خواستی قوباد تاڵەبانی خواستی خەڵکە

11:44 - 2023-05-04
عەتا تەها
316 خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی لە کابینەی هەشتەمدا جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە گەنجێکی ئەکادیمی و شارەزابوو لە بواری کارگێڕی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبردندا، هاوکات کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆ و پشوودرێژ بوو. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسییەکی بیرفراوان و بیرتیژبوو بە شێوەیەک کە توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ دەوروبەر و بیروڕا جیاوازەکان، بەڵام بە مەرجێک لەسەر حسابی خەڵک نەبێت و زیان و مەترسیی نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی و خاک و کۆمەڵگە.
 ئەم تایبەتمەندییانە هۆکاربوو لە بەرکەوتەی هەڵبژاردندا جارێکی تر لە کابینەی نۆیەمیشدا متمانەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێبدرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وەک جێگری سەرۆک وەزیران، سەرەڕای لەمپەڕە دروستکراوەکانی بەردەم کارەکانی، بەڵام دوو ساڵی پڕ لە دەستکەوتی بەڕێکرد، هەڵبەت بۆ راست و دروستی ئەو قسەیە ئەوە مێژووە کە لاپەڕەکانی ژیانی هەر تاکێک و کەسایەتییەکی سیاسی تۆمار دەکات، بێگومان هەموو تاکێکی ویژدان زیندوو دەزانن کە لە سەرەتای دامەزراندنی کابینەی نۆیەمەوە دەیان کێشە لەگەڵ حکومەتی بەغدادا دروستبوو کە دیارترینیان کێشەی مووچە و قووتی خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، هەر لەو پێناوەشدا قوباد تاڵەبانی دەیان جار سەردانی بەغدای کرد و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆی بەگەڕخست بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەر ئەوەش نا، بەڵکو سوودی لە پەیوەندییە بەهێز و دێرینەکانی سەرۆک مام جەلال وەرگرت و دەیان جار بەر دەرگای لە دەسەڵاتداران و هێز و لایەنە بەشداربووەکانی ناو حکومەتی بەغدا گرت و تەنها ئامانجیش لەوە باشکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. ئەمە لەکاتێکدا ئەو خوڵقێنەری ئەو دۆخە نەبوو.

ئەوەی جێی تێڕامانە لەبری دەستخۆشی و هاوکاری و کارئاسانی بۆ هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی، دەیان کۆسپ و گرێ و گۆڵی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەکەوە بۆ دروست دەکرا.

ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە لەبری دەستخۆشی و هاوکاری و کارئاسانی بۆ هەوڵەکانی، کەچی بە پێچەوانەوە، دەیان کۆسپ و گرێ و گۆڵی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەکەوە بۆ دروست دەکرا، ئەوەش لە رێگەی سزادانی ئەوەی کە پێی دەوترێت «زۆنی سەوز»، جۆری سزاکانیش جیاواز و جۆراوجۆرن، لەوانەش جیاوازیکردن لە کارە خزمەتگوزارییەکانی وەک رێگاوبان و لەگەڵ ئەوەشدا دەستێوەردانی ناڕاستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی رێکخراوەیی یەکێتی و جێبەجێ نەکردنی ئەو فەرمانە کارگێڕییانەی کە یەکێتی بیەوێت گۆڕانکاریی تێدا بکات لە حکومەت، بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و مافی خۆی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە جیاوازیی ناوچەیی لە میکانیزم و شێواز و پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان کە زۆرجار ئەوەی پێی دەوترێت «زۆنی سەوز» مووچەی دوا دەکەوێت.
هۆکارێکی تر کە قوباد تاڵەبانی نیگەران کردووە ئەوەیە کە لەحکومەتدا بەچاوی شەراکەتی راستەقینەوە مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو مامەڵەی خودی سەرۆک وەزیران وەک خێرپێکردن بێت بەرامبەر بە یەکێتی و خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و تەنانەت قەزای کۆیەش کە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای هەولێرە، یاخود بە چاوی بەشداری پێکردنەوە مامەڵە و سەودای لەگەڵدا دەکرێت.
 هەموو ئەوانەی کە ئاماژەمان پێدان، چەند نموونەیەکی بچووکن لە نیگەرانییەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە لە بنەڕەتەوە نیگەرانیی خەڵکن و هەر لەسەر ئەو پێوەر و بنەمایەش دەوترێت خواستی قوباد تاڵەبانی خواستی خەڵکە.


وتارەکانی نوسەر