(2)
تیپی قارەمان و ئازا، تیپی پەنجا و حەوتی سەگرمە لە چالاکی پێشمەرگانە گەڕاونەتەوە. بۆ ئێزگەکە و بۆ تۆماری مێژووش دیدار لەگەڵ کاک مەحمود سەنگاوی ساز دەکرێ. باسی چالاکی و نەبەردییەکان دەکات.
ئەمە بەشێکە لە مێژووی شۆڕشی نوێ و بەشێکیشە لە مێژووی راگەیاندنی یەکێتیی و راگەیاندنی کوردستانی.
پەیامنێر و پێشمەرگە بۆ دیدار بە رێکپۆشی و لەبەردەم کامێرای مێژوو بە دەفتەر و قەڵەم و پرسیارەوە هەم رووماڵ دەکا و هەم دیرۆک تۆمار دەکات. هەڤاڵ سەنگاویش بە ئەدگاری پێشمەرگەی گەڕاوە لە جەولە و چالاکی پێشمەرگانە تۆزی نەبەردی لێ نیشتووە . هەردووکیان بە ئەدگاری خۆیانەوە جوانن و لە پشتەوە پێشمەرگەکان دیار و شایەتی گێڕانەوەن. چەندی ماون و چەندیان شەهیدی رێی خەباتن؟ ئەوا لێکۆڵینەوەیەکی بە سەلیقە زیاتر لە دەنگ و رەنگی تۆمارکراو دەتوانێ رۆمانێکمان بۆ بگێڕێتەوە. ئەمە ئیشی چاوی تیژی میدیاکارێکی گەنج و پشوودڕێژی دەرهێنەرێکی حەریفی کایەی هونەری دیکۆمنتارییە.ئیشی من ئیشە ئاسانەکەیە: هاندانی گەنجەکە و گاڵدانی دەرهێنەرەکە.
حەتمەن دەنگییەکە کاتی خۆی لە رادێۆی شۆڕش بڵاوبۆتەوەو ئەگەر چانسی تەکنەلۆجیای ئاسان، وەک مۆبایلی ئەمڕۆ، بەردەست بوایە دیدارەکە بە دەنگ و رەنگەوە پەخش دەبوو، وەکو ئێستا کە مونیر سەلیم لە ئێزگەکە وا دەکات و پەخش لە تەلەفزێونیشەوە دەڕوات. مۆدێرین بێژەر هەم قسە دەهۆنێتەوە و هەمیش خۆی قۆز وشیک پۆش دەکات. عەینەن پەیامنێرەکەی جارانی ئێزگەکە.
ئەم دیمەنە پێشکەشە بە یادی 125 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی. وتم با باوە گەورە میر میقداد بەدرخانیش بزانێ کرمانجەکانی راگەیاندنی یەکێتیی بێ پیش دانەنیشتوون و با بۆ میری بۆتانیشی بگێڕێتەوە کە سەد ساڵ دوای شۆڕشەکەی بابە بەدرخان، لە نیوەی سەدەی نۆزدە، لە کۆتایی سەدەی بیستدا شۆڕشی نوێ بەرابەریەتی مام جەلال نەیهێشووە کانیاوەکە کوێر بێتەوە. ئێ وا لێرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستویەک دەیگێڕمەوە، چونکە وەک مارکیزی عەرابی واقیعییەی سیحری کتێبی نووسیوە: (ژیام تا بگێڕمەوە). ژیام تا بۆ سەردەمی جاڵجالۆکی میدیای نوێی بگێڕمەوە. باوکە دامەزرێنەرەکانی شۆڕش و میدیا لە قاهیرە تا سەرگەڵو وایان هێنا: لە غەزەتە بۆ کۆداک فەوری و
بۆ ڤیدیۆ تا نەوڕۆ .
وێنەكە لە پەیجی (ئەرشیفی شاخ)ەوە وەرگیراوە.