خێزان دەبێت بەهۆشێکی پەروەردەیی بیربکاتەوە

09:38 - 2023-06-12
چنار عەزیز
643 خوێندراوەتەوە

رێزگرتن لە منداڵ لەناو خێزاندا سەنتەری پەروەردەیە، بەبێ خۆشەویستی و رێز نەهێزی  جەستە نەهێزی بیرکردنەوە گەشە ناکەن.
خێزان بە خۆشەویستی و رێز بوونی خۆی دەسەلمێنێت، خۆشەویستی و رێز بەرهەمی ئەو پەروەردەیەیە لەناو خێزاندا هەیە. ئەندامانی ماڵەوە لەژێر قەڵەمڕەوی خێزاندان و هەموو هەڵسوکەوت و رەفتار و گفتوگۆیەکی ناو خێزان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی رەفتاری دایک و باوک. 
رەفتاری ئەندامانی خێزانیش لەو هەڵسوکەوتەوە سەرچاوە دەگرێت لە کەسایەتی دایک و باوکدا هەیە و له کەسایەتی منداڵدا رەنگدەداتەوە لەسەر دروستکردنی مرۆڤێکی زیرەک و وشیار لەناو کۆمەڵگەدا بوونی خۆی بسەلمێنێت، چونکە لەناو کۆمەڵگەدا ئەو تاکە نوێنەری پەروەردەی خێزانە.
لەبەرئەوە پێویستە ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەندامانی خێزان لەلایەن دایک و باوکەوە بە گرنگ وەربگیرێت، تا لەناو کۆمەڵگەدا بەسەر کەسانی تردا رەنگبداتەوە.
خێزان دەبێت بەهۆشێکی پەروەردەیی بیر بکاتەوە، دوور لە توندوتیژی و هەڵچوونی خێزانی. بەمەش دەتوانێت سەرنجی ئەندامانی خێزان بۆ کەسایەتییەکی باشی دایک و باوک رابکێشێت و تاکێکی نموونەیی و جوان بنێرێتە ناو کۆمەڵگە. هەلی گەیشتن بە سەرکەوتنەکان ئاسانتر دەکات، چونکە پەروەردەیەکی لەم جۆره بە ئەندامانی خێزان دەڵێت: هەلی گەیشتنتان بە ئامانجەکان و سەرکەوتنەکان لەبەردەستدایە. لەبەرئەوە خێزان  بوونی تاک لەناو کۆمەڵگەدا دیاری دەکات، بوونێکی بەهێز و سەرکەوتوو یان شکستخواردوو.

وتارەکانی نوسەر