دەنگ و سەدای داهێنانی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ تا چەند رۆژێک بەر لەئێستا، لای هەندێ لایەن هێندە زوڵاڵ بوو کە هەر کاتێک پێچەوانەکەیت شرۆڤەکردبا، دەکەوتیتە بەردەم یەک ریز تانە و تەشەر و هەڵمەتی تەخوین و دژبەری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، پتر لەوەش رەخنەباران دەکرای لەسەر ئەوەی گوایە قەوارەی هەرێم و ئاییندەی حکومڕانییەکی تەندروستی خۆکرد، بەندە بەو سیاسەتەوە. لەجیاتی ئەوەی لۆژیکیانە بیر لە ئەنجامەکەی بکرێتەوە رۆژ لەدوای رۆژ ئەم پرسەیان کردە چەقی ململانێیەکی دوور و درێژ لەگەڵ ناوەند دا، تا دواجار بەدەرهێنانی نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی قووڵ کرا و نزیک بە «10» ساڵیش هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی ئەم هەرێمە باجە قورسەکەیان لەپێناویدا دا.
بالەوە گەڕێین کە ئەم رێکەوتنە لەچ بارودۆخێکدا کراوە و بەم خێراییە چۆن سەرۆکی حکومەت لەچاوتروکانێکدا، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە مەلەفی ئابووریی سەربەخۆ دەبێ دابخرێ و نەوت بەهەموو وردەکارییەوە رادەستی بەغدا بکاتەوە، چونکە ئەوە روونە لەژێر گوشاری بڕیارەکەی دادگای پاریسە، بائەوەش نەڵێین کە رێکەوتنەکە هاوسەنگە یا لاسەنگ! ئەوەیان بابەتی ئێمە نییە، بەڵام هەر وتە راشکاوەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی هەرزانفرۆشکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە بەسە کە بەڵگەن لەسەر نادروستی ئەم رێگەیەی کە هەرێم دیسانەوە لەبارەی سەربەخۆیی مامەڵەکردنەوە داویەتی و روون و رەوان دیارە کە ئەم بێ ئەرزکردنەی خێر و بێری وڵات لەپێناوی چی بووە و خێر و بێرەکەی بۆکێ بووە؟
خەڵکی کوردستان دوای گەیشتن بەم دۆخە مافی خۆیەتی بپرسێت: لەم هەڵڵا میدیاییە و لەم نوقڵانەی سەربەخۆییە کە 10 ساڵی تەواوە بە بودجەی زەبەلاح و بە پارەی نەوتەوە سەرچاوە و کەناڵی قەبەی میدیایی پێ تەمویل دەکرێت ئامانجەکەی گەیاندینیە کوێ؟
عینادیی سیاسی
ئیتر پێموایە سەردەمی گەوجاندن و سەرلەقاندن کۆتایی هات، خەڵکی کوردستان دوای گەیشتن بەم دۆخە مافی خۆیەتی بپرسێت: لەم هەڵڵا میدیاییە و لەم نوقڵانەی سەربەخۆییە کە 10 ساڵی تەواوە بە بودجەی زەبەلاح و بە پارەی نەوتەوە سەرچاوە و کەناڵی قەبەی میدیایی پێ تەمویل دەکرێت ئامانجەکەی گەیاندینە کوێ؟ ئەی بەگوتەی خۆیان نەشئەی کوردایەتی کە بەعینادی سیاسی جۆش دەدرا چی لێهات؟ چارەنووسی دۆخی خراپ و سەرهەڵگرتنی دەیان هەزار گەنج و لاوی ئەم وڵاتە و مووچە و قووتی بڕاو و دواکەوتنی سەدان پڕۆژە و وەستانی پڕۆسەی پەروەردە و بنیادنانی هزری نەوەیەک، زیادبوونی بێکاریی و کەڵەکەبوونی دەیان قەیرانی تر لەم هەرێمە بچووکەدا کێ قەرەبووی دەکاتەوە؟ هەر بەڕاست لە دوای ئەم هەنگاوە دەکرێت جەنابی سەرۆکی تیمی پارتی لە حکومەتدا شکستی ئابووریی سەربەخۆ رابگەیەنێت و راشکاوانە بڵێ هەڵەمان کرد؟
پێم وایە ئەم رێکەوتننامەیەی لە جەنابی سەرۆکی کابینەی نۆ وەرگیراوە، هەرچۆنێک بێ رێگە دروستەکەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، خۆ ئەگەر لێکەوتە و قۆناغەکانی دوایی لێبگەڕێن، ئاهێک دێنێتەوە بەر هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە، کە دەڵێین لێکەوتە واتە هێشتا بوار بۆ مانۆڕی بێ سەمەر ماوە تا تەگەرە بخەنە بەردەم ئەو رێکەوتننامەیە، بۆ نموونە ئەو هەموو کۆمپانیا وەهمیە و ئەو هەموو خاڵە گومرگییەی کە هەیە لەمەودوا چۆن ئیدارە دەدەن کە بەلێشاو زیاتر لە نیوەی داهاتەکانیان قووت دەدرێت، یا ئەو هەڵاوسان و ژمارە زۆرەی فەرمانبەران کە لە هەرێمدا هەیە و هەمیشە خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە چۆن مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت، ئەگەر بەچەشنی دۆسێی نەوت کاتی پێ بکوژرێ، دوور نییە قەیرانێکی مەترسیدارتر لە دوای ئەم رێکەوتنەشەوە بخوڵقێنێ!
چەقی چارەسەری کێشەکان بەغدایە
خۆمان بەخۆشحاڵ و بگرە ئاسوودەش دەزانین کە هەر لەسەرەتای ئەم رێچکە هەڵەیەی ئەندازیارانی ئابووری سەربەخۆ گرتیان، قسەی جددیمان هەبوو، هەر لەم گۆشەیەی کوردستانی نوێدا پشت ئەستوور بە هەنگاوەکانی چارەسەر و روئیای دیار و حاشاهەڵنەگری «یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان» کە هەمیشە نەرم لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵەی کرد، چەندین وتارمان لەبارەی «ئافاتەکانی نەوت» و «لێکەوتەکانی دوای دەرهێنان و بەبازاڕکردنی نەوت» و «پرسی سەربەخۆیی نەوت» لەگەرمەی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا نووسی و وتمان کە چەقی چارەسەری کێشەکان بەغدایە نەک ئەنقەرە! ئەمڕۆش کە دەبینین بە ناچاریی باتانداوەتەوە سەر بڕوا و قەناعەتی راستەڕێی نەگۆڕی یەکێتیانە، پێتان دەڵێینەوە تکایە رێکەوتنەکە جددی وەربگرن و لێکەوتەکانیشی لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا قبوڵ بکەن.
دۆسێی نەوت و غاز دۆسێیەکی قورسی نێوان هەرێم و بەغدا