لەناو رووداوەکاندا

کورد سوودی لە ناکۆکییەکان وەرگرتووە؟

09:55 - 2023-03-13
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
293 خوێندراوەتەوە

مادام تیۆرێک هەیە لە بناغەوە وەک تیۆری پیلانگێڕی و پاشقولگرتن لە بەرامبەر ناسراوە و کاریشی پێکراوە، کەواتە سەیر نییە ئەگەر پێمانوابێت دەتوانین سوود لە ناکۆکی و شەڕی ئەوانی دیکە وەربگرین. 
کتێبی (سوودەکانی شەڕ)ی نووسەری فارسی_ئیسرائیلی (ئاری بن مۆناشی) فێری ئەوەمان دەکات تێبگەین لەوەی وڵاتانی زلهێز چەندە ئاسایشی جیهانییان بە وتار ویستبێت، لە پشتەوەش نەوتیان بە ئاگری جەنگەکاندا کردووە و خۆشیانکردووە بۆ سوودلێوەرگرتنی، لەم کتێبەوە تێدەگەین کە شەڕ و ناکۆکی سوودی گەورە و بەرهەمداریشی هەیە، بەڵام بۆ بەرەکانی ناو شەڕەکە نا، بەڵکو بۆ وڵاتانی دەرەوەی شەڕەکە. 
لەم کتێبەدا (بن مۆناشی) پەردە لەسەر سیناریۆ ئەهریمەنییەکانی پشتەوەی جەنگێکی هەشت ساڵەی وەک عیراق ــ ئێران هەڵدەداتەوە چۆن بە سوودی وڵاتە زلهێزەکان شکاوەتەوە و سوودیان لێوەرگرت و هەوڵی بەردەوامبوونی ئەو جەنگەشیان دەدا، لەوەش تێدەگەین کە دروستکردنی (ئاری بن مۆناشی)یەکان چەند گرنگن بۆ زۆرێک لە وڵاتان و چۆن تاکە کەسێک دەتوانێت پەیوەندییە نهێنی و هەواڵگرییەکان کۆنترۆڵ بکات.
هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لە هەر ناکۆکییەک کە لە ناوخۆدا یان لە دەرەوەدا بێت، دوو جۆرە، یەکەمیان دەبێتە ئەزموون و پەند و ئەوەندە بۆشایی ناهێڵێتەوە بە سوودی دەرەوەی بشکێتەوە، دووەمیشیان ویستی پێچەوانەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئاشتی، واتە کاتێک ئاشتی بەدینایەت و چواردەورمان بە دۆخێکی پڕ ناکۆکیدا تێدەپەڕێت، ئەوا بەرهەمنەهێنانی ئاشتی دەگۆڕێت بۆ  سوودوەرگرتن لە ناکۆکی و ئەو بارودۆخەی لە چواردەورمان روودەدەن، بۆ نموونە رەنگە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بە بەردەوامی شەڕیان نەوێت و هەر بە راستی بیانەوێت لە هەندێک ناوچەدا ئاشتی بەرقەرار بێت، بەڵام کاتێک کە ناتوانن ئەمە بەدیبێنن، ئەوا هەوڵ دەدەن لانیکەم سوود لە ناکۆکییەکان وەربگرن و هەموو رووەکانی بۆ خۆیان کۆنترۆڵ بکەن.
کورد، یەکێکە لەو گەلانەی ناوچەکە کە یان بڕوای بە تیۆرێکی وەها نییە کە ناکۆکییەکانی چواردەوری بگۆڕیت بە سوودی خۆی وەک ئەوەی کە تیۆری پیلانگێڕی بە راستی دەزانێت، یان لە توانا و هێزی ئەودا نەبووە بچێتە کەلێن و درزی ناکۆکییەکانی وڵاتانەوە و سوودیان لێوەربگرێت، ئەمە لەکاتێکدایە  ناوچەکە هێندە پێکدادانی تێدایە، کورد دەیتوانی بە ئاسانی سیاسەتێکی لەم چەشنەی دابڕشتایە و کاری لەسەر بکردایە، بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان بۆتە مایەی سوود و دەستکەوت بۆ دەرەوەی کوردستان. 
بە مانایەکی دیکە، وڵاتانی ناوچەکە سەرەڕای ناکۆکییەکانی خۆیان، سوودیان لە ناکۆکی کورد وەرگرتووە، بەڵام کورد نەک نەیپەرژاوەتە سەر ئەوەی ناکۆکییەکانی خۆی چارەسەر بکات، بەڵکو نەشیتوانیوە سوود لە ناکۆکی ئەوانیتر وەربگرێت.
بۆ کورد جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، لە نێوان پەند وەرگرتن لە ناکۆکی و شەڕە ناوخۆییەکان لەلایەک و سوود وەرگرتن لە رووداو و ناکۆکییەکانی دەرەوەیدا لەلایەکی دیکەوە، نەیتوانیوە هیچیان بە سوودی خۆی هەڵبژێرێت و بیخاتە خزمەت پڕۆژە نیشتمانی و نەتەوەییەکەیەوە، بۆیە لە هەردوو بارەکەدا وای دەبینین، کورد هەمیشە لەناو یەک مێژوودا دەخولێتەوە.

وتارەکانی نوسەر