لە یادی پەخشی ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستاندا

10:00 - 2023-03-20
وتار
277 خوێندراوەتەوە

دێدەوانی یەعقوب

چۆن بتوانین رۆڵ و كاریگەری قۆناغەكانی خزمەتی ئیزگەكە باسكەین؟
مرۆڤ كاتێك دەیەوێ بۆ وەها مێژوویەك چەند دێڕێك بنووسێ، بەڕاستی نازانێ لەكوێوە دەست پێبكات و چۆن كۆتایی پێ بهێنێت.
ئاخر بیهێننە بەرچاوتان دەنگی ئیزگەیەك لە رۆژگاری هەرە تاریكی پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول و كپبوونی دەنگی ئازادی و شۆڕشی كورد و بێ هیوایی كورد، تروسكاییەك بداتە چاوی خەڵك و زەنگێگ بدات بەگوێی دوژمن و داگیركەراندا و هێزێكیش بێت بۆ میللەتی تینووی ئازادی و ببێتە ئەو بڵندگۆیەی كە پێشمەرگە بڵێن زۆرپێمخۆشە شەهیدبم تا ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان خەباتنامە و ژیاننامەكەم بخوێنێتەوە.
ئێزگەیەك هێندە كاریگەری هەبێ رژێمی بەعسی دژە ئازادی چەندان ئیزگەی تەشویشی لە بەرامبەر دابمەزرێنێ و میلۆنان دیناری ئەوكاتی تیادا خەرج بكات تەنیا بۆ ئەوەی دەنگی ئەو ئیزگەیە نەگاتە گوێی خەڵك، دەبێ چ ترسێكی خستبێتە دڵی بەعسییەكانەوە؟!
ئاخر رادیۆیەك كە ئەوێ رۆژێ لە كونەئەشكەوت و بن بەرد و ژێر بۆردومان و گواستنەوە و باركردن و كەمی ئامێر، هێشتا توانیبێتی لە هەمبەر تەواوی راگەیاندنەكانی ئەوان رۆژانی دەسەڵاتی بەعسییەكان و شۆڤێنیەكان رابوەستێ و بەرپەرچی درۆكانیان بداتەوە، چالاكی پێشمەرگە بگەیەنێ و مەرام و تاوانەكان و دڕندەیی بەعسییەكان بەچەند زمان بە دنیا و كۆمەڵانی خەڵك رابگەیەنێ، دەبێ قورسایی ئەو ئیزگەیە چەندبووبێ؟.
دەنگی گەلی كوردستان هێندە كاریگەربووە لە گۆڕەپانی ئەوێ رۆژێی سەختی خەبات كە ناكرێ و ناشێ كاتێك باسی راپەڕینی 1991 دەكەین، راستەوخۆباسی رۆڵی ئەو ئیزگەیە نەكەین.
دیارە ئەوەی كە زۆریش گرنگە دوای راپەڕینیش ئەو ئیزگەیە توانی لەگەڵ دەرچوونی سەدان  رۆژنامەو گۆڤار و دواتریش رادیۆ و تیڤی و سەتەلایت و ئینجا تا دەگاتە ئەمڕۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆسیال میدیا و پەیجەكان، ناسنامەی خۆی بپارێزێ و لەگەڵ پێویستی سەردەم هەنگاو هەڵێنێ و لە خەڵكیش دانەبڕێ و خەڵكیش لە ئیزگەكە دانەبڕێت، دەپێم بڵێن ئێوە و خواتان چۆن وەسف دەكرێت؟.
جا رادیۆیەك خاوەنی ئەو هەموو خاڵە شانازی بەخشەبێ، ئەستەمە بتوانین نەك هەقی خۆی پێبدەین، بەڵكو ناتوانین هەقی رۆڵ و كاریگەری و خزمەتی یەك مانگیشی پێبدەین.
بۆیە پێموایە دەبێ شارەزایان چەندان بابەتی گرنگ وتوێژینەوەی دیرۆكی ولێكۆڵینەوەی جۆری لەبارەوە بكەن..

وتارەکانی نوسەر