سەرۆک بافڵ، کۆکەرەوەی گوڵەکان بۆ چەپکەگوڵ

09:54 - 2023-07-09
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
292 خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی، ژمارەیەک لە خوێندکاران توانییان بە پلەیەکی باڵا قۆناغەکە ببڕن و لە ریزبەندی یەکەمینەکانی سەر ئاستی هەرێم دەستنیشان کران، بەڵام ئەوەی تێبینی کرا جیاکاریی هەڵاواردنێکی ئاشکرا لە گرنگی پێدان و رێزلێنان و خەڵاتکردنیاندا کرا، تەنانەت وەزارەتی پەروەردەش وەک پێویست نەیتوانی سەرجەم خوێندکاران وەک یەک و بێ جیاکاری کۆبکاتەوە و بە شێوازێکی گونجاو و پێکەوە گرنگییان پێ بدات، هۆکارەکە هەرچییەک بێت، سەرجەم ئەو خوێندکارانە لە یەک هەرێم و لەیەک حکومەت و لەیەک وەزارەتدان، ناکرێت بەشی یەکێک لە ئاسمان و بەشێکی تر لە زەوی بێت، کاردانەوەی ئەم جیاکارییە بووە هۆی دڵ شکان و دڵ بریندارکردنی بەشێکی زۆری خوێندکارانی یەکەم و خوێندکارانی نمرە بەرز و کەسوکاری ئەو خوێندکارانەی زۆربەیان خەڵکی هەژار و نەداری ئەم میللەتەن و مافی هەموویانە خۆشبەخت بن و وەک یەک گرنگییان پێ بدرێت و ژیان و گوزەرانیان باش بکرێت و پاڵپشتی بکرێن، بەداخەوە ئەوە نەکرا، بەڵام خۆشبەختانە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کارە مرۆڤ دۆستانەی کرد بێ جیاکاری هەموویان و کەسوکاریانی کۆکردەوە، خەندەی بۆ روخساری هەموویان وەک یەک گێڕایەوە وەک چۆن پێشتریش لە چەندین کاتی جیاوازدا بێ هیچ جیاکارییەک خوێندکارانی کۆکردووەتەوە و لە داوا و ماف و پێداویستییەکانیانی کۆڵیوەتەوە و بەدەم سەرجەم کێشەکانیانەوە چووە، کۆمەک و پاڵپشتی زۆرێک لە زانکۆ و پەیمانگە و بەشە نێوخۆییەکانیشیان بووە و چەندینیانی نۆژەنکردەوە و بەردەوامیشە لەم هەنگاوە گرنگ و پڕ بایەخانە، لە هەمانکاتدا ئەم جۆرە کارانە هیچ سەیر نییە بۆ سەرۆک بافڵ، چونکە سەرۆک کوڕی رابەری کورد هەڤاڵ مام جەلالە و مامیش رەمزی کۆکەرەوەی چڵە گوڵەکان بووە بۆ چەپکە گوڵەکە، کۆکەرەوەی رەنگەکان و جیاوازییەکان بووە یەک دەنگ و یەک رەنگ، بۆ  هەمیشە پەروەردەی ئەو رێبازەیە کە پێشەنگی هەموو هەنگاوە نوێ و هاوچەرخەکانی داهێنان و پێشکەوتن بووە بە درێژایی مێژووی کورد دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و تائێستاش.

ئەم کۆکردنەوەیە بۆ گرنگە
جیاکاری لەسەر هەر بنەمایەک بێت، کاریگەریی زۆر نەرێنی دروست دەکات لەسەر هەست و دەروونی کەسەکان، هەڵاواردن هەستی ئیرەیی و رق و کینە لەناو خوێندکاراندا دروست دەکات و وایان لێدەکات هەست بەبێ متمانەیی خۆیان بکەن بەهۆی ئەم هەڵاواردنەوە هیچ هۆکارێک بۆی لە روانگەی خۆیانەوە نادۆزنەوە، ئەو خوێندکارانەی جیاکراونەتەوە پەرە بە خۆپەرستی و خۆشەویستی خاوەندارێتی لە هەموو شتێک و خۆبەزلزانین دەدەن و هاوکارەکانیان لە هەموو شتێکدا کەمتر لە خۆیان دەبینن، هەڵاواردن لە نێوان خوێندکاراندا هەستی بێباکی و گرنگینەدان بە دەستکەوتی ئەکادیمی و ئاسانکاری لە خوێندن پەرە پێدەدات، چونکە جیایان دەکاتەوە لە کەسانی تر، وابیردەکەنەوە پێویست ناکات هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی نایابی، هەندێکی تر هەست بە بێزاری دەکەن و شکست دەهێنن هەرچەندە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەمەش رەنگە وایان لێبکات لە حاڵەتی دوورکەتنەوەدا بن و هەوڵی زیاتر نەدەن، رق و کینە لە نێوان خوێندکاران و یەکتردا بڵاودەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات هەندێک کەس سەرزەنشتی ئەوانی دییان بکەن، چونکە هەست بەجیابوونەوە دەکەن، بۆیە حەزی خوێندن و بەرەوپێشچوون نامێنێ، بەهۆی ئەو وزە نەرێنییەی لەناخیاندا دروست دەبێت. روودانی ناکۆکی لە نێوان خوێندکاران و دابەشبوونیان بەسەر حزبەکاندا، لایەنێک خۆشیدەوێت و ئەوی دیکەیان رقی لێی دەبێتەوە و بەم شێوەیە ناتەبایی لەنێوانیاندا بڵاودەبێتەوە و سەرقاڵ دەبن بە لاوەکییەکانەوە و دوورکەوتنەوە لە ئامانجە سەرەکییەکە کە سەرکەوتنە. کەواتە کۆکردنەوەی سەرجەم خوێندکارانی سەرکەوتوو لە یەک شوێن و لەیەک کاتدا و گرنگی پێدانیان پێکەوە سەرجەم ئەو هەستە نەرێنییانەی لەدڵ و دەروونی خوێندکاراندا رەواندەوە کە بەهۆی ئەو هەڵاواردنەی پێشوو هاتەکایەوە، هەموویان لە تابلۆیەکی پڕ لە یادگاری جواندا بۆ هەمیشە پێکەوە مانەوە.

جێگەی دەستخۆشی هەموو لایەکە
ئەم جۆرە هەنگاوانەی سەرۆک بافڵ، لە نزیکەوە و رووبەڕوو دانیشتن لەگەڵ چین و توێژەکان وابەستکردنێکی پۆزەتیڤ و هاوچەرخانەی دونیای سەردەمە، کۆکردنەوەی را و سەرنجە جیاوازەکانە بۆ پەرەپێدانێکی باشتر و بەهێزتر، سەرۆک بافڵ گوێی لە هەموان گرت و بەردەوامیش گوێ دەگرێت، ئەمەش جێی دەستخۆشی و پێزانینی هەموانە و بە ئومێدەوە بۆی دەڕوانین، بەم کارانە چەپکە گوڵەکە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، پێی وتن من لە ئێوەوە فێردەبم، پێی وتن کوردستانتان خۆشبوێت و جیای بکەنەوە لە حزبەکان، ئەوەش ئەوپەڕی تەوازوع و ئەرێنی بوونە بەرامبەر هەموان بەبێ جیاکاریی.

کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ لەگەڵ خوێندکارە یەکەمەکانی پۆلی 12 ئامادەیی

وتارەکانی نوسەر