆران