قسە و باسەكانی یادی راپەڕین

10:37 - 2023-03-07
بورهان شێخ رەئوف
202 خوێندراوەتەوە

32 ساڵ بەر لە ئێستا  خەڵكی باشووری كوردستان كۆتاییان بە قۆناغێكی پڕ مەینەت و شووم هێنا، كە لەوانەیە من نەتوانم لە باسێكی وا كورتدا گۆرانی شاعیر وتەنی بیخەمە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم و هەموو رووداوەكان وەكو خۆی بخەمەڕوو، هەرچەندە زۆر نووسراوە و وتراوە لە بارەیەوە، بەڵام باوەڕناكەم ئەو قۆناغە هەقی خۆی پێدرابێ، وەكو ئەوەی كە روویداوە لە سەردەمی بەعس لە كوشتن و بڕین و راگواستن و لە سێدارەدان و سووكایەتی بە كەرامەتی مرۆڤی كورد تەنها لەبەر كورد بوون .
راپەڕین و رزگاركردنی شار و شارۆچكە كوردستانییەكان
ئەمە چ جای كیمیاباران و ئەنفالكردن و كۆمەڵكوژی مرۆڤی كورد و  راگواستن و بەسوتماككردنی كوردستان، كە دواتر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكانی دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە، زەمینەیان خۆشكرد بۆ راپەڕین و پاككردنەوەی باشووری كوردستان بە كەركوكیشەوە لە رژێمی بەعس.
بۆ یادی راپەڕین، حەزدەكەم لە دوای سێ‌ دەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كوردستان، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەرێم بكەم، كە ئێستا كابینەی نۆیەم لەسەر كارە و  دۆخی هەرێمی كوردستان لە پاشەكشەیەكی گەورەدایە لەسەرجەم بوارەكاندا و بەرەی ناوخۆییش لە خراپترین حاڵدایە،  هێزێكی سەرەكی وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی رەخنەی لەئەدای حكومەت چەندین مانگە بایكۆتی ئەو حكومەتەی كردووە، لە كاتێكدا خۆی نەخشەڕێژ و رابەری راپەڕینی ئازاری 1991 بووە و خاوەنی بیرۆكەی فیدراڵی و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بووە.
لە رووی دابەشكردنی سامان و داهاتەوە، پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بێبەش كراون لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە پارتی  سەرۆكایەتی دەكات، پڕۆژە كۆنەكانیش وەستاون و تەمویل ناكرێن، بەپاساوی بێ‌ بنەما، لە رووی دیموكراسییەوە هەرێمی كوردستان لە پاشەكشەدایە،  چونكە هیچ خولێكی پەرلەمان نەتوانراوە لەكاتی یاسایی خۆیدا كۆتایی بەكارەكانی بهێنێت و هەڵبژاردنی نوێی بۆ  بكرێت، ئەوەش بەهۆی ناكۆكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 كە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت و پێویستی بە هەمواركردنەوەیە، هەر لە بازنەكانی هەڵبژاردنەوە تاوەكو تۆماری دەنگدەران و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان  و پێكهاتە نەتەوەیی و ئیتنیكییەكان.
لە رووی ئازادیی سیاسییەوە لە ساڵانی رابردوودا چەند نووسەر و رۆژنامەنووسێك كوژران و دەیان چالاكوانی مەدەنیش لە بادینان گیران و حوكمی قورسیان بەسەردا سەپێنرا، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە گلەیی و گازندەی زۆر لەسەر حكومەتی هەرێم  هەیە، لە  نموونەی لێدوان و نیگەرانی و هۆشدارییەكانی جێنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق، لەسەر دۆخی هەرێم و یەك نەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەرتەسككردنەوەی ئازادیی رۆژنامەنووسی و رادەربڕین و  زۆر بابەتی تر.
 لە یادی راپەڕیندا
لە یادی پڕ شكۆی راپەڕیندا،  مایەی سەرسووڕمانە بوار بدرێت بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان و نەهامەتی ئەم گەلە و خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە بەرچاو نەگیرێت و لە بیربكرێت لەلایەن حزب و كەسانێكەوە، بە مەبەستی خۆسەپاندن و بەرژەوەندیی حزبی و پێیان وابێت كە دەتوانن كوردستان بكەنە یەك رەنگ و بوار بە خەڵكی هەلپەرست و ئاژاوەگێڕ بدەن ئەمبەر و ئەوبەر بكەن و سەنگەر بگوازنەوە، كە ئەمەش ئەزموونێكی شكستخواردووە و پێشتر زیانی گەورەی بە پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان گەیاندووە .
دوای 32 ساڵ رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە راستكردنەوەیە، خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش نەوەكانی دوای راپەڕین كە جەور و ستەمی بەعسیان نەدیووە داوای هەلی كار و خزمەتگوزاری باشتر دەكەن، داوای یەكسانی و دادپەروەری و سەروەربوونی یاسا و بیمەی بێكاری و سیستمی تەندروستی و دڵنیایی تەندروستی دەكەن كە ئەمەش مافی خۆیانە.
مایەی خۆشحاڵییە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە یادی (32) ساڵەی راپەڕیندا لە شاری رانیەی سەربەرزەوە بە دەنگێكی دلێر وتی: ئێمە لەم باوردۆخە ناڕازین و ئازایانەتریش رووی دەمی لە هاووڵاتیانی كوردستان كردوو داوای لێبووردنی كرد، لەبەرئەوەی كە نەتوانراوە وەكو پێویست بەرگریی لە مافەكانیان بكرێت.
گومانیشی تێدا نییە كە یەكێتی شان دەداتە بەر ئەركێكی قورس و سەخت، كە ئەویش راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانییە لە هەرێم.
هەرچەند دیارە كێ نەخشەڕێژ و رێبەر و ئامادەكاری راپەڕین بووە، بەڵام لایەن هەیە دەیەوێت ئەو راستییە ئاوەژوو بكاتەوە و بیگۆڕێت و ساختەی بكات، بۆیە پێویستە هەموو بەڵگەنامەكانی راپەڕین دۆكۆمینت بكرێن و بپارێزرێن، سەركردە و كاراكتەرەكانی یەكێتیش كە لە ژیاندا ماون، وەڵامی ئەو بەلاڕێبردنانە بدەنەوە.
جێگیركردنی قەوارەی هەرێم  لە دەستووردا
دەستكەوتێكی گرنگی راپەڕین جێگیركردنی هەرێمی كوردستان بوو وەكو قەوارەیەكی دەستووری و یاسایی لە دەستووری عیراقدا، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە گرنگە و جێبەجێكردنی دەستووریش لە بەرژەوەندیی كوردە، پاراستنی هەرێمیش ئەركی هەموو لایەنە كوردییەكانە لە رێگەی گفتوگۆكرن لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەمان لە عیراقدا.
لە كۆتاییشدا باسكردنی خەبات و نەبەردییەكانی شاخ و راپەڕین بۆ نەوەی ئێستا، دەبێت هاوكات بێت لەگەڵ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی ئێستای خەڵكی هەرێم، چونكە ژیان گۆڕاوە و  خەبات و تێكۆشانی رابردوو دەچێتە لاپەڕەكانی مێژووەوە، دەبێت ئێستا كار بۆ سەقامگیری سیاسی و ئازادی و دادپەروەری و سەروەربوونی یاسا و شەفافیەت و رەخساندنی هەلی كار، بكرێن بە ئەركی پلە یەكی ئەم سەردەمەی حزبەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

دوای 32 ساڵ لە راپەڕین ئامانجەکانی گەلی کورد بە کوێ گەیشت؟

وتارەکانی نوسەر