سەرنجێک لەسەر خەڵاتی زێڕینی بلە

10:01 - 2023-05-22
جەمال ئارێز
379 خوێندراوەتەوە

ئەگەر لە جیهاندا دانانی خەڵاتی زێڕین بەناوی کەسایەتی و سیمبولەکانی هەر نیشتمانێکەوە پەیوەست بێت بە کەسانی دەستەبژێر و داهێنەران و زانایان و ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە لە یەکێک لە بوارەکانی ئەدەب و رووناکبیریدا ئەفراندن دەکەن و کەلتورێکی دێرینە، ئەوا لای ئێمەی کورد هەم کەلتورەکە نوێیە و تەمەنی لە چارەکە سەدەیەک تێپەڕی نەکردووە.

فاوندەیشنەکەشی رچەشکێنە
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد چۆن لە بواری سیاسی و ئەدەبی و یاساییدا رچەشکێن بووە، ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن-یش لە دانانی بۆنەیەک بۆ یادکردنەوەی ئەو مرۆڤە خۆنەویستە ئەو رچەشکێنییەی هێنایە ناو کەلتوری کوردەوارییەوە بەهەمان پێوەر و دیدگا و دنیابینیی مامۆستای نەمر.
جوانترین پەیڤ و دەقی لەپاش بەجێماوی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد کە بەڵگەی مرۆڤدۆستی و نەبوونی گیانی رەگەزپەرستی و دادپەروەریی و یەکسانیی مرۆڤەکانە ئەو دوو کۆپلەیەی شیعرەکەیەتی کە دەڵێت: 
«گەلان هەموو برای منن
هەر زۆردارانم دوژمنن
داوای وڵاتی کەس ناکەم 
پەنجە بۆ مافی کەس نابەم»


ئەم دوو کۆپلەیە زادەی ئەو بیرەیە کە مامۆستا لەسەری گۆش بووە و دەوروبەرەکەشی پێ گۆش کردووە، چونکە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی یادی ماڵئاوایی ئەو سیاسەتمەدار و یاساناس و نووسەر و رۆژنامەنووسەدا ئێمە شایەتی ئەوە بووین کە لە کاندیدکردنی کەسایەتییەکاندا بۆ خەڵاتی زێڕینی بلە، بۆ جارێکیش (هەژاریی و دەوڵەمەندی، ناوچەگەریی و رەگەزپەرستی، مەزهەبی و حزبایەتی نەکراونەتە پێوەر بۆ دابەشکردنی ئەو خەڵاتە.

بەهای مادی و مەعنەویی خەڵاتی بلە
دیارە من نازانم ئەو خەڵاتە لەڕووی مادییەوە بەهای چەندە، بەڵام دەزانم وەک هەندێک دەڵێن ئەگەر نووسراوێکی پێزانینیش بێت لەسەر لاپەڕەیەکی (ئەی فۆڕ)، لایەنە مەعنەوییەکەی بەهایەکی گەورە و مەزنی هەیە.
چەندین ساڵە ئەگەر لە شاشەی تەلەفزیۆنیشەوە بێت لەنزیکەوە بینەر و بیستەری ئەو کەسایەتییانە بووم کە خەڵاتی زێڕینی بلەیان پێ دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی لە هەمووی کاریگەرتر بوو و فرمێسکی لەچاوم هێنایە خوارەوە خاتوو هەرمێی مامان (نێرگز) بوو کە وەک قوربانییەکی یادگاری بەجێماوی ئەنفالەکان لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی کەسوکارەکەیدا خۆی راگرتووە و بەپێوە ماوەتەوە.

نێرگز و پڕۆفایلەکەی
چیرۆکی ئەم خانمە تەنها مەگەر ئەو کوردە خۆفرۆشانەی نەخستبێتە گریان کە ئەوکات پێش لەشکری بەعس بوون بۆ وێرانکردنی کوردستان و راپێچکردنی گوندنشینەکان بۆ تۆپزاوا و نوگرە سەلمان و ئێستاش خۆیان یان کوڕ و نەوەکانیان پڕۆفایلی فەیسبووکەکانیان کردۆتە وێنەی سەدام حسێنی گۆڕبەگۆڕ، دەنا ئەوەی گوێبیستی چیرۆکی ناو پڕۆفایلی نێرگز بووبێت، یان هەر هەستی نییە و ویژدانی مردووە، یان مچوڕکەی رق و قین بەرامبەر ئەو رژێمە و دارودەستەکەی بەلەشیدا هاتووە. 
بەشێک لەو زانیارییانەی لە پڕۆفایلەکەی نێرگزدا هاتبوو، مەزنیی ئەم خانمە نیشاندەدات ئەوەیە کە سەرەڕای دۆخی دەروونی و شەخسیی خۆی، هێشتا لەخەمی هاو زیندانییەکانی دیکەیدا بووە و وەکو مامان سەرپەرشتیی ژنانی دووگیانی  دەکرد و لەبەر بێ کەرەستەیی، بەبەرد ناوکی کۆرپەکانی بڕیووە، لەکاتێکدا منداڵەکەی خۆی بە خەوبینین بە خواردنی خەیارێکەوە سەری ناوەتەوە و نەعلی سەوزی لەجێی خەیار داوەتێ.

داهێنەرە بێ سپۆنسەر و  بێ هاشوهوشەکانی مێژوو
ئاخر ئەم دیمەنە ئەگەر لە فیلمە بیانییەکانیشدا بیبینین ناخ و هەستمان دەبزوێنێت و فرمێسک لە چاومانەوە فوارە دەکات، بەڵام ئەوەی بینیمان و گوێمان لێبوو، فیلم نەبوو، بەڵکو واقیعی ژیانی شێرەژنێکی ئەم کوردستانەیە کە لەلایەن هاوزمانەکانییەوە پەلکێشکراوە و رادەستی دوژمنانی گەلەکەی و مرۆڤایەتی کراوە.
لایەنێکی دیکەی خەڵاتەکە کە جێی سەرنج بوو، خەڵاتکردن و بەرزڕاگرتنی ئەو کەسانە بوو کە بەبێ هیچ پشتیوانی و سپۆنسەرییەک شەوو رۆژیان داوەتە دەم یەکتری بۆ کۆکردنەوە و سۆراغکردن و ساغکردنەوەی ئەرشیفی نەتەوەیی و دانانی بەردێکی بناغە بۆ دامەزراندنی بینای ئەرشیفێکی نەتەوەیی و لە هەموو بوارەکانی شیعر، ئەدەب، مێژوو، ئایین و هونەر و ...هتددا تا چیتر نەکەونە لۆچەکانی بیرچوونەوە و فەرامۆشکردنەوە وەک ئەو خەرمانەی کە هەریەک لە مامۆستا عەلی قەرەداغی و بوار نورەدین و ئاکۆ جەلیلیان و ئیسماعیل قەمەندار لە مێژووی کورددا هەڵیانچنیووە.
وەک یاساناس و دادوەرێکی دادپەروەر و بە مشوور، بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش دادوەر قاسم عوسمان خەڵاتی بلەی پێ بەخشرا.  

لەبیرنەکردنی دۆستانی  رۆژانی سەخت 
دیارە جێبەجێکردنی دێڕە شیعری «گەلان هەموو برای منن»-یش لە بەخشینی ئەو خەڵاتەدا فەرامۆش نەکراوە و بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و نە زۆربەی کورد دژایەتییان لەگەڵ گەلانی جیهان و بەتایبەتی گەلانی دەوروبەردا نەبووە و نییە، بەڵکو دوژمنەکانیان هەر زۆرداران و ستەمکارانن، بۆیە خەڵاتی بلە هیچ کام لە دۆستان و مرۆڤدۆستانی قۆناغی بێکەسیی ئێستا و رابردووی کورد و دۆزەکەیان فەرامۆش ناکات و لەو رووەشەوە هەریەکە لە خاتوو ئان کلۆید و مۆرین مەکلەکی و جەنگیز چاندار-ش خەڵاتکران.

بۆنەکانی دیکە و  خەڵاتەکانیان
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 22 ساڵیادی پێشووتر خەڵکانی زۆر خەڵاتکراون و هێشتاش زۆر ماون، بەڵام دەکرێت لێرەوە پێشنیازێکیش بخەینەڕوو ئەویش ئەوەیە بە تەنها خەڵاتی بلە نەکرێتە بۆنە بۆ بەسەرکردنەوە و بەرزڕاگرتنی رۆڵ و قوربانی و خەبات و داهێنانی ئەو کەسایەتییانەی کوردەواریی و دۆستانی کورد، بەڵکو ساڵانە لەم هەرێمەی ئێمەدا بە دەیان و سەدان بۆنە و فێستیڤاڵی گەورە رێکدەخرێت و لە کۆتاییدا خەڵات و رێزلێنان دەبەخشرێت، خەڵاتی ساڵانی بلە فریای هەموو ئەوانە ناکەوێت، بۆیە دەکرێت لە هەر بۆنەیەکی لەو جۆرەدا چەند کەسێک لەوانە بەسەر بکرێنەوە، چونکە ژمارەی خەڵاتەکانی بلە دیاریکراوە دەنا خەڵکی زیاتری نموونەیی هەن کە شایستەی ئەو خەڵاتەن.

خەڵاتی بلە بۆ خاتوو نێرگز، خانمێکی رزگاربوو لە نوگرە سەلمانەوە بۆ زیندانی چاوەڕوانیی روفاتی شەهیدەکانی

وتارەکانی نوسەر