پەشمەک

كه‌لتوری داوای لێبووردن

10:34 - 2023-07-09
ڤینۆس فایەق
583 خوێندراوەتەوە

99

ئه‌وروپییه‌كان به‌گشتی و هۆڵه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ڵه‌كانی باوباپیرانیشیان خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانن، ئه‌وان ئاماده‌ن داوای لێبووردن له‌ تاوانێك بكه‌ن كه‌ نه‌ك خۆیان نه‌یانكردووه‌ یان له‌و كاته‌دا ده‌سه‌ڵاتدار بووبن، به‌ڵكو له‌ سه‌ده‌كانی پازده‌ و شازده‌ و هه‌ژده‌ش روویان داوه‌. 
نموونه‌یه‌كی نزیك، ڤیم كۆكی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌ته‌ چه‌پڕه‌وه‌كه‌ی هۆڵه‌ندا ساڵی 2002 ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی ته‌واوی كابینه‌كه‌ی پێشكه‌شی پیاتریكسی شاژنی ئه‌و ده‌مه‌ی هۆڵه‌ندا كرد،  دوای ئه‌وه‌ی راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ریخت كه‌ له‌كاتی كوشتاره‌كه‌ی سێربرینچكا ساڵی 1995، یه‌كه‌ی ئاشتیپارێزی هۆڵه‌ندیی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نشوستیان هێنا له‌وه‌ی رێگری له‌ شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ن له‌ بۆسنه‌ و هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌ دڕنده‌ترین شه‌ڕه‌كانی به‌لقان دژ به‌ موسڵمانه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێ و بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی به‌لای كه‌مه‌وه‌ 7500 موسڵمان. ئه‌و رووداوه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانیی ڤیم كوكدا نه‌بووه‌، و كه‌سیش ناچاری نه‌كردبوو ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیی باڵا وای لێكرد ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ وه‌رگرێت كه‌ له‌ مێژووی سیاسیدا بۆی تۆمار ده‌كرێ و مێژووی حوكمڕانییه‌كه‌ی جوانتر ده‌كات. 
ئه‌وان ته‌نانه‌ت كه‌ وه‌زاره‌تێك یان ده‌زگایه‌كی خزمه‌تگوزار هه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا ده‌كات، به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستن سزای بكه‌ره‌كه‌ بده‌ن، به‌ڵكو وه‌كو حكومه‌ت خۆشیان له‌ كه‌مته‌رخه‌می بێبه‌ش ناكه‌ن و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ك ساڵی 2021 مارك رووته‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌زگای باج له‌ بواری یارمه‌تیی مناڵانه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری دایكوباوكان زه‌ره‌رمه‌ند بوون، هه‌ڵوێستی وه‌رگرت و ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌. ئه‌مجۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ متمانه‌ی میلله‌ت به‌ حكومه‌ته‌كه‌یان تۆكمه‌تر ده‌كات و په‌یوه‌ندیی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات قووڵتر ده‌كاته‌وه‌. 
له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاكێشتر شه‌ممه‌ی رابردوو پادشای هۆڵه‌ندی ویلم ئه‌لێكسانده‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی داوای لێبووردنی له‌ تێوه‌گلانی باوباپیرانیان له‌ به‌كۆیله‌كردنی خه‌ڵك كرد، دوابه‌دوای ئه‌ویش مارك رووته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران داوای لێبووردنی كرد كه‌ هۆڵه‌ندا مێژوویه‌كی ناشیرینی له‌ دیارده‌ی به‌كۆیله‌كردندا هه‌یه‌.  
داوای لێبووردن بۆ خۆی كه‌لتورێكی ئینسانی و سیاسییه‌، به‌ده‌ر له‌ ئامانجه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر سیاسی بێت یان وه‌خه‌به‌رهاتنه‌وه‌یه‌كی ویژدانی ئینسانی بێت، به‌ڵام ده‌بێت له‌به‌ریا بوه‌ستین و به‌رز هه‌ڵیسه‌نگێنین.
پێشتریش ساڵی 2021 حكومه‌تی فه‌ره‌نسی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی دانی به‌ به‌رپرسیارێتیی خۆیدا نا له‌ رووداوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی رواندا و تاوانی پاكتاوی ره‌گه‌زی كه‌ كه‌مینه‌ی توتسی له‌و وڵاته‌ به‌سه‌ری هات و پێشتریش به‌هه‌مان شێوه‌ فه‌ره‌نسا دانی به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیدا نا له‌و هه‌موو كاره‌سات و تاوانانه‌ی داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی له‌ جه‌زائیر به‌سه‌ر خه‌ڵكی جه‌زائیریان هێنا. 
ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ناكرێ ئێمه‌ش له‌و بواره‌دا لانیكه‌م له‌ ناوچه‌كه‌دا پێشه‌نگ بین و داوای لێبووردن له‌ میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین بۆ ئه‌و شه‌ڕی ناوخۆیه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كوردا هێنرا، داوای لێبووردن له‌وه‌ی دوای راپه‌ڕینی 1991 خه‌ڵكیان ده‌سخه‌ڕۆكرد و ئه‌وه‌ی خه‌باتیان بۆ كرد هیچی نه‌هاته‌ دی و ژیان و بژێویی خه‌ڵك هه‌تا دێت خراپتر ده‌بێت و رێژه‌ی هه‌ژاری و تاوان له‌به‌رزبوونه‌وه‌دان، له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك هه‌تا ئێساش به‌ خه‌یاڵی مووچه‌یه‌كی ته‌واو و ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌وه‌ن دوای ئه‌و هه‌موو خه‌بات و خوێنه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی رزگاریی كوردستاندا بێ به‌رانبه‌ر پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌یان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌می متمانه‌ی میلله‌تیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌؟

وتارەکانی نوسەر