یەكێتی براوەی دیموكراسی، دواتر هەڵبژاردن

10:16 - 2023-03-14
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
225 خوێندراوەتەوە

هاوكێشەیەك هەیە بەمجۆرەیە، لە هەڵبژاردندا و لە دۆخێكی دیموكراسی و ئازادیدا، حزبی دیموكراسیخواز و مۆدێرن زەمانەتی گەورەبوون و زیادكردنی دەنگەكانی نییە لەو كاتەدا دەوروپشتی خۆی بە چەندان هێزی كێبڕكێكار دەورە دراوە، ئەمەش وەك نمونەی یەكێتی لە هەڵبژاردنی 21/9/2013دا، كە سەرەڕای بڕوابوونی بە شكست و هەستانەوە و هەڵبژاردن، بەڵام دیموكراسی نەیتوانی بەرگریی لە داكشانی دەنگەكانی یەكێتی بكات، بە پێچەوانەشەوە حزبی نادیموكراسی لە ژینگەی داخراو و سیستمی نادیموكراتدا، ئەگەری زۆربوونی دەنگەكانی هەیە بۆ زۆرترین رێژە و كورسی، وەك ئەوەی بینیمان سەدام حسێنی فاشیست بەماوەیەكی زۆركەم پێش لەناوچوونی و كۆتایی دەسەڵاتەكەی، لە كۆتا هەڵبژاردندا %99,99ی دەنگەكانی بە دەستهێنا، ئەم وێنە گشتییە بۆ هەرێمی كوردستانیش راستە و لە پێشوودا ئەنجامەكانمان بینیووە.
ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێكدایە كە پێش هەر بابەتێكی دیكە، ئەگەرچی بە زیندووهێشتنەوەی رەهەندێكی مێژوویی خۆیەتی بەناوی (بڕوابوون بە دیموكراسی)، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە دیوێكدا رەنگە نوقڵ و شیرینی نەخاتە سەرزاری یەكێتی و بە تەنها نەچێتە خزمەتی یەكێتییەوە، بەڵام لە دیوی دووەمیدا كە لانەدانی یەكێتییە لە بڕوابوون بە هەڵبژاردن وەك كردەیەكی دیموكراسی، نەك شیرینی و نوقڵی بەخشیوەتە ئەم حزبە، بەڵكو گەورەترین سەروەتیشە كە لە كۆنەوە بۆ ئێستا لەگەڵ یەكێتی هاتووە و هێشتا یەكێتی بەزیندوویی رایگرتووە و كاری پێ دەكات.
كاتێك یەكێتی پێداگرە لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە ژینگەیەكی دیموكراسیدا، مانای ئەوە نییە یەكێتی بە دیموكراسی و پاك و بێگەردی هەڵبژاردن دەتوانێت سیستمی سیاسی بگۆڕێت و هەموو شتێك بكەوێتە ژێر دەستی ئەو، بەپێچەوانەوە واتا شەڕی یەكێتی بۆ تەواوی ئەو هێز و لایەن و پێكهاتانەشە کە دەیانەوێت لە رەوشێكی پڕ لە دیموكراسی و ئازادیدا و بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد، ئەزموونی ئەم پڕۆسەیە بكەن و بارستایی و بوونی خۆیان بدۆزنەوە لەناو ئەم سیستمە سیاسییەدا.
بەمانایەكی دیكە، ئەو حزبانەی زۆر بڕوایان بە دەنگدان و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هەڵبژاردن هەیە لە ژینگەیەكی ئازاد و دیموكراتدا، رەنگە پێش هەموان خۆیان زەرەر لەو دۆخە دیموكراسی و ئازادییە بكەن، چۆن؟ كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت نەك تەنها هەڵبژاردن لە كەشێكی دیموكراسیدا بکرێت، بەڵكو هەرێمی كوردستانیش هەرێمێكی دیموكرات و ئازاد بێت و تەواوی ئازادییەكان و ئازادیی راگەیاندنیش دەستەبەر بكرێت، ئەوا ئەم دۆخە وایكردووە لە تەنیشی دەسەڵاتی یەكێتیدا چەندان حزب و كەس و بەرە و لیست بێنە ئاراوە و كاریگەریی هەبێت لەسەر پێگەی جەماوەریی یەكێتی لە ناوچەی نفوزی خۆیدا، چونكە دیموكراسی زەمانەتی ئەوەی بۆ یەكێتی پێ نییە كە لە هەڵبژاردندا ژمارەی دەنگ بۆ یەكێتی زیاد بكات، بۆیە رەنگە لە دەنگی یەكێتیش كەم بكاتەوە و دیموكراسی زەرەریشی پێبێت بۆ یەكێتی.
كەواتە، ئەو پێداگرییە توندەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە ژینگەیەكی دیموكراسیدا، پێش ئەوەی یەكێتی بكات بە براوەی هەڵبژاردن، یەكێتی دەكات بە براوەی بڕوابوونێكی تۆكمە و بەهێز بە دیموكراسی، واتە لە ئێستاوە یەكێتی براوەی دیموكراسییە و ئەو بڕوایەشی بۆ پێداگری لە پیادەکردنی ئەم پڕۆسە دیموكراسییە، تەنها دروشم نییە، دواتریش هەڵبژاردن حوكمی خۆی لەسەر یەكێتی دەدات.

وتارەکانی نوسەر