لەناو رووداوەکاندا

بەرەو عیراقێكی بەهێز

10:17 - 2023-03-20
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
262 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا وتارێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقم لە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتدا خوێندەوە بەناونیشانی «عیراق 2050، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و گەڕانەوەی شارستانی و سەروەریی بۆ بەغدا»، رەخنەم لە ناونیشانەكە نییە و بە راستیش رەنگە ئەوە خەونی «سودانی» بێت كە لە ماوەكانی تەمەنی خۆیدا هەنگاو بەرەو ئەو «عیراقە بەهێزە» بنێت وەك خۆی لە وتارەكەیدا دەڵێت، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە كە، ئایا عیراقییەكان بە چەندان سەدە و ساڵ، بە چەندان سەرۆك و حكومەت نەیانتوانیبێت عیراق بكەنە عیراقێكی بەهێز، ئێستا سودانی دەتوانێت گۆڕانێكی جۆریی لە مێژووی عیراق و دەسەڵات و فۆرمی حكومڕانیدا  بكات؟
هەر دیدگایەكی نوێ بۆ عیراقێكی نوێ، شتێكی باشە و رەنگە بەپێی گرنگی و گەورەیشی، شتێكی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە پێی فەلسەفەی مێژوو «هەموو شتێكی نوێ بۆئەوەی جێی خۆی بگرێت، دەبێت شتە كۆنە دژەكانی لابەریت»، كاتێكیش هەر سەرۆك و تاكێكی عیراقی خەونی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی شتێكی نوێ بۆ عیراق «تەنانەت بۆ عیراقێكی نوێش»، دەبێت سەرەتا عیراقییەكان بەربەستە كۆنەكان لابەرن تا بچنە دەرەوەی مێژووە كۆنەكەی خۆیانەوە، بەڵام ئەمەش چەندە بە قسە و نووسین ئاسان بێت و خەونبینین پێیەوە زۆری نەوێت، دواجار لە باری كردارییەوە قورسە و زۆری دەوێت و تاقەت پروكێنە، چونكە ئەم ژینگەیە كە لێوانلێوە بە چەندان پەتای ناچوونیەك، ئەگەر چارەسەر لە گۆشەیەك بێت و نەخۆشییەكان لە دەیان و سەدان گۆشەی ترەوە، ئەوا ئەستەمە جەستەیەكی سیاسی بەهێز لە2050دا دروست ببێت.
هەموو ئەوانەی زەخرەفەی عیراقێكی نوێ و بەغدایەكی جیاواز و ژیانێكی نوێ بۆ ئەم سەرزەمینە بە هیوا دەخوازن، لە «ئەبو جەعفەری مەنسور»ەوە، لە 17 ساڵی ناكۆكی عیراقییەكان و بەریتانییەكاندا لەسەر نەوت، لە شەڕی كوفییەكان و كەربەلاییەكانەوە بۆ شەڕی «غازی»و سەربەخۆیی بڕیارەكانی عیراق، بەتەواوی ئەو ململانێیانەشەوە كە فۆرمی نوێیان وەرگرتووە وەك شیعە و سوننە، كورد و عەرەب، تەنانەت هەندێكجار جەمسەرەكانیش لە عیراقدا، هەمان خەونی ئەو عیراقە بەهێزەیان هەبووە كە «سودانی» باسی دەكات، بەڵام بەزۆر نابێت! 
ئەم خاكە هەموو شتێكی جوان و هەموو هەوڵێكی باش فڕێ دەداتە دەرەوەی خۆی، جگە لە شەڕ و كوشتار و خوێنڕشتن.
خەوبینین بە عیراقێكی بەهێزی نموونەییەوە، هەرگیز نوێ نییە بە گوێ و ئاوەز و تاكی عیراقی، دەتوانم بڵێم مێژووی ئەم گوتەزایە «عیراقێكی نوێ_ بەهێز_ نموونەیی» هێندەی مێژووی خودی عیراق درێژە، مرۆڤ نییە لەم سەرزەمینەدا ژیا بێت و ئاشنای ئەم ئیدیۆمە چەندبارانە نەبووبێت، سەرۆك و بەرپرس و دەسەڵاتێك بەم عیراقەدا تێنەپەڕیوە ئەم دروشمەی بە گوێی عیراقییەكاندا نەدابێت و باسی ئەم عیراقەی نەکردبێت، بەڵام دواجار عیراقێك ماوەتەوە لە شكڵە باوە مێژووییەكەی خۆیدا بووە، لە بازنەی مێژوویی نەچۆتە دەرەوە، واتە ئەم عیراقە عیراقی هەر سەرۆك و سەردەمێك بووبێت، عیراقێك بووە كوڕی شەرعی مێژووەكەی خۆیەتی.

وتارەکانی نوسەر