ئەفەندینامە

ئەمریکا و ئەمریکاکەی تر

10:57 - 2023-03-19
رەنج ئازاد
202 خوێندراوەتەوە

ئەمریکا و ئەمریکاکەی تر

رێکەوتنەکەی سعودیە و ئێران دووبارە دونیای بردەوە بەرەو باسکردن لە باڵاکردنی هەژموونی چین.
قسەکردن لەبارەی هەژموونی ئەمریکا و تاکجەمسەریی و ئەگەری هەڵکشانی جەمسەری دیکە بەرامبەر بە «مام سام»، بەتایبەت چین و روسیا، قسەی نزیکەی دوو دەیەی رابردووە، بەتایبەت لە دوای 11ی سێپتەمبەرەوە.
ئەوەی کە هەوادارانی تێکشکاندنی هەژموونی ئەمریکی بەسەر زۆرێک لە پرسەکان و ناوچەکانی جیهانەوە، هەوادارێکی زۆر بن، تا رادەیەکی زۆر ئاساییە، چونکە دونیای سەردەمی تاکجەمسەریی و هەژموونە ئەمریکییەکە دونیایەکی پڕ گرێ و گۆڵە، ئەمە جگە لە دیوە ئایدیۆلۆژییەکەی لایەنداربوون و دژ بە بوونی مۆدێلی ئەمریکی، بەڵام ئەوەش رەوایە کە ئەو مۆدێلەی لایەنی بەرامبەر بە نیازە بیکاتە جەمسەرێکی دیکە و گوایە موژدەی ژیانێکی باشتری پێیە، بخرێتە بەردەم پرسیار و نەشتەری گەورەوە، چی دەوێت و چۆن دەیەوێت پێیبگات؟
ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموون چوار چەکی سەرەکیی بەکاربردووە، سیاسی، سەربازی، ئابووری و کەلتووری، کوێی مەبەست بووبێت بیهێنێتە ژێر بار، لە رووی سیاسییەوە دەستوەردانی کردووە، بۆشی نەچووبێتە سەر، شەڕ و سەرباز ئامادە بوون. 
لە رووی ئابووریشەوە بە نزیکەیی سیستمێکی بەسەر جیهاندا سەپاندووە، کە دۆلار و کۆمپانیا و بڕیاری ئەمریکی تیایدا باڵادەست و هەژمووندارن، لەرێگەی میدیا و سینەما و شاشەشەوە لە زۆربەی جیهاندا کەلتوورێکی تاک رەنگ و کاڵاخواز و مەسرەفگەرایی لە خزمەت مۆدێلە ئابورییە بەرهەمهێنەرەکەی ئەمریکادا پەرەپێداوە، کە زیاد لە پێویست بەرهەم دەهێنێت و ناچاریشت دەکات بیکڕیت.
ئەی چین و روسیا دەیانەوێت چۆن ببنە جەمسەری بەرامبەر؟ 
راستییەکەی جیاوازییەکی وا نابینیت کە ئاماژە بێت بۆئەوەی مۆدێلەکەی بەرامبەر دەیەوێت دەستکاری مۆدێلە ئەمریکییە قەیراناوی و هەژموونخوازەکە بکات، روسیای پوتین دەستوەردانی سیاسی و سەربازیی لە ئۆکرانیا و سوریا و چەند وڵاتێکی دیکەشدا کردووە و دەکات و هەمان مۆدێلی ئەمریکی بۆ سەپاندنی هەژموون دووبارە کردۆتەوە.
چینیش لە رەهەندی ئابوورییەوە خەریکی هەژموونگەراییەکەیەتی، وەک ئەمریکا و زیاتریش کەوتۆتە بەرهەمهێنانی کاڵایەکی زۆر و زیاتر لە پێویست، بۆ دۆزینەوەی بازاڕیش درێغی ناکات لە بەکاربردنی هەر رێگەیەک کە کارەکەی بۆ مەیسەر بکات، وەک ئەمریکا خەریکی سەپاندنی هەژموونە ئابوورییەکەیەتی.
گرفتەکە لە هەوڵدان بۆ باڵادەستی و بوونی هەژموون نییە، بەڵکو لەوەدایە کە لە چاوەڕوانیی ئەڵتەرناتیڤی مۆدێلێکی قەیراناوی و خۆسەپێنی وەکو مۆدێلە ئەمریکییەکەدا، مۆدێل و جەمسەرگەلی دیکە لە ئارادان، کە ئامرازەکانی بەردەستیان بە نزیکەیی هەر ئامرازە ئەمریکییەکەیە، ئامانجەکەش گەڕاندنەوەی توانای بڕیاردان نییە بۆ هێزە مامناوەند و لاوازەکان، بەڵکو دووبارە بوونەوەیە بە بڕیاردەر لەبارەی شێوازی ژیان و چارەنووسی ئەوانەی دیکەوە، ئێ ئەمریکاش هەر ئەوەیکردووە، بەڵام جیاوازییەکەی چین دەخالەت نەکردنی سەربازیی و دەستوەردانی سیاسییە.
بە کورتی، ئەو مۆدێلەی لە ئارادایە و ئەوەی دیکەش کە دەیەوێت لەئارادا بێت، بە نزیکەیی مافی بڕیاردانیان بۆ ئەوانەی دیکە نەهێشتۆتەوە، بەدەستی خۆیان تابلۆکە دەکێشن، جەمسەرێکیان ئەمریکایە و جەمسەرەکەی دیکەش ئەمریکایەکی دیکەیە، تابلۆ کێشراوەکانیش بە نزیکەیی لەیەکدەچن، بەڵام یەکێکیان بە دۆلار پێتدەفرۆشێت و ئەوەی دیکەش بە رۆبڵ یان یوان.

وتارەکانی نوسەر