حیکایەتی گۆشتی هیندی!

11:22 - 2023-05-04
جەمال ئارێز
420 خوێندراوەتەوە

 

ناوبەناو لە میدیاکان و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیاوە دەبینین و دەبیستین کە فڵانە (خواردنگە، چێشتخانە، کارگە، ماست فرۆش...هتد) لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەتەوە داخران یان سزادران لەبەر سەرپێچی لە رێنماییە تەندروستییەکان.
گومانی تێدا نییە هەر بوار و کایەیەک یاسا و رێسا و رێنمایی تایبەتی و چاودێریی لایەنی بەرپرسی بەسەرەوە نەبێت، بەتایبەتی ئەو کایە و بوارانەی پەیوەستن بە لایەنی ئابووریی و سەرمایەوە، ئەگەر بە رەهاییش نەبێت، ئەوا زۆرینەی هەرەزۆری کاسبکار و سەرمایەدار بەشوێن کۆکردنەوەی زۆرترین سەرمایەوەن لە کەمترین ماوەدا و بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی و تەندروستیی گشتی، بۆیە چاودێریکردن و سەپاندنی رێنمایی تەندروستی و رێوشوێنی یاسایی و سزادان دەبێتە پێویستی.
لێرەدا دەمەوێت بابەتێک بەبیر بەرپرسانی چاودێریی تەندروستی و لیژنەکان بهێنمەوە، دیارە من قسەم لەسەر پارێزگای سلێمانییە، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو تا سەروبەندی داگیرکردنی کوێت و گەمارۆی ئابووریش، گۆشتی بەستوو لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراق و وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەهێنرایە عیراقەوە و لە سلێمانی کەسایەتییەکی شاری سلێمانی بەناوی  سمایل بەگ بریکار بوو لە دەشتاییەکەی نزیک شەقامی گۆران بەڕادێکی سووری دانابوو ئێستاش بە شوێنی (سەلاجە سوورەکە) بەناوبانگە، لەوێ گۆشتی بەستووی (گا و مانگا) دەفرۆشرا کیلۆی بە 850 فلس کە بەراورد بە گۆشتی قەسابخانەکان 150 فلس جیاوازیی هەبوو، بەڵام قەدەغەی لەسەر نەبوو.
ئێستاش دەوترێت لە زۆرێک لە شارەکانی تر مامەڵە بەو جۆرە گۆشتەوە دەکرێت، ئەگەرچی بۆخۆم دڵنیا نیم، بەڵام ئەرکی لیژنەکان دوو ئەرکی سەرەکییە لەگەڵ دەستخۆشیمان بۆ ماندووبوون و گرنگیدانیان بە تەندروستیی گشتی ئەویش بریتیە لەوەی:
*بە شێوەی زانستی بۆ خەڵک و هاووڵاتیانی روون بکەنەوە هۆکاری خراپیی ئەو جۆرە گۆشتە چییە و چۆن هاووڵاتیان بزانن ئەو گۆشتەی دەکرێت بە (گەس، هەمبرگەر، رۆست و ستێک و...هتد) لەو جۆرە گۆشتە نییە و تەنانەت خاوەن چێشتخانە و خواردنە خێراکانیش ئاگاداربکرێنەوە لە زیانەکانی.
* ئەگەر ئەو جۆرە گۆشتە ئەوەندە زیانی هەیە و مەترسییە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان، با لیژنەکان نوێنەریان لە بازگە و گومرگ و دەروازە سنوورییەکان هەبێت و بەرلەوەی لیژنەکان بچنە سەر ئەو چێشتخانە و خواردنگانە، هەر لە بنەڕەتەوە نەهێڵرێت بهێنرێتە ناوەوە، چونکە ئەوە وێڕای ئەوەی کۆمەڵێک سەرمایەداری گەورە سەرمایەی زیاتر کەڵەکە دەکەن لەسەر حسابی تەندروستیی گشتی، کۆمەڵێک کاسبکاری مامناوەنجیش بەو هۆیەوە ئەوەی هەشیانە لەدەستی دەدەن.
قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە کڕووزانەوە نییە بۆ لاساریی و یاسا شکێنی، بەڵام لیژنەکان وەک لایەنی حکومی دەبێت رەچاوی بەرژەوەندیی هەموان بکەن و هاوئاهەنگیان لەگەڵ دەروازە سنوورییەکان و گومرگ و کۆنترۆڵی جۆریی و هەموو ئەو شوێنانەدا هەبێت کە پەیوەستن بەو بابەتەوە، نەک دارەکە تەنیا لەسەری لایەنێکی کێشەکەدا بشکێنن و ئەوانی تر بەسەلامەتی قوتاربن. 

وتارەکانی نوسەر