سۆشیال دیموكرات، ئامڕازێكە لە ئامڕازەكانی گەیشتن بە سۆشیالیزم و، تێكۆشانە بۆ هێنانەدی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران لەسەر بنەمای ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ریفۆرمی ئابووری بەردەوام بەرەو كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان چینەكانی (هەژار و دەوڵەمەند)، بەو مانایەی كە حزبە سۆشیال دیموكراتەكان لە رێگەی دیموكراسییەوە دەیانەوێت بگەنە دەسەڵات بە مەبەستی پیادەکردنی بەرنامەكانیان كە بریتین لە ریفۆرمی كۆمەڵایەتی و ئابووریی، بە قازانج و بەرژەوەندی كەمدەرامەتەكان، لەرێگەی رەخساندنی هەلی كار و بواری خوێندنی یەكسان و زامنكردنی تەندروستیی باش و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان بێ جیاوازی.
دیارە لەرووی مێژووییەوە پارتی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا یەكەم حزبە كە هەڵگری ئەم ئایدۆلۆجیایە بووە، (ئیدوار بیرنشتاین) لە ساڵانی (1850- 1932) كە دامەزرێنەری ئەو حزبە بووە و بیری سۆشیال دیموكراتی داڕشتووە و بڵاویكردۆتەوە بە وڵاتانی دیكەی ئەوروپادا.
لەدوای روخانی دیواری بەرلین، كە بە كۆتایهێنانی جەنگی سارد و سەرهەڵدانی تاكجەمسەری و برەوسەندنی سیستمی دیموكراسی و لیبڕاڵی، پاشەكشەكردنی سیستمی کۆمۆنیستی ئەو ئاڕاستەیەی وەرگرت.
سیستمی باج وەک سەرچاوەی داهات
هەربۆیە لەدوای ئەو رووداوە و ئێستاش بەشێك لە هێزە سەرەكییەكانی كوردستان بانگەشەی ئایدیۆلۆجیای سۆشیال دیموكرات دەكەن، واتە لە دروشمەكانیان و پەیڕەوەكانیاندا كار و بەرنامەی سۆشیال دیموكراتیان جێكردۆتەوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان كار بۆ بەرنامەكانی دەكەن.
لەو روانگەیەوە هەموو حكومەت و دەسەڵاتێك بۆ بەڕێوەبردن پێویستی بە خەرجی و بودجەی گشتی هەیە، بۆ ئەوەش پێویستی بە سەرچاوەی داهاتی گشتی هەیە، تا سەرچاوەكان بۆ خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە تەنیا لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا نەبێ، ئەوا پێویستە لەسەر دەسەڵاتی یاسادانان بە یاسا بڕیار لەسەر هێنانەدی كۆمەڵگەی خۆشگوزەران بدرێ، لە رێگەی بودجە و یاساكانی بوارە جیاجیاكانی ژیان، چونكە بوارەكان هەموویان پێكەوە گرێدراون بۆ هێنانەدی ئازادی و یەكسانی و عەدالەت لەناو كۆمەڵگەدا، وەك خوێندن و تەندروستی و چاودێری بەساڵاچوان و خانەنشینی، ئەوەش وا پێویست دەكات سیستمی باج وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی دەوڵەت تەماشا بكرێت و كاری لەسەر بكرێت، لەرێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە یاسای گونجاو كە لەگەڵ هەلومەرجە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا پەیڕەوبكرێت، كە وەك دووبارە دابەشكردنەوەی سامان لە نێوان چین و توێژەكاندا بڕوای پێبهێندرێ.
بەو مانایەی وەك پایەیەكی خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی ببینرێ، نەك لە رێگەی ئەو باجە ناڕاستەوخۆیانەی كە بە شێوەی یەكسان بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا دەسەپێندرێ، كە ئەمە وادەكات كەمدەرامەتان، وەك خاوەن داراییە بەرزەكان باج بدەن، واتە لەگەڵ زیادبوونی كۆمپانیا و كارگەكان واباشتر و گونجاوترە كە باج لەسەر سەرمایەی قازانجی بەدەستهاتوو زیاد بكرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی و زیادكردنی داهاتی گشتی دەوڵەت كە دواتر دابەش بكرێتەوە لە رێگەی خزمەتگوزارییە پێویستیە گشتییەكانەوە.
ئەمە وادەكات حكومەت هەمیشە خۆی بە قەرزاری هاوڵاتییەكانی بزانێت و هاووڵاتییش دەنگی دلێرتر بێ بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری زیاتر، بە واتایەكی تر هاووڵاتی زیاتر داوای شەفافیەت لە حكومەت و دەسەڵات دەكات. واتە دەپرسێت چۆن و بۆچی و لەبەر چی بە چ پێوەرێك ئەو داهاتانەی كە دەستی دەكەوێت خەرجی دەكات؟ ئەمەش وادەكات كە حكومەت باشترین خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكات كە ئەمە روویدا ئەوا ركابەری نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان زیاتر دەكات، بەڵام كە سەرچاوەی داهات تەنها نەوت بوو، ئەوا حكومەت بە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، هەندێكجار بەهانەی ئەوەی بەدەستەوە دەبێ كە خزمەتگوزارییە مادییەكان كەمتر پێشكەش بكات.
مافی دارایی هاوڵاتیانیش لەو نێوەندا بەردەوام لەدواكەوتندا دەبێ. لەلایەكی دیكەوە هۆكارێك دەبێ بۆ جۆرێك لە كەمكردنەوەی بەرهەم و نەبوونی كێبڕكێی بەرهەمدار، وەك ئەوەی كە ئێستا دەبیندرێ. بۆیە ئەوكاتە گەر پرسیارەكانیش بكرێت ئەوا كەمتر دەكرێ.
لەگەڵ زیادبوونی كۆمپانیا و كارگەكان واباشتر و گونجاوترە كە باج لەسەر سەرمایەی قازانجی بەدەستهاتوو زیاد بكرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی و زیادكردنی داهات
سۆشیال دیموکراتەکان دەبێ چی بکەن؟
ئەرکی پارتە سۆشیال دیموكراتەكانە گوشار بخەنە سەر حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتەی كە لە خزمەتی هاووڵاتی و دەستەبەركردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و مافە سەرەتایی و خۆشگوزەرانییەکاندایە.
بەپێی بەرنامەكانیان هەوڵبدەن دەسەڵات بگرنەدەست بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە، گەر لە دەرەوەی دەسەڵاتبێ كەمتر دەتوانێ بۆچوون و بەرنامەكانی جێبەجی بكات، بەڵام دەتوانێ چاودێرێكی بەهێزبێ لەسەر هەموو جومگەكانی حكومڕانی و كەموكوڕییەكان لە رێگای گوشاری مەدەنیانە و چالاكیی جۆراوجۆر بۆ هاووڵاتی روونبكاتەوە، تەنانەت وا لە دەسەڵاتیش بكات رێڕەوی نەگونجاوی خۆی بگۆڕێ بەرەو خزمەتگوزاری.
پێویستە لەسەر پارتە سۆشیال دیموكراتەکان، چاودێرێكی چالاكی سەر كەرتەكانی پەروەردەو فێركردن و تەندروستی بن كە ئایا مەبەستیان تەنها بەدەستهێنانی قازانجە، یان قازانجێكی كەم و بەرزكردنەوەی كوالێتی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی بە فێرخواز و نەخۆشەكانیانە.
نابێ جیاوازییەكە ئەوەندەبێ كەرتی گشتی پشتگوێ بخرێت، چونكە جاری وا هەیە ئەو كەرتە بەوە وێنە دەكرێت كە زۆرتر هەژارەكان سوودی لێوەردەگرن، واتە لە پاڵ گەشەی كەرتی تایبەتدا برەو بە كەرتی گشتیش بدرێت، تا ململانێكان تەندروستر بن، چونكە گەر ئەو جیاوازییە روویدا ئەوا دەبێتە دەستپێكی دروستكردنی جیاوازی چینایەتی و دووركەوتنەوەی زیاتری چینەكانە لە یەكتری.
کەلێن نەکەوێتە نێوان چینەکان
ئەگەر جیاوازیی چینایەتی كەلێنەكەی گەورە بوو، لەلایەك مەترسی كێشە هەمەجۆرەكانی نێو كۆمەڵگە زیاتر دەبێت، لەلایەكی ترەوە بیری میانڕەوی بەرەو لاوازی دەڕوات.
بەمانایەكی تر ئەگەر هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییەكە نەدرێ، ئەوا دوورنییە خۆشگوزەرانی گشتی كۆمەڵگە وەك جۆرێك لە یۆتۆپیای لێبێت، كە بە خەون و خەیاڵ جیاوازییەكانی نێوان ئەو دوو چینە نزیكببنەوە كە دواجار كۆمەڵگە و هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێ.
دەوترێ، حكومەت ناتوانێ ئەم جۆرە سیستمە پەیڕەو بكات لەبەرئەوەی قەیران و كێشەی گەورەی هەیە، بەڵام ئەمە ناواقیعییە و یەكناگرێتەوە لەگەڵ كۆشش و ئامانج و مەبەستەكانی سۆشیال دیموكرات، لەبەرئەوەی ئەم سیستمە خۆی بۆ چارەسەر دانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە روونە كە وڵاتانی پەیڕەوانی سۆشیال دیموكرات بە ساڵ و دووان نەگەیشتوون بەوەی كە ئێستا هەن، بەڵكو چەندین ساڵە هەوڵ بۆ ئەو ئازادی و دادپەروەرییە دەدەن، تاكو پێیگەیشتوون و ئێستاشی لەگەڵدابێ بەردەوامن لە پاراستنی، لە رێگەی بەدامەزراوەكردن و سەروەریی یاساو هەمواركردنەوەی یاساكانەوە لە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییاندان.