راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991

10:41 - 2023-03-07
وتار
311 خوێندراوەتەوە

کەریـم سـارمەمی 

یەکەم کڵپەی راپەڕین لە 5 ی ئازاری ساڵی 1991 دەستیپێکرد بۆ وەدەرنانی رژێمی بەعس و دەسەڵاتەکەی، دواتر هەموو کوردستانی گرتەوە و بەردەوامی دا بە هەڵوێستی رەتکردنەوەی رژێم. ئەم راپەڕینە خاوەنی دەنگی راستەقینەی ھەموو گەلی کوردستان بوو بەھۆی زوڵم و ستەمەوە بێدەنگییان شکاند، راپەڕین بێ وەستان و سڵەمینەوە هەرچی تووڕەیی خەڵکی کوردستان بوو رژاندییە سەر شەقام و دەستی بەعسییەکانی لەناو خەڵکدا کۆتایی پێهێنا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆلێکی سەرەکی بینی لە هەڵگیرسانی راپەڕین و سەرخستنی و سەرپەرشتیکردنی دۆخەکە تا لە دەست دەرنەچێت.
راپەڕین لە کاتێکدا دروستبوو کە رژێمی عیراق لە حاڵەتی دڕندەیی خۆیدا بوو و دەیتوانی دەستی بگاتە دوورترین لادێ لە کوردستاندا. 
ئەوکاتە یەکێتی بە دید و روئیایەکی جیاوازەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد، جیاواز لە بزوتنەوەی سیاسی کلاسیکی رابردوو، یەکێتی توانی ببێتە ئەندازیاری کارای راپەڕین و  هێزێکی فرەمینبەر دەرکەوت و توانی بە زوویی ببێتە جێگەی بڕوا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .
لە ماوەی دەستپێکی خاڵی بەهێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ راپەڕینی ساڵی 1991 ئەو پەیوەندییە رۆحیە بوو کە لە نێوان خۆی و جەماوەرەکەیدا هەیبوو، چونکە ئەو رووداو و کارەساتە تراژیدایانە لە پێشووتردا روویان دابوو وەکو بورکان لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکدا پەنگی خواردبۆوە، چاوەڕوانی دەرفەتێک بوون بە رووی رژێمی بەعس دا بتەقنەوە. 
یەکێتی چونکە ساحەی سیاسی چۆڵنەکردبوو لەبیری جەماوەردا بوو و دەیزانی لە چ رەوشێکی بێزاریی و تووڕەییدایە، هەربۆیەش پشت ئەستوور بوو بە سەرکەوتنی راپەڕین لەو قۆناغەدا. هێزێک لە ناو گەلدا نەژیا بێت و لە شکستدا خۆی دەربازکردبێ و گەلەکەی بەتەنیا جێهێڵابێ، ناتوانێ گۆڕانکارییەکان بخوێنێتەوه و بەرژەوەندیی گەلەکەی پێشبخات. یەکێتی وەک هێزێک جیاواز لەو دیدە دەرکەوت، بۆیە توانی پێشڕەویی راپەڕین بەسەرکەوتووی بکات.

وتارەکانی نوسەر