کۆمێنت

یەكەم دەفتەر

01:09 - 2022-04-12
شیرین. ک
560 خوێندراوەتەوە

یەكەم دەفتەری تێبینییەكانم، یەكەم هاوەڵی كتێبەكانم لەقۆناغی دووەمی زانكۆ دەستی پێكردووە، چونكە لەو قۆناغەوە بێدابڕان، زۆرجاریش بەبەرنامە خوێندوومەتەوە، دەفتەرێكی گەورەی دوو سەد لاپەڕەییە وەكو ئەڵێن سەری كوێرە ماری تیایە، بەداخەوە بەشێك لەلاپەڕەكانی ئاوی بەركەوتووە و ئەو نووسینانەی بە مەرەكەب نووسراون كوژاونەتەوە یان ئەوەندە كاڵ بوونەتەوە كە بەهەزارحاڵ دەخوێنرێنەوە، ئێستا ئەو دەفتەرەم لەبەردەستا نییە، بەڵام باشم لەبیرە سەرەتا  لەلاپەڕەی یەكەمدا خشتەیەكی سادەم  كردووە كە سێ ستوونە، ناوی نووسەر، ناوی كتێب، جۆری كتێب، لە سەرەوەش  ساڵەكەم نووسیووە، ئەم تەقلیدەش كە خۆم بۆ خۆمم داهێناوە بەردەوام بووم لەسەری تا دوایین دەفتەرم هەر بەو جۆرە رۆیشتووە، ئینجا هەر كتێبێك چەند لاپەڕەیەكی بۆ تەرخانكراوە  لەنێوان یەك بۆ پێنج تا دە لاپەڕە چووە، ئەو دەفتەرە جگەلە تێبینییەكانم لەسەر ئەو كتێبانەی لەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە، جۆرەها شیعر و رەشنووسی چیرۆكمی تیایە، هەروەها هەندێ هێڵكاری ومۆتیڤ كە خۆم كێشاومن، رەنگە یەكێك بپرسێت بۆچی ئەمەت كردووە؟؟ وەڵامەكەم سادەیە ئەگەر وانەكەم نازانم و ناتوانم لەخوێندنەوەكەم بەردەوام بم و چێژی لێوەرگرم.
ئەم دەفتەرانە مێژووی خوێندنەوەكانی منە، شایەتحاڵی ئەو هەموو ساڵ و شەو و رۆژانەی تەمەنمە كە لەخوێندنەوەدا بەسەرم بردوون، شایەتحاڵی شەوانی بێكارەبایی سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانە، كە لەبەرچرایەك وەكو خوێندكارێكی جدی دەمخوێندەوە، ئەو ساڵانەی بەسواڵ وساقە كتێبمان پەیدا دەكرد، وەكو شتێكی بەنرخ دەستاودەستمان پێدەكرد، بۆ وامدەكرد؟ بەپلەی یەكەم تەنیا خوێندنەوە لەپێناو خوێندنەوەدا، خوێندنەوە بۆ چێژوەرگرتن بۆ خودی خوێندنەوە خۆی، ئینجا لەپێناو مەعریفە وخۆپەروەردە كردن و خۆپێگەیاندندا، هەر لەسەرەتاوە دركم بەوە كربوو دەبێت خوێندنەوەكانم چەندین قاتی نووسینەكانم بن، بەتایبەتی ئەو كتێبانەی تێگەیشتن لێیان سەخت بوو، هەر وەكو ئەوەی خوێندكار بم، خوێندكارێك كە تا دوا ساتی ژیانی دەخوێنێتەوەو تاقیكردنەوەش ناكات!!

  کۆمێنت، گۆشەیەکی هەفتانەیە.

وتارەکانی نوسەر