هەموومان ئەو راستیە دەزانین كە كوردستان لە دۆخێكی ئابووریی ئێجگار خراپدایە، سەرباری گرانبوونی نرخی نەوت و زیادكردنی باج و رسومات و وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان لەژێر ناوی جیاجیادا، كەچی هەم حكومەت خۆی لە پێدانی مووچە لە وادەو كاتی خۆی دەدزێتەوە و هەمیش خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە كورتی دەدەن و خراپتر بوون.
ئەم دۆخەی ئێستا تەنها لە ناڕەزایی مووچە و تووڕەبوونی خەڵك لە هەندێک بارودۆخدا ناوەستێت، لێكەوتەكانی زۆر مەترسیدارن و ئەگەر بەری پێ نەگیرێت، بێگومان ناڕەزایی بەرەو سەرووتر لەڕێیە.
راستییەكی تاڵە ئەگەر بڵێین برسێتی و گرانییەكی زۆر مەترسیدار رووی لە كوردستان كردووە، ئەگەر بڕیاربەدەستان یان ئەوانەی لەم دۆخە بەرپرسن بیر لە چارەسەرێكی ریشەیی نەكەنەوە، ئەوا برسێتی رەگێكی لە هارییە و دوورنییە ئاڵای كوردستان و دۆزی نەتەوەیی و قەوارەكە لەگەڵ خۆیدا ببات! کە هیچ کەسێک ئاواتی پێ ناخوازێت.
ئەم دۆخەی ئێستا خوڵقاوە، زادەی پێنج و دوو رۆژێك نییە، بەڵكو كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی درێژەكێشانی ئاڵۆزیی سیاسی و لێكترازان و بێ متمانەیی و سەرەنجام تاكڕەویی بڕیاردان بووە لە كوردستان.
ئەگەر ئەمڕۆ لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار بكرێت بە دەستبەسەرداگرتنی حوكمڕانی و موقەدەراتی ئەم هەرێمە، ئەوا بە تەنها ئەو لایەنە بەرپرس نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتی ئەوانی دیكە كەمتر نییە، لانیكەم نەدەبوو رێگە بدەن دۆخەكە بگاتە ئەوەی ئێستا پێی گەیشتووین. ئەوەی لێمانەوە دیارە، حكومەتی نوێی عیراق لەلایەن سەدرییەكانەوە دروستدەكرێت و بەگوێرەی لێدوانی سەرکردەکانیان لە میدیاکان پێدەچێت یەكەم كارێک کە بیوروژێنن مەسەلەی هەموارکردنی دەستوور و لەو رێگەیەشەوە بەگیرهێنانی حكومەتی هەرێمە پاڵپشت بە بڕیارەكەی دادگای فیدرالیی سەبارەت بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز.
لەئێستاشەوە گوشاری ئابووریی بۆ سەر هەرێم دەستی پێكردووە، بازگەكانی نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عیراق گیرتر و سەختتر كراون و رێگای هاتن و چوونی كاڵاو شتومەك لە هەرێمەوە بۆ ناوچەكانی دیكە زەحممەتر كراوە.
خولاسەی كەلام ئەوەی باسی دەكەین، لێكدانەوەی خەو نییە، بەڵكو چەند رۆژێكی دیكەیە و ئەگەری بەهێز هەیە جارێكی دیكە هەرێم و بەغدا لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دەرگیری یەكتریی ببنەوە، لێرەدا پرسیاری گرنگ بۆ ئێمەی خەڵكی كوردستان ئەوەیە، ئایا هەرێم و بڕیاربەدەستەکانی تاچەند ئامادەی ئەم دۆخە نوێیەن؟ چ پلانێكیان هەیە؟
رەنگە من نەزانم حكومەت و بڕیاربەدەستانی پلانیان هەیە یان نا، بەڵام جگە لە بڕیاربەدەستان، هەموو حزبە سیاسییەكان رووبەڕووی بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەبنەوە.
لە کاتێکدا برسێتی و قاتوقڕی و نەبوونی كار گەیشتۆتە ئاستێك کە چیتر ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت، ئەگەر ئەوانەی بڕیاربەدەستن و دۆسێی نەوتیان بەدەستەوەیە، بەرپرسی خولقاندنی ئەم دۆخەبن، ئەوا بەرپرسیارێتی ئەوانی دیكە كەمتر نییە! ئەگەر هۆشیار نەبن و واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا نەكرێت، بە دڵنیاییەوە زیانی ئەمجارە زۆر گەورەترە و لێكەوتەكانی زۆر مەترسیدارتر دەبێت لێکەوتەی گرفتەکانی رابردوو.