چۆن دامەزراوەکانی حکومەت رێکبخرێن؟

10:22 - 2023-05-02
هاشم غەمگین
245 خوێندراوەتەوە

چۆنیەتی چوست و چالاکی و ئەکتیڤ بوون و پڕۆفیشناڵی دامەزراوەکانی حکومەت لەسەر بنەمای دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی ئامادەسازیی بۆ دەکرێت، پێویستە ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی تەندروستانە و شارستانییەت بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی رۆتینات و گازندە نەمێنیت و خەڵک بەئاسانی و بە زوویی کارو مامەڵەکانی تەواو ببێت.
ئێستا ئەجێندە و کاری حکومەت ئەوەیە کاری فەرمانگەکان بکات بە ئەلیکترۆنی، پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کاری فەرمانگەکان بەشێوەیەکی هاوچەرخانە رێکبخات  بۆ چالاککردنی سیستمی بەڕێوەبردن و کارگێڕی، کارکردنی دامەزراوەکان بۆ ئەوەی رۆتین و قەرەباڵغی دروست نەبێت و کاروبارەکان بە پەیوەندی تەلەفۆنی و پێشتر ناو تۆمارکردن بێت لە فەرمانگەکە، پێویستە لە پێناو بەباشی جێبەجێکردنی ئەم کارە لایەنی بەرپرس چەند رێکارێک بگرێتەبەر:
* کات و ناو تۆمارکردنی پێشوەختە، یەکێکە لەو بڕگانەی پێویستە حکومەت  بۆ پێشخستن و پیادەکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی بیگرێتەبەر و پیادەی بکات.
* دروستکردنی کۆنتاکت و پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیاندا بەشێوەیەکی نموونەیی و هاوچەرخ و شارستانییەت بۆ بەرەو پێشبردنی ئیش و کارەکان بەشێوەیەکی خێراو راپەڕاندنیان بەباشی.
* پەیوەستکردنی هاووڵاتیان بە وەرگرتنی ناوتۆمارکردنی پێشوەختە وەک چۆن لە وڵاتان پەیوەندی حکومەت و خەڵک پتەوە.
* بۆ پەیڕەونەکردن و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکانەوە سەرپێچیکار سزای دارایی بدرێت.
* پێویستە کارگێڕی و بەڕێوەبردن کاراو پتەو بکرێت بەجۆرێک بتوانرێت لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و بەپێی یاسا و رێنماییەکان نووسراو بۆ داوکاری راپەڕاندنی ئیشوکارەکانی هاووڵاتیان بکرێت.
* لەڕێی پۆستە و گەیاندن یان ئیمەیڵ و مۆبایلەوە وەڵامی نووسراوەکانی هاووڵاتیان بدرێتەوە و بۆیان رەوانە بکرێت و پێویست نەکات هاووڵاتی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دامەزراوەکان بکات.
* بۆ ئاسان بەڕێوەبردن و رایکردنی کاروبارەکانی هاووڵاتی هەر تاکێک دەبێت کۆدی تایبەتی خۆی هەبێت و سەرجەم زانیارییە کەسییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی تێدابێت.

وتارەکانی نوسەر