روسیا دوای ساڵێک لە سزا ئابوورییەکان

09:58 - 2023-03-13
نۆڤین مەجید ساڵح
475 خوێندراوەتەوە

دوای هێرشکردنی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، وڵاتانی خۆرئاوا چەندین سزایان بەسەر بانک و کۆمپانیاکانی روسیادا سەپاند، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری روسیا هەبوو. بەڵام ئەو داڕمانە ئابوورییەی کە هەندێک چاوەڕوانیان دەکرد، هەرگیز نەهاتەدی.
ئەمەش رێگەی بە ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا دا لە سەرەتای ئەمساڵدا بە متمانەوە رایبگەیەنێت «ساڵی 2022 ساڵێکی چالاک بوو بۆ روسیا و توانیمان سەرکەوتوانە ئەو مەترسییانە تێپەڕێنین کە سەریان هەڵدا».
لەڕاستیدا سزاکانی خۆرئاوا توانای ئابووریی روسیای بە رادەیەک لاواز نەکرد کە کریملین توانای دارایی شەڕەکەی لە ئۆکرانیا لەدەست بدات. رووداوەکانی ساڵی 2022 پشتڕاستیان کردەوە کە ئابووریی روسیا ناکارامەیە، بەڵام خۆڕاگرە و کریملین توانای کەمکردنەوەی هەر کاریگەرییەکی ناسەقامگیرکەری هەیە کە رەنگە دابەزینی ئابووری لەسەر بەرەی سیاسی هەبێت.

شاری مۆسکۆ

کاریگەریی سزاکان
بەردەوامیی ئابووریی روسیا بە شوێنی خۆی لە دابەشکردنی جیهانی کاردا دیاری دەکرێت: لە سەرەتای زنجیرە تەکنۆلۆژییەکان وەک دابینکەری سەرچاوە سروشتییەکان وەستاوە. بەوپێیەی ئابووریی جیهان ناتوانێت گەشە بکات بەبێ زیادکردنی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان، خواست لەسەر کەرەستەی خاوی روسیا زیاد دەکات. ئەمەش تا رادەیەکی زۆر ئابووریی روسیای لە کاریگەرییەکانی سزاکان پاراستووە.
لە ساڵی 2021 دا روسیا 
17.5 %ی نەوتی فرۆشراو لە بازاڕەکانی جیهان و 47 % پالادیۆم و16.7 % نیکل و 13 %ی ئەلەمنیۆم و نزیکەی چارەکێکی پێوانەی پۆتازی دابینکردووە. ئابووریی جیهان دەتوانێت دەستبەرداری کەرەستەی خاوی روسیا ببێت، بەڵام تەنیا بە تێچووی بەرزبوونەوەی نرخ و ئەگەری ساڵانێک پاشەکشە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی سیاسەتمەدارانی خۆرئاوادا نییە.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەلەمنیۆمی روسیا بۆ بازاڕی جیهان لە ساڵی 2018دا، بووە هۆی بازدانی خێرای نرخی ئەم کانزایە بە رێژەی 20 %، ئەمەش کۆشکی سپی ناچارکرد دەستبەرداری پلانە راگەیەندراوەکانی خۆی ببێت.
هەربۆیە خۆرئاوا لە ساڵی  2022دا هەندێک لە توندترین سزاکانی بەسەر کەرتەکانی هەناردەکردنی روسیادا سەپاند، وەک پۆڵا، خەڵوز و دارە پرۆسێس کراوەکان، کە ئابووریی جیهان توانای یەدەگی هەیە. پشکی کۆی ئەم کەرەستە خاوانە لە هەناردەکردنی روسیا لە ساڵی 2021 دا 11.7 % بووە، بۆیە سنووردارکردنی فرۆشتن بۆ ئەوروپا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری روسیا بەگشتی نەبووە.
بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئابووریی هەندێک ناوچە هەبوو کە ئەم کەرتانە زاڵن.
 بۆ نموونە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی دووەمی 2022، کانەکانی خەڵوز لە کێمێرۆڤۆ کە ناوچەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی خەڵوزی روسیایە، توانیان تەنها 50-60 % خەڵوزی دەرهێنراو بفرۆشن. لە کارێلیا و ئارخانێلسک کە چەندین کارگەی داری کاری تێدایە، بەرهەمی پیشەسازی بە رێژەی
15.5 % و بە رێژەی 19.8 % کەمیکردووە. لە شاری لیپێتسک، بەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی گەورەترین کۆمپانیای پۆڵاسازی روسییەوە، نۆڤۆلیپێتسک ستیل، بە رێژەی 15.4 % داڕما.

نەوت  و غاز
سزاکانی خۆرئاوا کە پەیوەندییان بە پیشەسازیی نەوتەوە هەبوو، داهاتیان کردە ئامانج نەک بەرهەمهێنان. لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا لە ساڵی 2022 بە رێژەی 
2 % زیادیکردووە، لە 5ی شوباتەوە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکانی یەکێتی ئەوروپا لە روسیا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە کاریگەری لەسەر ئابووری روسیا هەبووبێت. لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنی گازوایل بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 7 % بەرزبۆتەوە کە رەنگە بەشێکی لە ئەنجامی زیادبوونی خواستەکانی سوپای روسیابێت.
دابەزینی هەناردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا، کە تا رادەیەک پەیوەندی بە سزاکانەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی ستراتیژی «بەستن و دابەشبوون»ی پوتینە بۆ ئەوروپا، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە و بەرهەمهێنان بە رێژەی 20 % دابەزیوە. ئەگەر دۆخەکە نەگۆڕێت، ڕەنگە بەرهەمهێنانی غاز لە ساڵی 2023 دا بە رێژەی7-8 %دیکە نزم ببێتەوە.

ئاسۆی درێژخایەن
ئامارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئەوە دەسەلمێنن کە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک لە ئابڵۆقە و سزا ئابوورییەکان، ئابووریی روسیا بەهێزتر بووە نەک لاواز ببێت.
لە هەشت ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی پوتیندا، ئابووریی روسیا ساڵانە بە تێکڕا 7 % گەشەی کردووە لە ئەنجامی چاکسازییە ئابوورییەکانی ساڵانی نەوەدەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و قەرزکردنی بەرفراوانی دەرەکی. 
لەبەرامبەردا لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2021 ئابووریی روسیا بە تێکڕا4.1 % گەشەی کردووە. ئەم گەشەکردنە خاوە پەیوەندییەکی زۆری بە رێبازی تاکڕەوانەی پوتین لە بڕیاردانی سیاسی و ئابووریدا هەبوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2012دا گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتی روسیا.
لەکاتێکدا سەرکوتکردنی لایانە سیاسییە جیاوازەکان، سیستمی پێشکەوتنخوازانەی دادگاکانی ناوبژیوانی هەڵوەشاندەوە، کە ئاستێکی زۆر بەرزتری پاراستنی یاسایی بۆ بازرگانییەکان دابینکردبوو. هەروەها پوتین بەرنامەیەکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ دووبارە چەکدارکردنەوەی سەربازی لەسەر حیسابی وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆییدا.
دوای لکاندنی کریمیا بە روسیاوە لە ساڵی 2014 و جەنگی چەکداری لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا، سزا بەسەر روسیادا سەپێندرا و دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکان سنووردار کرا. هەروەها کەرتی توێژینەوە و پەرەپێدان تێکچوو، بەتایبەتی بەهۆی دۆسێی تاوانکارییەوە کە دژی زانایانی روسیا دەستیپێکردبوو، کە تۆمەتبارکرابوون بە خیانەت. ئەم هۆکارانە کەشی بازرگانی وڵاتەکەیان بە توندی خراپتر کرد و گەشەی ئابووری کەمکردەوە.

هەوڵەکانی روسیا
لەهەمانکاتدا روسیا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی گوشارەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر دانیشتوانی روسیا و کاریگەرییەکانی کەم بکاتەوە. لە ئێستاشەوە هەوڵدەدات قەرەبووی دابەزینی داهاتەکانی لە دابەزینی نرخی نەوت و غاز بکاتەوە بە هێنانەکایەی گۆڕانکاری لە ڕێژەی باجی نەوت.
 مۆسکۆ هەروەها رایگەیاندووە کە دەیەوێت بازرگانانی روسیا خۆبەخشانە لە بودجەدا بەشداری بکەن بۆ بەرزکردنەوەی داهاتەکانی.
ئەم داهاتە زیادەیە نەک تەنها بۆ دابینکردنی دارایی سوپای روسیا، بەڵکو بۆ خێزانی سەربازە ئاسایی و کۆکراوەکانیش بەکاردەهێنرێت. هەروەها یارمەتی و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش دەپارێزرێن.
ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە کاتێک کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی ئازاری 2024 دێت، بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوان نیگەران نابن کە پوتین بە %75 
ی دەنگەکانەوە هەڵبژێردرێتەوە.
هاوکات، هێشتا پێناچێت ئابووریی روسیا تووشی داڕمان ببێت. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە تەنانەت قورسترین سزاکانیش کاریگەرییەکی سنوورداریان هەیە. ئێران نموونەیەکی باشە بۆ ئەوە. ئەو وڵاتە لە ساڵی 1987وە کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2020 بە تێکڕا %3.3 گەشەی کردووە. بە هەمان شێوە کوبا، کە لە ساڵی 1960ەوە سزای ئابووریی لەسەرە بە مەبەستی گۆڕینی رژێمی کوبا. بەڵام رژێمی کوبا وەک خۆی ماوەتەوە. روسیاش هاوشێوەی ئێران وردە وردە لە ئابووری جیهانی دوادەکەوێت و گەشەی ساڵانە لە 1.5-2 % زیاتر بەدەست ناهێنێت.

دەرەنجام
پێدەچێت گەمارۆ ئابوورییەکان لە داهاتوودا لێکەوتەی سەختی بۆ گەشەسەندنی تەکنۆلۆژی ئابووری روسیا هەبێت. بەڵام پێناچێت چەقبەستوویی ئابووری ببێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی یان سیاسی. دابەزینی ئاستی ژیان زۆر خاو و نایەکسان دەبێت. هاوکات سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گەشە دەکات و تێچووی ناڕەزایی زۆر بەرز دەکاتەوە. 

سەرچاوەکان:
• France24
• Russia today
• Reuters

 

وتارەکانی نوسەر