شەن و کەو

چارەنووسی هەڵبژاردن لە روانگەی پەرۆشیی لایەنەکانەوە

11:43 - 2023-05-18
مستەفا محەمەد
428 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن وەک دیاردە و روویەکی گەشی بەشداریی لە فەزای کراوەی دیموکراسیدا، تاکە رێگەی گۆڕانکارییە لە حکومڕانیدا کە لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە، کێبرکێی لایەنەکان بۆ بردنەوە و وەرگرتنی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەت مسۆگەر دەکات، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک رەوایەتی گۆڕینی سیستمی سیاسی بە رێگەیەکی دیموکراسی وەک ستراتیژ پەیڕەو بکات، دەبێت هەڵبژاردن وەک چەکێکی کاریگەری کۆتایی ناکۆکییەکان ببینێت.
نموونەی زۆر هەن کە تیایدا هەڵبژاردن و دەنگدان قەزاوەتی لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و حزبە حکومڕانەکاندا کردووە، بەلای منەوە جوانترینیان هەڵبژاردنەکەی ساڵی «2009»ی ژاپۆن بوو، کە تیایدا حزبی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا بردییەوە و توانی بەسەر حزبی لیبرالی دیموكراتیدا سەربکەوێت کە ماوەی «50» ساڵ بوو حوكمی ژاپۆنی دەكرد، ئەمەش زیندوێتی گەلی ژاپۆنی دەرخست بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە حوکمڕانیدا.
بێگومان زۆر لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە وتراوە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە وادەکەی دیاریکراوە، ئەمڕۆش گفتوگۆی جددی لایەنەکانی لەوبارەیەوە لە ئارادایە، هەروەها داخوازیی رەسمی نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانیشە کە لە هەرێمی کوردستاندان، وەک لە بەیاننامە هاوبەشەکەشدا هاتووە نەیانشاردۆتەوە، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف لە کوردستاندا وا دەکات وڵاتەکانیان پشتیوانیی زیاتری ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێم بن، قسەکە لەسەر کاتی ماوەیە لەبەردەم وادە دەستنیشانکراوەکەدا، کە پێموایە شیکاریی زۆر هەڵدەگرێت.
راستییەکەی، ئەگەرچی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەزموونی دیموکراسیمان باش نییە و نەبووە، بەڵام بەڕێوەچوونیشی وەستاوەتە سەر کۆدەنگیی لایەنەکان بۆ پێداچوونەوە بە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کورسیی کۆتاکان لەلایەک و  رێکار و هەنگاوە تەکنیکی و لوجستییەکانی کۆمسیۆن و ئامادەکارییە یاسایی و سایکۆلۆژییەکانی ئەو دامەزراوانەش بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی دەنگدەر لەلایەکی ترەوە، تا لەپێناوی بەشداریی کارا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی خاوێن و شەفافدا کە توانای تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی بەردەمی هەبێت، تەوزیف بکاتەوە. ئەوسا دەکرێ بڵێین بە کاتێکی کەمێک زیاترەوە لەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت.
خۆ مادام هەموو لایەنەکانیش لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نین، دەشێت پابەندێتی بە پەیمانێکی ئاکاریی نووسراوەوە لەنێوان هەموولایەنەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم هەڵبژاردنەکەدان، کاتی زۆرتر بۆ کۆمسیۆن بگێڕێتەوە.
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان و رێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تریش  لەم چرکەساتەدا لەسەر پرسی هەڵبژاردن گرنگە و وەک پەرۆشیی بۆ پاراستنی ئەزموونەکە و رەوشی خزمەتی گشتی لێکدەدرێتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە لە رووی هەلومەرجی بابەتییەوە ئامادەسازییەکەی بۆ رێکەوتنی گشتگیر لەسەر کۆی پرسەکان کاتی زیاتری پێویست بێت، هۆکارەکەشی بەفیڕۆچوونی کاتێکی زۆرە کە بەهۆی ململانێکانەوە لەسەر حسابی وادەی هەڵبژاردن تا ئەم چەند رۆژەی پێشوو درێژەی پێدراوە!

وتارەکانی نوسەر