ئیلیان بەرزان
سۆشیال میدیا لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر بووەتە بەدیلی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە روبەڕووەکان و جێگرەوەی ئەو ژیانە سروشتییەی لە رابردوودا هەبووە هەروەها بووەتە پێگەیەکی فراوان بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و وەک هۆکارێکی راگەیاندن کاردەکات.
بەپێی دوایین ئاماری سەنتەری میدیای دیجیتاڵی، لە تەواوی عیراق زیاتر لە 25 ملیۆن بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن، كە زۆرینەیان تیك تۆك و یوتیوب و فەیسبوك بەكاردەهێنن.
ئەم هۆکارە خێرایەی گەیاندن، ئەگەر بە وریایی و لێزانییەوە لەلایەن خاوەنکار و سەرمایەداران و بەتایبەت ئەو کەسانەی تازە دەست بە کارێکی نوێ دەکەن بەکاربهێنرێت دەکرێت ببێتە شوێنێکی باش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و کاڵا و شمەکەکانیان بەبێ بەکرێگرتنی دوکان و شوێنی ئیشکردن، لەبەرئەوەی بازاڕێکی خۆڕاییە بۆ فرۆشتن تەنها بە بەکارهێنانی مۆبایلەکەت بە زیرەکی و لەبەرچاوگرتنی چەند تەکتیکێک.
یەکەم بینینی کڕیار ناو و روی پەیجەکەتە و دەبێتە ناسنامەی کار و بزنسەکەت، بۆیە پێوستە لۆگۆیەکی تایبەت و جیاواز تایبەت بە کارەکەت دروست بکەیت، پاشان بایۆیەکی کورت و پوخت و رێگاکانی پەیوەندییکردن بەڕوونی بخەرەڕوو.
هاوکات بوونی گەیاندن (دیلیڤەری) بۆ شار و شارۆچکەکان یەکێكی دیکەیە لە رێگە خێراو باوەکان بۆئەوەی زووتر کاڵا و شمەکەکەت بگاتە کڕیار و بیانووی هاتوچۆی لەکۆڵ بکەیتەوە.
بڵاوکردنەوە و دانانی وێنە و ڤیدیۆی کوالێتی باش و جوانی بەرهەمەکەت لە پەیجەکەتدا کە جیاواز بێت و ببێتە ناسنامەت وا دەکات زیاتر کاڵاکەت سەرنجڕاکێش بێت لەلای کڕیار.
دانانی ستۆری جیاواز و بەردەوام رێگەیەکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بەکڕیار لەبەرئەوەی هەندێک کەس تەنها ستۆری دەبینێت و هانی دەدات سەردانی پەیجەکەت بکات و تەواوی بەرهەمەکانت ببینێت.
وەڵامدانەوەی کۆمێنت و نامەی فرێند و فۆڵۆوەرسەکانی پەیجەکەت هۆکارێکی گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵیان بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بزنسەکەتیان لەبیربێت،
سپۆنسەرکردنی جوانترین و باشترین وێنە و ڤیدیۆکانت یەکێكی ترە لە رێگە زیرەکەکانی بەکاریدەهێنیت بۆ گەیشتن بەو کەسانەی هێشتا ناتناسن.