سەرگوزشتەی یەکەم توێژینەوەی زانستی

دەربارەی بەعەرەبکردنی کەرکوک

10:48 - 2023-05-24
فەرید ئەسەسەرد
428 خوێندراوەتەوە

لە ساڵی 1981دا کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دەزگایەکی بە ناوی دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی لە ناوزەنگ دامەزراند. هۆکاری دامەزراندنی دەزگاکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە سەرکردایەتی و کادیرەکانی پێویستیان بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیاریی ورد و جێی متمانە و زانستی بوو بۆ تێگەیشتنی رەوشی گشتی بەشێوەیەکی دروست. دیارترین مۆدێلی شایستەی لاساییکردنەوە لەو ماوەیەدا، دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی فەلەستین بوو کە ساڵی ١٩٦٣ لە بەیروت دامەزرا بوو و رۆڵێکی بەرچاو و شایستەی هەبوو لە ناساندنی مەسەلەی فەلەستین و شیکردنەوەی رەگ و ریشەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا لە دیدگای فەلەستینییەکانەوە. 
بڕیار وا بوو دەزگاکە راپۆرت و توێژینەوەی زانستی ئامادە بکات بۆ یارمەتیدانی دروستکەرانی بڕیار لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتدا، سەرباری شیکردنەوەی دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان و پێشنیارکردنی چارەی گونجاو. نیاز وابوو دەزگاکە رۆڵێکی مەعریفیی گەورە لە بواری توێژینەوەی زانستیدا، لە رێی لێکۆڵینەوە سیاسییەکانەوە، بگێڕێ. هەروەها وا دانرابوو کە ئەم دەزگایە لە رێی بەرهەمەکانییەوە تێگەیشتنێکی قوڵتر بۆ دیاردە و گیروگرفتەکان دابین بکات، سەرباری ئەوەی کە واش دانرابوو کەرەستەی پێویست، لە روی رۆشنبیرییەوە، بۆ کادیرە پێشکەوتووەکان دابین بکات. 
دامەزراندنی دەزگاکە پێویستی بە دەستەبژێرێکی رۆشنبیری پسپۆر بوو. لەم سەروبەندەدا لە کۆبونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەکە و دەست بە جێبەجێکردنی کە لە نێوان فەرەیدون عەبدولقادر و ئازاد هەورامی و نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا لە ناوزەنگ بەسترا، پرسەکە لەسەر ئەوە گیرسایەوە نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوەتیی دەزگاکە بگرێتە ئەستۆ و دوو ژوری لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بۆ تەرخان بکرێ و چەند کادیرێک بۆ کارکردن لەگەڵی دیاری بکرێن. 
پاش بڕیاردان لەسەر دامەزراندنی دەزگاکە، چەند ناوێک بۆ کارکردن تێیدا پێشنیارکران لەوانە رێکەوت عوسمان و بڵند مەنمی، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ کەسێکیان ئەو دەرفەتەی بۆ نەرەخسا کە بە بەردەوامی لە دەزگاکە کار بکا. لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوی دەزگا نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا پێداویستییەکانی کارکردنی دەستەبەرکرد و نیاز وابوو یەکەم بەرهەمی دەزگاکە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل بێ دەربارەی ئابوریی کوردستان لە هەموو رویەکەوە، بەڵام ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەکە پێویستی بە کاتێکی زۆر بوو، بۆیە نەتوانرا لەو ماوەیەی کە بۆی دیاری کرابوو تەواو بکرێ. 
یەکەم لێکۆڵینەوە کە دەزگاکە ئامادەی کرد، نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا بە ناونیشانی (سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک) نوسی بوی. لێکۆڵینەوەکە لە شوباتی ساڵی 1982 لە دوتوێی 32 لاپەڕەی قەبارە مامناوەنجدا بڵاوکرایەوە. بایەخی لێکۆڵینەوەکە لەوەدایە کە یەکەم لێکۆڵینەوەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا دەربارەی بابەتی بەعەرەبکردن کە پەیڕەویی لە میتۆدی توێژینەوەی زانستی کردووە و خۆی لە شێوازی هاندان و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی دورخستۆتەوە و بە شێوەیەکی هێمنانە و بابەتییانە لە بابەتەکەی کۆڵیوەتەوە. بەڵام گەورەترین کێشەی لێکۆڵینەوەکە، نەبونی سەرچاوەی جێمتمانە بوو لەم بارەیەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، نەجمەددین فەقێ عەبدوڵڵا بیری لەوە کردەوە کە پەیوەندی بە رێکخستنە نهێنییەکانی کەرکوکەوە بکا و داوایان لێ بکا زانیاریی مەیدانی دەربارەی بابەتەکەی بۆ کۆ بکەنەوە. لە پێشەکیی چاپی دووەمی لێکۆڵینەوەکەدا کە ساڵی 2021 لە سلێمانی لە لایەن مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیارییەوە دەرکراوە، ئاوا باسی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییە مەیدانییەکان کراوە: (ئەرکەکە بۆ رێکخستنە نهێنییەکانیش دژواربوو، بەڵام رێکخستنەکان دلێرانە کارەکەیان ئەنجامدا. بەپێی ئەو پلانەی کە دایاننابوو، کادیرەکان خۆیان بەسەر ئەو گەڕەکانەدا دابەش کرد کە حکومەتی عیراق عەرەبی هاوردەی تێدا نیشتەجێ کردبوو. گەڕەکەکانیان کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵ روپێو کرد و ژمارەی دانیشتوانیشیان بە مەزەندە دیاری کرد و لەسەر بنەمای هەڵکەوتەی جوگرافی پۆلینیان کردن. ئەو زانیارییە مەیدانییانە، وەک کەرەستەی خاو، رێکخران و بۆ ناوزەنگ نێردران. هەرچەند نەزانراوە ئەنجامدانی ئەم کارە قورسە چەندی خایاندووە، بەڵام لانی کەم دوو مانگی خایاندووە. لە ناوزەنگ داتاکان تەتەڵە کرانەوە و سەرلەنوێ بە شێوەیەکی زانستی رێک خران و ئەو لێکۆڵینەوەیەیان لێ بەرهەم هات کە بووە یەکەم لێکۆڵینەوەی زانستیی پشت ئەستور بە ئامار لەسەر سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک. 
  ئەو میتۆدەی کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بۆ شیکردنەوەی دیاردەی بەعەرەبکردن بەکارهاتووە، ئەو میتۆدەیە کە هەموو لێکۆڵینەوەکانی پاشتر کە لە هەمان بابەتیان کۆڵیوەتەوە لەسەری رۆیشتون. لە پێشەکیی چاپی دووەمی ئاماژەپێکراوی لێکۆڵینەوەکەدا، بەم چەشنە گوزارشت لە مەسەلەکە کراوەکە (لێکۆڵینەوەکەی ناوزەنگ (دەربارەی بەعەرەبکردنی کەرکوک) بناغەیەکی زانستیی تۆکمەی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەعەرەبکردن بۆ هەموو توێژینەوە زانستییەکانی پاش خۆی داناوە). 
دەزگای لێکۆڵینەوەی زانستی، پاش دەرکردنی یەکەم توێژینەوەی زانستی دەربارەی سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکوک، لەبەر بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو کاتە و گواستنەوەی بارەگاکانی ناوچەی سەرکردایەتی، لە سۆنگەی شەڕەوە، بۆ شوێنی تر و بڵاوبونەوەی کادیرەکانی، نەیتوانی بەردەوام بێ لەسەر ئەرکە پێسپێردراوەکەی و جگە لەو لێکۆڵینەوەیە بەرهەمی تری نەبوو. 


لێکۆڵینەوەکە لە سێ سیکتەردا تاوتوێ کراوە. سێکتەری یەکەم، بۆ گۆڕینی نەخشەی ئیداریی پارێزگاری کەرکوک تەرخان کراوە، سێکتەری دووەم تایبەتە بە نیشتەجێکردنی عەرەب لە پارێزگای کەرکوک و لە سێکتەری سێیەمدا باسی کۆچپێکردنی دانیشتوانی کورد و تورکمانی پارێزگاکەیە. 

 

 

پوختەی لێکۆڵینەوەکە:
بابەتی لێکۆڵینەوەکە لە سێ سیکتەردا تاوتوێ کراوە. سێکتەری یەکەم، بۆ گۆڕینی نەخشەی ئیداریی پارێزگاری کەرکوک تەرخان کراوە، سێکتەری دووەم تایبەتە بە نیشتەجێکردنی عەرەب لە پارێزگای کەرکوک و لە سێکتەری سێیەمدا باسی کۆچپێکردنی دانیشتوانی کورد و تورکمانی پارێزگاکەیە. 
   لە سێکتەری یەکەمدا گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بە وردی دەستنیشان کراون کە بەم جۆرەن: 
-دابڕینی قەزای دوزخورماتوو، بە هەر چوار ناحیەکەی قادر کەرەم، نەوجول، سلێمان بەگ و ئامرلییەوە لە کەرکوک و بەستنەوەیان بە پارێزگای سەلاحەدینەوە. 
   -دابڕینی قەزای کفری بە هەردوو ناحیەکەیەوە لە کەرکوک و لکاندنی بە پارێزگای دیالەوە. 
-دابڕینی کەلار و بەستنەوەی بە پارێزگای سلێمانییەوە. لێکۆڵینەوەکە هۆی لکاندنی قەزای کەلار بە پارێزگای سلێمانییەوە، نەک بە پارێزگای سەلاحەددین و دیالەوە، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە قەزاکە لە تکریت و بەعقوبەوە دورە. 
-دابڕینی قەزای چەمچەماڵ بە هەردوو ناحیەی ئاغجەلەر و سەنگاوەوە لە کەرکوک و بەستنەوەی بە پارێزگای سلێمانییەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، دوسێی روبەری پارێزگای کەرکوک بەر سیاسەتی تێکدانی نەخشەی ئیداری کەوتووە. 
لێکۆڵینەوەکە وای بۆ دەچێ کە لەم سیاسەتەدا هەوڵ دراوە چڕیی دانیشتوانی پارێزگاکە، بەتایبەتی هی کورد بە شێوەیەکی سەرەکی و هەروەها هی تورکمان، کەم بکرێتەوە و پەیوەندیی قەزا و ناحیە دابڕێندراوەکان بە ناوەندی کەرکوکەوە بپچڕێنرێ، سەرباری هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان قەزا و ناحیە دابڕێنراوەکان و ناوەندی پارێزگاکە، ئەمەش لە رێی چەند میکانیزمێکەوە لەوانە نەهێشتنی پەیوەندیی ئابوریی نێوانیان و گواستنەوەی تۆمارەکانی دانیشتوان بۆ ئەو پارێزگایانەی کە قەزا و ناحیە دابڕێندراوەکان پێیانەوە بەسترانەوە، سەرباری پەرش و بڵاوەپێکردنی کوردی کەرکوک بەسەر پانتاییەکی فراوانی زەویدا، بە چەشنێک کە کوردە لکێندراوەکان لە پارێزگاکانی سەلاحەددین و دیالە ببنە کەمینەی بچوک و ناکاریگەر.

لە سێکتەری دووەمدا کە باسی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکوک دەکا، وردەکارییەکی زۆر لەم بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکە تێبینیی ئەوەی کردووە کە پلانی بەعەرەبکردن بە گواستنەوەی راستەوخۆی عەرەب بۆ کەرکوک دەستی پێ نەکردووە، بەڵکو بە دابینکردنی پێداویستییەکانی جێگیربونی عەرەب لە کەرکوک دەستی پێ کردووە. بەمجۆرە، لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە ژێرخانی بەعەرەبکردن لە کەرکوک پشت بە دروستکردنی نشینگە لە دەوروبەری کەرکوک دەبەستێ کە ئەمەش لاساییکردنەوەی هەمان پلانی بەجولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکانە. هەربۆیە لێکۆڵینەوەکە بەدواداچونێکی زۆری بۆ ئەو گەڕەکانە کردووە کە حکومەت، بە چڕی، لە دەوروبەری کەرکوک دروستی کردوون کە ئەمەش بە قۆناغی بەرایی بەعەرەبکردن دەژمێردرێ. قۆناغی دووەم گواستنەوەی عەرەبە لە ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بۆ کەرکوک و نیشتەجێکردنیان لە گەڕەکە تازە دروستکراوەکان. ئەمەش دەری دەخا کە رژێمی عیراق لە پلانەکەدا ویستویەتی پشتێنەیەکی عەرەبی لە دەوروبەری کەرکوک دروست بکا بۆ ئەوەی بە تەواوی دایبڕێ لە دەوروبەری خۆی.
لێکۆڵینەوەکە روپێوی تەواوی گەڕەکە تازە دروستکراوەکانی کردووە  و یەک بە یەک زانیاریی وردی لەبارەیانەوە خستۆتە بەردەست. لەبەر زۆریی زانیارییەکان، ئەوەی دادێ تەنها وەک نمونە دەخرێتە بەرچاو. لێکۆڵینەوەکە لە باسکردنی گەڕەکی کەرامەدا کە یەکێ لە گەڕەکەکانی پشتێنەی عەرەبیی دەوروبەری کەرکوکە، نیشانی داوە کە ئەم گەڕەکە لە ٦٠٠ خانوو پێکدێ و هەڵکەوتەکەی یەکجار گرنگ و ستراتیجییە و کەوتۆتە باکوری رۆژهەڵاتی کەرکوکەوە. بۆ پاراستنیشی ئۆردوگایەکی سەربازی بە تەنیشتییەوە دانراوە. سەبارەت بە گەڕەکی موسەننا، باس کراوە کە ئەم گەڕەکە لە ٥٠٠ خانوو پێکدێ و جگە لەوە، لە نێوان گەڕەکی کەرامە و گەڕەکی موسەننادا زیاتر لە ٢٠٠ پارچە زەوی بەسەر بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی شەڕی عیراق- ئێراندا دابەشکراوە. هەروەها بۆ پاراستنی گەڕەکی ئەندەلوس کە ئەویش  یەکێ لەو گەڕەکانەیە کە لە چوارچێوەی پلانی بەعەرەبکردندا دروست کراوە، زنجیرەیەک رەبیە بە بیانوی پاراستنی بیرە نەوتەکان، بۆ پاراستنی گەڕەکەکە دروست کراوە. بەرامبەر بە گەڕەکی رەحیماواش، ئەو خانووانەی کە لەمەوبەر کرێکارانی کورد تێیدا نیشتەجێ بوو بون، کرێکاری عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کراوە. لەسەر ئەم ریتمە زانیارییەکی زۆر لەسەر گەڕەکە دروستکراوەکان خراوەتە روو لەوانە گەڕەکەکانی رۆژئاوای کەرکوک، عەرەفە بەلای باشوری رۆژئاواوە، گەڕەکی ئەفسەران، قەڵەمڕەوی نێوان سەربازگەی کەرکوک و وێستگەی شەمەندەفەر تا دەگاتە تسعینی کۆن و هەروەها لە خودی تسعینی کۆن، قەڵەمڕەوی نێوان جادەی بەغدا و تکریت، لەسەر رێگای بەغدا- کەرکوک، قەڵەمڕەوی نێوان جادەی بەغدا و روباری خاسە، هتد. 
لە سێکتەری سێیەمدا کە تایبەتە بە کۆچپێکردنی کورد لە کەرکوک، لێکۆڵینەوەکە هۆکانی دیاردەی کۆچی دانیشتوان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، وەک دیاردەیەکی جوگرافی، تاوتوێ دەکا و بەو ئاکامە دەگا کە کۆچ زۆر هۆی هەیە: یەکەم، گەڕان بە دوای کاردا کە بە هۆیەوە دانیشتوانی شوێنێکی بێ کار کۆچ بۆ شوێنێک دەکەن کە هەلی زۆرتری کار تێیدا بۆ بێکاران رەخساوە، لە ئەنجامدا شوێنی یەکەم دەبێتە هێزی دەرپەڕێنەری هێزی کار، شوێنی دووەمیش دەبێتە هێزی راکێشەری هێزی کار. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، رژێمی عیراق بە ئەنقەست کارێکی وای کردووە شوێنەکانی نیشتەجێی کورد لە کەرکوک هەلی کاریان تێدا نەرەخسێ بۆ ئەوەی دانیشتوان ناچار بن شوێنەکە بەجێ بێڵن و بچنە ئەو شوێنانەی کە هەلی کاری تێدا دەدۆزنەوە. 
لێکۆڵینەوەکە نیشانی داوە کە بە هۆی گۆڕینی نەخشەی ئیداریی کەرکوکەوە، کۆچکردن لە لادێ و قەزا و ناحیەکانەوە بۆ شاری کەرکوک زۆر کەم بۆتەوە و کۆچبەران بە ناچارییەوە روو لە سلێمانی و تکریت و باقوبە دەکەن. رژێمی عیراق تەنها بەوە دانەکەوتووە کە هەلومەرجێکی وا خراپ لە کەرکوک پێک بێنێ کە تێیدا کورد ناچار بێ شارەکە بەجێ بێڵێ و روو بکاتە شاری تر، بەڵکو کەوتۆتە دورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوی کەرکوک بۆ ناوەڕاست و خواروی عیراق. وێڕای ئەم هەوڵانەی بەتاڵکردنی کەرکوک لە کورد، رژێمی عیراق ژمارەیەکی زۆری لە کرێکارە کوردەکانی کارگەکانی کەرتی گشتی، بەتایبەتی کرێکارانی بواری دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت و گۆگرد و ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرە کوردەکانی دەوڵەتی بۆ دەرەوەی پارێزگای کەرکوک گواستۆتەوە و زۆربەی مامۆستا کوردەکانی خوێندنگە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکان، لە کەرکوک دانامەزرێنێ، بەڵکو لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان دایاندەمەزرێنێ، هەرچەند لە عیراق وا باوە کە هەر مامۆستایەک لە پارێزگای خۆی دادەمەزرێ. 
جگە لەم رێوشوێنانەی بەتاڵکردنی کەرکوک لە کورد، رژێمی عیراق خانوی لە قەرەهەنجیر و حەساری گەورەی دەوروبەری کەرکوک دروست کردووە و جاڕی داوە کە هەر کوردێکی دانیشتوی کەرکوک، شارەکە بەجێ بێڵێ و بچێتە قەرەهەنجیر یان حەساری گەورە، بەبێ پارە خانوی لەو شوێنە پێ دەدرێ. 
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە رژێمی عیراق بە ناوی ئاوەدانکردنەوەی شارەوە، گەڕەکە کوردنشینەکان دەڕوخێنێ. ئەوەش بە نمونە هێنراوەتەوە کە لە گەرەکی شوریجە کە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ دا گەورەترین گەڕەکی شاری کەرکوک بووە و ژمارەی دانیشتوانی پتر لە ٣٦ هەزار کەس بووە، جادەیەکی تازەی بە درێژایی دوو کیلۆمەتر و بە پانایی ٨٠ مەتر بە ناو گەڕەکەکەدا کراوەتەوە و بۆتە هۆی روخاندنی پتر لە هەزار خانوو بە بلدۆزەر. خاوەنی خانووە روخێنراوەکانیش بە ٥٠٠ دینار قەرەبوو کراونەتەوە. 
   لێکۆڵینەوەکە کۆچکردنی بۆ دەروەی وڵاتیش تاوتوێ کردووە کە دیاردەکە لە کەرکوک، زۆرتر لە شارەکانی تری کوردستان، پەرەی سەندووە. دیارە ئەمەش هەر پەیوەندیی بەو کۆسپ و تەنگ پێهەڵچنیناوە هەیە کە کورد لە کەرکوک توشی بووە.

کەرکوک شارێک بەردەوام هەڕەشەی تەعریبی لەسەرە

ناوچە كێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چاوەڕوانی چارەسەردا

وتارەکانی نوسەر