سوودی رێکەوتنی سعودیە و ئێران بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

11:03 - 2023-03-19
نۆڤین مەجید ساڵح
313 خوێندراوەتەوە

سعودیە و ئێران بە هاوکاری چین، بە رەسمی رێکەوتن لەسەر کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان کە لە ساڵی 2016ەوە پچڕاون. زۆرێک لە بەرپرسان و شرۆڤەکارانی خۆرئاوا سەریان سوڕما لەو راگەیاندنە. ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوا دەترسن ئێران کەڵک لەم رێکەوتنە وەربگرێت بۆ دەربازبوون لە چڕبوونەوەی گوشارەکانی خۆرئاوای پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. هەروەها ترسی ئەوەیان هەیە ئێران و سعودیە لەم رێگەیەوە بتوانن هاوکاری زیاتری روسیا بکەن لە جەنگی ئۆکرانیادا. 
هەرچەندە رێکەوتنەکە رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، بەڵام ئاسۆی ئارامیی زۆر پێویست لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشکەش دەکات. بەگشتی ئەم رێکەوتنە سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت. هەروەها سوود بە چین و هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوا دەگەیەنێت، کە سەرەڕای کێبڕکێیەکی جیهانی فراوان، بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە دڵنیابوون لە سەقامگیری ناوچەکە. ئێستا ئەوروپاییەکان پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن دەتوانن یارمەتیدەربن لە چەسپاندنی دەستکەوتە سەقامگیرکەرەکانی رێکەوتنەکە، تەنانەت لە کاتێکدا کێشەی جددیان لەگەڵ ئێراندا هەیە.

رێکەوتنەکە واتای چی دەبێت؟
لە دەیەی رابردوودا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تووشی دەرەنجامە ناسەقامگیرکەرەکانی رکابەریی سعودیە و ئێران بۆوە، کە لە یەمەن و سوریادا کاریگەری کوشندەی هەبوو. جگە لەوەش، هێرشەکانی دژی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئیمارات و ژێرخانی وزەی سعودیە لە ساڵانی 2019 و 2020. کە دەوترێت ئێران رۆڵی هەبووە تێیدا، ئەوەمان پێدەڵێت کە هەردوو وڵات بەشدارییان کردووە لە تێکچوونی ئاسایشی وزەی جیهان و سەلامەتی رێگە دەریاییەکان کە گرنگن بۆ پەیوەندییە جیهانییەکان.
وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن سوود لەم رێکەوتنە ببینن ئەگەر هاتوو رێکەوتنەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا. بۆ نموونە یەمەن، کە ئێران رۆڵی لە بەشێکیدا هەیە و دەتوانێت هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی لەو وڵاتەدا بە ئاسانی بجووڵێنێت. ئەمەش چەند ساڵێکە سعودیەی بێزارکردووە و یەمەن وەک مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت، بەڵام ئەگەر رێکەوتنەکە جێبەجێ کرا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەمەن تا رادەیەک ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت. بە هەمانشێوە بۆ وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوە کە کەوتونەتە نێوان ململانێکانی ئێران و سعودیە.

رۆڵی چین لە رێکەوتنەکەدا
ئەم رێکەوتنە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی پەیوەندی چین لەگەڵ ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. سەرکردەکانی چین دەزانن (وەک هاوتا خۆرئاواییەکانیان) کە ناسەقامگیریی جوگرافی هەڕەشە لە بەرژەوەندییە گرنگەکان دەکات، بەتایبەتی لە بواری وزەدا. هاوکات، سعودیە، چین وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو دەبینێت وەک تاکە ئەکتەرێک کە کاریگەرییەکی راستەقینەی بەسەر ئێراندا هەیە. سعودیە پێشبینی دەکات چین ببێتە گەرەنتی ئەم گرێبەستە چیتر تەنها سەربەخۆییەکی ئابووری نەبێت.
رۆڵی چین لە ئاسانکاری ئەم رێکەوتنەدا بۆ واشنتۆن کارێکی نابەجێیە. ئەمەش دەرەنجامێکی مەبەستدار بوو بۆ سەرکردەکانی سعودیە، کە هیوادارن هەڕەشەی پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی چین ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا. بە شێوەیەکی فراوانتر ئاماژە بە گۆڕانی دیمەنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە ماوەیەکە بە زیادبوونی فرە جەمسەرییەت دیاری کراوە.
چین هێندەی ئەمریکا و ئەوروپا تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی سیاسەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئارەزووی خۆی دابڕێژێت. شارەزایان پێیان وایە، چین ساڵانێکە هەوڵی رێکخستنی ئەم رێکەوتنە دەدات. عیراق کە ساڵانێکە وەک نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە دەردەکەوێت، پاڵپشتی چینی بەدەست هێنابوو بە مەبەستی نزیککردنەوەی هەردوو وڵات.

دەبێت کاردانەوەی ئەوروپییەکان چۆن بێت؟
بەگوێرەی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەوروپا، پێویستە سەرکردەکانی ئەوروپا، بە جەختەوە پشتگیری لە ئاسۆی سەقامگیرکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەم رێکەوتنە دەرگاکان بۆ ئەوروپا دەکاتەوە بۆئەوەی کاریگەریی ناوچەیی خۆی بۆ پشتیوانی لەم ئامانجە بەرزبکاتەوە. ئەوروپییەکان یاریزانی یەکلاکەرەوە نابن لە داڕشتنی کارنامەیەکی سیاسی و ئەمنی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام کاریگەرییان هەبێت لەسەر چەسپاندنی دەستکەوتەکانی رێکەوتنەکە و چەسپاندنی هاوکارییە ناوچەییەکان. بۆ نموونە دەتوانن ئەرکی ئاسایشی دەریایی کەنداوەکەیان زیندوو بکەنەوە، کە هەر لە سەرەتاوە وەک ئەرکێکی گشتگیر بیری لێکرایەوە کە هەموو ئەکتەرە ناوچەییەکان بەشداربن بۆ رزگارکردنی ململانێی فەزای دەریایی.
ئەوروپا کە ئێستا بەدەستهێنانی وزەی کەم بۆتەوە، دەکرێت بیر لەوە بکەنەوە کە سوود لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی وزە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر بێت. بۆیە پشتگیرییکردن لەم رێکەوتنە، دەتوانێت ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا بەدیبهێنێت. 

کاردانەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل
رێکەوتنەکەی ئێران و سعودیە، هەوڵەکانی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ سزادانی تاران دوادەخات. هەندێک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، نەتانیاهو لە ئەمریکا نیگەرانە، چونکە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل پێویستی زۆری بە ئەمریکایە، ئەمریکا پێگەی لاواز بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمریکییەکانیش بە مەترسییەوە دەڕواننە رێکەوتنەکەی سعودیە و ئێران، چونکە ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ لاوازکردنی ئێران و گۆڕینی رژێمەکەی، بەڵام ئەم رێکەوتنە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێگەی سیاسی و ئابووریی ئێران بەهێز دەکات و بە شێوازێکی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسەتی جیهاندا دەردەکەوێت. 
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل، کە دەیویست پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سعودیەدا رێکبخاتەوە، وا هەست دەکات تا دێت دوور دەکەوێتەوە لە گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ سعودیەدا، کە دەوڵەمەندترین وڵاتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. رێکەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ سعودیە، ئامانجە هەرە گەورەکەی نەتانیاهو بەدی دێنێت و ناوچەکە لە قاڵب دەداتەوە و پێگەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی مێژوویی بەرز دەکاتەوە. تەنانەت لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی پشتەوەی ئیسرائیل و سعودیە گەشەیان کردووە، شانشینی سعودیە رایگەیاندووە کە بە رەسمی دان بە ئیسرائیلدا نانێت پێش چارەسەرکردنی ململانێی دەیان ساڵەی ئیسرائیل و فەلەستین.

دەرەنجام
سیناریۆکان لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەم رێکەوتنە چی بەسەر داهاتووی ناوچەکەدا دەهێنێت، یەکجار زۆرن. بەڵام ئەوەی روونە کە داهاتووی هەموو وڵاتانی ناوچەکە پەیوەستن بەیەکەوە. لێرەوە گرنگی ئەم رێکەوتنە دەدرەوشێتەوە، دوو وڵات کە ناکۆکییەکانیان گەشتبووە ئاستێک کە هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەرکەوتەی ململانێکانی ئەم دوو وڵاتە بوون. ئێستا کە ئەم دوو وڵاتە رێکەوتوون لەسەرئەوەی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بێگومان هەواڵێکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. 
چین لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە بەهێزی هاتۆتە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە و دەیەوێت وەک زلهێزێک کاریگەری هەبێت لەسەر گرنگترین و دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان. چین وڵاتێکە کە هەرگیز تێکەڵی جەنگ و ململانێکانی وڵاتان نابێت، چونکە گرنگترین جەنگ بەلای چینەوە جەنگی ئابوورییە. هەربۆیە سەقامگیربوونی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سوودێکی زۆر دەگەیەنێت بە ئابووری چین و زیاتر بەرژەوەندییەکانی قووڵ دەکاتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
ئەمریکا کە دەیەوێت ئێران لاواز بکات و دووبارە سعودیە بەلای خۆیدا رابکێشێت، هەموو هەوڵێک دەدات بۆئەوەی رێکەوتنەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان شکست بهێنێت و دابمرکێتەوە. بەڵام ئەوەش روونە کە ئەم سەردەمە تەواو سەردەمێکی جیاوازە. چیتر ئەمریکا بە تەنها خاوەن بڕیار نییە. ئێستا جیهان بووە بە جیهانێکی فرەجەمسەر و وڵاتانی دیکە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر سیاسەتی جیهان، هەروەک چۆن ئێران و سعودیە دەیانەوێت ئەو کاریگەرییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکەن. 
سەرچاوەکان:

• Reuters
• France24
• The intercept 
• Al Jazeera English

رێکەوتنی سعودیە و ئێران بەسەرپەرشتی چین

وتارەکانی نوسەر