وشەدان*

وشەی خانەخوێ

10:38 - 2023-05-21
جومعە كانی لەلەیی
711 خوێندراوەتەوە

چوار ساڵ  بەرلە ئێستا‌ كۆڕێكم لە شاری كۆیە هەبوو لەسەر دواین  كتێبم  كە رۆمانی رەش و سپی بوو،  دوای ئەوەی  شەن و كەوی  ناوەڕۆكی  رۆمانەكە و زمانی نووسینی رۆمانەكە و  سەردەمی  چیرۆكەكانی ناوی و بەستنەوەی  بەهاتن و پەلاماری  چەكدارانی  داعشەوە باسكرد.  گەنجێك پرسیارێكی لێكردم و گوتی هیچ  قسەیەكم  لەسەر ناوەڕۆكی رۆمانەكە  نییە، چونكە هێشتا  نەمخوێندۆتەوە  بەڵام،   پرسیارێكم  لا دروست بوو  لەسەر بەكارهێنانی  دەستەواژەیەك  كە بەچاوخشاندنێكی خێرا  لە لاپەڕەیەكی  رۆمانەكە  بەر چاوم  كەوت  ئەویش  وشەی  خانەخوێیە،  خانەخوێ  مانای  چییە؟
هەر  لەم  رۆژانەی پێشوودا  چەند  گەنجێك لە ماڵی خۆمان  سەردانیان كردم و بەناو  كتێبخانەكەمدا  گەڕاین تا هەر كتێبێكیان  بەدڵ  بێت  بۆ  خوێندنەوە  بیبەن، بەدەم هەڵدانەوەی  لاپەڕەی  كتێبەكانەوە  سەرگوزشتەیەكی  پێشمەرگایەتی خۆمم بۆ باسكردن،  لە گێڕانەوەی  ‌سەرگوزشتەكەدا  وشەی  خانەخوێیان  بەرگوێ كەوت، یەك  لە گەنجەكان  پرسی  خانەخوێ چییە؟
بۆیە  بەباشم زانی  وشەی  ئەمجارەی  گۆشەكەمان  خانەخوێ  بێت،  لە بنچینەدا  خانەخوێ  لەدوو وشە پێكهاتووە و  لە رێزمانی  كوردیدا  بە وشەی  لێكدراو دادەنرێت و هەریەكەیان  ئەگەر بەتەنها  بەكارهات مانایەكی  سەربەخۆ بەدەستەوە  دەدەن،  بەڵام  كاتێك  هەردوو  وشەكە  پێكەوە  بەكارهات  واتای  خۆیان  ون دەكەن و  واتایەكی نوێ  دەبەخشن  كە دوورە  لە واتای  هەردوو  وشەكە‌.   لێرەدا  وشەی  یەكەم  كە  (خانە)‌ە  مەبەست  لێی ئەو خێزان و ماڵەیە  كە میوانداری  كەسێكیان  كردووە،  لەناو شارەزایانی زمانی  كوردیدا  لەسەر لێكدانەوە و  واتای  بەشی  یەكەمی  وشەكە هیچ  جیاوازییەك  بەدیناكرێ و هەموان لەسەر واتاكەی  هاوڕا و كۆكن، ‌  هەرچی بەشی  دووەمە  كە (خوێ)یە ‌بۆچوونی جیاوازی  لەسەرە،  دواتر  لەمبارەیەوە  باس  لە جیاوازی  بۆچوونی  شارەزایانی  زمانی  كوردی  دەكەین.
لە فەرهەنگی خاڵدا واتای وشەی خانەخوێ بەم شێوەیەیە‌: خاوەن خانوویەك  كە ‌تۆ میوانی بیت‌. لە  هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژاردا  كە وەك  فەرهەنگێك  لێی دەڕوانرێت هاتووە: خانەخوێ واتە  خاوەن ماڵی بەمیوان.  لە فەرهەنگی ئەناهیتادا  هاتووە  خانە واتە ماڵ،  خوێ  واتە  نمەك. هەروەها  لە تۆڕی  زاراوەپارێزیدا  نووسراوە  خانەخوێ  واتە خانوویەكە  كە تۆ  میوانی  بیت.
لە نێوان شارەزایانی زمانی كوردیدا جیاوازی بەدیدەكرێ لەسەر راڤەو لێكدانەوەی و‌شەی خوێ  كە بەشی دووەمی خانەخوێیە، دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ  لە دیمانەیەكی خۆمدا  لە ساڵی  2008 پێی وابوو (خوێ)ی ‌ خانەخوێ  لە خوێی چێشتەوە هاتووە كە گرنگترین بەشی  هەموو چێشتێكە و  كەرەستەی  هاوبەشە لە هەموو چێشتێكدا،  مادام خوێ  گرنگترین  بەشی  چێشت بێت  دەشێت  كرابێتە  رەمزی  میوانداری و ناندان، هەرچی  د. هاوژین سڵێوەیە  پێی وایە وشەی خوێ  لە خانەخوێدا  بۆ وشەی خاوەنی ماڵ دەگەڕێتەوە،  بەواتای  ئەوەی خاوەن ماڵێك میوانداری كەسێك دەكات،  هەروەها  د. نەجم ئەڵوەنی  پێی وایە لێرەدا خوێ  واتای  خاوەن  ماڵ  دێت  كە نانی داوە  بە كەسێك،  هەر  لەم  بارەیەوە د. رەفیق شوانی مانای  هەردوو وشەكەی  بۆ دوو مەبەست گێڕایەوە،  پێی وابوو خان  لەبنچینەدا  بۆ  كەسانی  گەورەی  ماڵ  دەگەڕێتەوە  جا  ژن  بێت  یان  پیاو،  پاشگری خان   بۆ پیاوە  گەورەكان و  خاوەن دیوەخان  دەگەڕێتەوە  بۆ نموونە  عەبدی  خان،  هەروەها  بۆ ژنیش  مەبەست  لەو ژنانەیە خان و مان و خانەدان و بەرچاوتێرن بۆ نموونە كەژێ خان،  د. رەفیق  سەبارەت  بە وشەی  دووەم  كە خوێیە پێی  وایە  لە نمەكەوە  هاتووە.
جاران  لە كۆمەڵگەی  كوردستاندا  وشەی  خانەخوێ  زۆر باو بوو،  رێبوار و  چەرچی و كاروانچی  كە لە كاتی  ژەمدا  لە دێیەك  دەمانەوە  دەیانگوت فڵان كەس  خانەخوێمانە، ئەم  دەستەواژەیە لەناو قسەی نەستەقیشدا  جێگەی خۆی  هەیە  بۆ نموونە خانەخوێی باش برایە،  زۆر جاریش  بەكەسانێكی بەرچاوتەنگ  گوتراوە میوان چاك و خانەخوێ خراپ،  واتە كەسێك كە میوانی  كەسێكی تر دەبێت رووخۆش و دەم بەپێكەنینە، بەڵام  كە خۆی میوانی دێت بەهەمان رووخۆشییەوە  مامەڵە  ناكات.

وتارەکانی نوسەر