عیراق لە 20 ساڵی راگوزەردا

10:08 - 2023-04-11
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
450 خوێندراوەتەوە

رۆژی رووخانی رژێمی بەعس بۆنەیەکی دڵخۆشكەر و مێژووییە بۆ هەموو عیراقییەكان، کە بەو هیوایە بوون لە عیراقی نوێدا كۆتایی بەو هەموو ئازار و ناخۆشییانە بێت كە لە رابردوودا بینیبوویان و ئاهێك بە ئازار و برینی جەستەیاندا بێتەوە.
ئەوان هەمیشە لەو باوەڕەدابوون رۆژێك دێت دەسەڵاتی داگیركەر و خوێنڕێژی مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان كۆتایی دێت، چونكە جەستەی برینداری كورد و عەرەب و گەلانی دیکەی ئەم وڵاتە، مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە لە قوربانیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی دیکتاتۆریی.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، گەلانی عیراق بەو هیوایە بوون سەردەمی خۆشگوزەرانی دەستپێكات، شەڕ و ململانێ و خوێنڕشتن كۆتایی پێبهێندرێت و گەنجان ژیانیان لەخۆشگوزەرانیدا بێت، دەستپێشخەر و سوودمەندبن لە بەرەوپێشچوونی وڵاتەكەیاندا .
بەداخەوە دووبارە عیراق بارودۆخێكی ناسەقامگیری دەستپێكردەوە لە ململانێی نێوخۆیی و تـا سەرهەڵدانی چەندین گروپی تیرۆریستی، هەزاران كەس بوونە قوربانیی ئەو بارودۆخە، لەلایەکی تریش دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان بارودۆخەكەی زیاتر ناسەقامگیر کردووە. سەرهەڵدانی داعشیش درێژكراوەی ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرە بوو كە لەعیراقدا دەگوزەرا .
برینی خەڵکی کورد، لەئەنفال و كیمیاباران و ماڵوێرانی و قوربانیدان، تاوەكو ئێستا سـاڕێژنەبووە. 
راپەڕینی كورد و كۆتاییهاتن بە رژێمی بەعس و دامەزراندنی هەرێمی كوردستان، هیوا و ئومێدی بۆ كورد گەڕاندەوە كە لەو قۆناغە بەدواوە بگات بە خەونی مێژوویی خۆی و مافی چارەی خۆنووسین كە هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە بۆ ئازادی و قبووڵنەكردنی زۆرداریی گیانی خۆی تێدا بەختكرد. 
هەمیشە كورد وا بیریدەكردەوە بەنەمانی دەسەڵاتی رژێمی بەعس كورد سوودمەند دەبێت لە نەوت و خێروبێر و داهاتی وڵاتەكەی ،بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دەیبینین، دوای ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەر گەلەكەماندا هات، هێشتا نەگەیشتووین بە خەونەکانمان و خەریکە ئازاری رابردوومان نوێ دەبێتەوە لەپای پاراستنی بەرژەوەندیی تەسک و حکومڕانی تاکڕەوی .
عیراقییەكان ئەمڕۆ بە گشتی دەیانەوێت وڵاتەكەیان دووربێت لەئاژاوە و ململانێ و دەستوەردانی دەرەكی، بۆ ئەوەی زامنی بەرژەوەندییە باڵاكان بكرێت و بگەن بەو ژیانەی كە خەباتیان بۆ كردووە و قوربانیان بۆ داوە و شایستەی هەموو هاووڵاتییانی وڵات بێت.

وتارەکانی نوسەر