شەن و کەو

دیسانەوە دایدەخەن!

10:28 - 2023-05-25
مستەفا محەمەد
440 خوێندراوەتەوە

ئەو مانۆڕە سیاسییەی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە بەڕێوەچوو،  جارێکی تر چارەسەری بەشێک لە ئاڵنگارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی تووشی تەنگژە کرد، کە خوڵقێنەرانی ئەم دۆخە، کە زیان بە ئەرزشی دامەزراوە رەسمی و یاساییەکان دەگەیەنێت و مەترسیی لەسەر قەوارەکە و کاری پێکەوەیی لایەنەکان دروست دەکات.
دۆخی ئەمجارەی ناو پەرلەمان بۆ سەپاندنی ئیرادەی لایەنێک لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکان، بە هەوڵێک دەچێت بە ئاراستەی پەکخستن و کەم بایەخکردنی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمدا، کە بەداخەوە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ ئەو جۆرە هەنگاوەدا لە رابردوودا هەبووە و هەر جارێکی وردبیەوە  کە تاکە لایەنێک هەیە و هەرکاتێک ویستبێتی درێژە بە دەسەڵاتی رەهای خۆی بدات، پەنای بۆ بردووە، هەروەک ئەوەی لە ساڵی «2015»دا جێبەجێی کرد، تەواوی ئەو دامەزراوەیەی داخست و پەکیخست!
دەنا خێرە لەلایەکەوە بانگەشەی ئاشتەوایی بکرێت و وەفدەکان لە باڵاترین ئاستدا سەرقاڵی هێوردکردنەوە و پێکهاتن بن، هاوکات بە بەکارهێنانی گوشار، هەموو ئەو هەوڵانەی لایەنەکان خاڵی بکرێتەوە و بهێنرێتەوە خاڵی سفر؟ بە پێشێلکردنی یاسا، دەسەڵاتەکان هەموو بخەیتەوە خزمەتی ئەجێندایەکی حزبیی خۆپەسەند و لەنێو ئەو حزبەشدا دیدو تێڕوانینی تەمومژاویی سەبارەت بەوە هەبێت.
ئەوەی جێی داخە، هەر جارێک کە باس و خواسی هەڵبژاردن و پرسی دەنگدان لە گۆڕێ دەبێت کە بێگومان پرسی گەورەی نیشتمانین و تەوافوقی لایەنەکانی پێویستە، ئا لەوکاتانە ئەو کارتانە رادەکێشرێن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بێ بایەخکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانیش وا لێدەکات متمانەی بەم پڕۆسەیە نەمێنێت، مادام دەبینن ئەو دامەزراوەیە لە دەرەوەی هەیبەت و رواڵەتی یاسایی خۆی هەرکاتێک مەبەستیان بێت بە جووڵەیەکی سیاسی پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندیی گشتی، بە مەبدەئی «زۆرینە!» پڕۆژە یاسا تێدەپەڕێنن، یان کە هەستیان کرد ناتوانن بە ئامانج و ئەجنداکانیان بگەن، زۆر بێ باکانە دەرگای پەرلەمان کڵۆم دەدەن!
هەڵبژاردنێک کە گۆڕانکاری دروست نەکات، کردن و نەکردنی وەک هەڵبژاردنەکانی رژێمە دیکتاتۆرەکانی لێ دێت! دەگێڕنەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی کارتۆنیی وەزیراندا، بە سەدامی دیکتاتۆر دەڵێن کە پێشنیازکراوە بۆ پاراستنی هەیبەتی خۆی، عیراق هەڵبژاردنێک رێکبخات و رێگە بدات کەسانی تر جێگەی بگرنەوە، سەدام روو لە ئامادەبووانی کۆبونەوەکە دەکات و سەرنجیان وەردەگرێت، هیچ کام ناوێرن بەئەرێ لەگەڵ ئەو پێشنیازەدا بن، تەنها یەکێک نەبێت دەست هەڵدەبڕێ و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەدایە کە سەرۆک واز لە کورسی بهێنێت، ئەو کەسەش «ریاز حسێن ئیبراهیم» دەبێت، کە وەزیری تەندروستی بوو، دوای ئەوەی سەدام گوێبیستی تەواوی سەرنجەکانی ریاز دەبێت، تووڕە و پەست دەبێت و هەر لەوێدا بەچەند فیشەکێکی دەمانچەکەی، وەزیری تەندروستی خەڵتانی خوێن دەکات و رۆحی لێ دەسێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر