ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ پوتین له حه‌وتی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی (1952ز)له روسیا له‌دایك بووه و له‌گه‌نجێتیدا وه‌رزشی جۆدۆ و كاراتی كردووه‌و كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ و شه‌ڕه‌نگێز بووه، پێشتر فه‌رمانداری گشتی سوپا بووه و ماوه‌ی (16) ساڵیش له‌ده‌زگای موخابه‌راتی روسیا (KGB)كاری كردووه.
دووجار سه‌رۆك وه‌زیران بووه له‌ساڵه‌كانی(1999 و2008)دا و ساڵی (2012)بۆته سه‌رۆكی كۆماری روسیای فیدراڵ. له‌دوای ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆكی ئه‌و كاتی روسیا (بۆریس یه‌ڵتسن) له‌به‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ی نه‌یتوانی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ته‌واو بكات، پوتین كه ئه‌وكاته جێگری یه‌ڵتسن بوو، كاندیدی كرد بۆ جێگه‌كه‌ی خۆی، چونكه متمانه‌ی زۆری پێ‌بوو، ده‌ترسا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تر بێته جێگه‌كه‌ی، خۆی و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی بدرێنه دادگا.
پوتین ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو، له ساڵی (2018)دا بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژێردرایه‌وه بۆ شه‌ش ساڵی تر و ره‌نگه له‌ساڵی (2024)شدا له‌به‌ر بارودۆخی ئێستای روسیا هه‌ڵببژێرێته‌وه، هه‌رچه‌نده ناڕه‌زاییه‌كی زۆری ناوخویی هه‌یه به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ته‌كانی پوتین ، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر شه‌ڕی ئۆكرانیا .
به رای زۆربه‌ی ئه‌وروپییه‌كان «ڤلادیمیر پوتین پیاوێكی شه‌ڕخواز و دیكتاتۆره و خه‌ون به‌پێكهێنانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانه‌وه ده‌بینێ.» هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا له مانگه‌كانی دوو و سێی ساڵی (2014)دا دوورگه‌ی كریمیا(قرم)ی ئۆكرانیای داگیر كرد، پێشتریش له‌مانگی هه‌شتی ساڵی (2008)دا هێرشی كرد و كۆماری جۆرجیای داگیر كرد و حوكمێكی تیا دروست كه سه‌ربه‌خۆی بێت. لێره‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وكاته هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه له‌سه‌ر ئه‌و داگیركاریانه و قبوڵیان نه‌كردایه، ره‌نگه نه‌یوێرایه وا به زوویی و خێرایی په‌لاماری ئۆكرانیا بدات.
به رای ئه‌وروپییه‌كان»پوتین ئه‌وه‌نده سه‌رسام و كاریگه‌ره به كه‌سێتی خۆی، رێگه‌ی داوه به‌نووسه‌ره‌كه‌ی كتێبێك بنووسێت له‌سه‌ر خۆی به‌ناوی(پۆتینیزم) وه‌ك تێوره‌كانی سۆسیالیزم، لیبرالیزم،كه‌پیتالیزم و ... هتد. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویست نییه و هه‌روه‌كو له‌پێشه‌وه ئاماژه‌م پێدا ناڕه‌زایی و بێزارییه‌كی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌ته‌كانی.» ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه جه‌نه‌ڕاڵه سه‌ربازییه خانه‌نشین كراوه‌كان دژی شه‌ڕی ئۆكرانیان.
ئه‌وروپییه‌كان پێیانوایه« پوتین له‌شه‌ڕی ئۆكرانیادا ده‌ستی نه‌پاراستووه له‌ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵك و زۆرجاریش هێڕشی كردۆته سه‌ر خوێندنگاكان و نه‌خۆشخانه‌و شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان.»
چاودێران پێیانوایه«پوتین له‌شه‌ڕی ئۆكرانیادا به‌هه‌ڵه‌دا چووه و وای مه‌زنده كردبوو كه‌ئۆكرانیاش هاوشێوه‌ی جه‌زیره‌ی كریمیا و وڵاتی جۆرجیا پارویه‌كه و به‌ئاسانی قوت ده‌درێت ئه‌وه‌ی ره‌چاونه‌كردبوو كه‌به‌ره‌و ڕووی به‌ره‌نگاریه‌كی قاره‌مانانه‌و بێ وێنه‌ی ئۆكرانیه‌كان ده‌بێته‌وه چونكه رق و كینه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه له‌نێوان ئۆكرانیه‌كان وروسه‌كاندا.» ئه‌وه‌شی له‌به‌رچاونه‌گرتبوو كه‌به‌ره‌و ڕووی پشتگیری و هاوكاری زۆری ئه‌وروپی و ئه‌مریكی و رۆژئاوا به‌گشتی ده‌بێته‌وه بۆ ئۆكرانیه‌كان، وای دانابوو كه‌له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یان چه‌ند مانگێك دا هه‌موو خاكی ئۆكرانیا داگیر ده‌كات و شه‌ڕه‌كه كۆتایی پێدێت. به رای شرۆڤه‌كارانی سیاسی» بۆچوونێكی تری هه‌ڵه‌ی پۆتین ده‌رباره‌ی داگیركردنی ئۆكرانیا ئه‌وه بوو كه‌به‌زوویی توانی ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ روسیا دا داگیر بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی یارمه‌تی روسه‌كانیدا له‌م داگیركارییه خێراییه‌ی ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌م ناوچانه روسی زمانن و پێشتریش جوڵانه‌وه‌ی جوداخوازی تیابووه و داوای سه‌ربه‌خۆیی یان گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر خاكی روسیا ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه بۆ باقی ناوچه‌كانی تری ئۆكرانیا هه‌ڵه‌یه‌و راست نییه. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تری سه‌رانی روس ئه‌وه بوو، وایان دانابوو به‌گرتنه‌وه‌ی بۆری گازی سروشتی روسی له ئه‌وروپیه‌كان، ئه‌م زستانه خه‌ڵكی ئه‌وروپا هه‌مووی له‌سه‌رمادا ره‌ق ده‌بێته‌وه و حكومه‌ته‌كانیان ده‌ڕوخێنن، به‌ڵام زستان كۆتایی هات و یه‌ك نه‌فه‌ری ئه‌وروپی ره‌ق نه‌بۆوه. هه‌ر زوو ئه‌وروپییه‌كان مشووریان خوارد و سیستمی گه‌رمی ماڵان و داموده‌زگاكانی خۆیان گۆڕی له گازه‌وه بۆ كاره‌با. هه‌ر بۆیه ئه‌وروپییه‌كان پێیانوایه« له‌كۆتاییدا شه‌ڕه‌كه به‌قازانجی ئۆكرانییه‌كان كۆتایی دێت له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌وانه، ئابووری روسیا به‌رگه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌وێرانكارییه و درێژخایه‌نه ناگرێت. ئۆكرانیا ئه‌م شه‌ڕه به‌وه‌كاله‌ت ده‌كات و له‌ڕاستیدا شه‌ڕی روسیا و ناتۆیه، به‌رگری و خۆڕاگری و ئازایه‌تی گه‌لی ئۆكرانی له‌حساباتی روسه‌كاندا نه‌بووه، كۆمه‌ك و پشتگیری رۆژئاوا و ئه‌وروپیه‌كان به‌لایه‌نی سه‌ربازی و لۆجستیك و ئابووریشه‌وه بۆ ئۆكرانییه‌كان بێ سنووره.، خاڵێكی تری لاوازی روسه‌كان به‌ئه‌ندام بوونی وڵاتی فنله‌ندایه له ناتۆ، چونكه سنوورێكی (1300كم) وشكانی له‌گه‌ڵ روسیا دا هه‌یه، بێجگه له سنوورێكی گه‌وره‌ی ئاویی، كه‌واته ناتۆ گه‌یشته سنووره‌كانی روسیا، له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا سویدیش ده‌بێته ئه‌ندامی ناتۆ، كه ئه‌ویش سنووری ئاویی له‌گه‌ڵ روسیادا هه‌یه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه كۆماره‌كانی وڵاتانی به‌ڵتیق (لاتیڤیا و لیتوانیا و ئیستوانیا) هاوسنوورن له‌گه‌ڵ روسیا و ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپان و له داهاتووشدا ده‌بنه ئه‌ندامی ناتۆ، واته ناتۆ ئابڵوقه‌ی روسیای داوه. بێجگه له‌وه‌ش كه ئۆكرانیاش هاوسنووره له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وڵاتانی (پۆڵۆنیا و مۆڵدۆڤیا و رۆمانیا و سلۆڤاك و هه‌نگاریا)كه هه‌ریه‌كێكیان یان له یه‌كێتیی ئه‌وروپادان، یان له‌ناتۆ دا ئه‌ندامن، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی روسیادا نییه. ماوه‌ته‌وه ئه‌وه بڵێم كه تا ئێستا زیاتر له پێنج سه‌د رۆژ به‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌دا تێپه‌ریوه و هیچ ئاسۆیه‌كیش روون نییه كه ئه‌م شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره كه‌ی كۆتایی پێدێت، هه‌رچه‌نده ئۆكرانییه‌كان شه‌ڕێكی پاڵه‌وانانه ده‌كه‌ن بۆ به‌رگری له نیشتمانه‌كه‌یان، ڤڵۆدۆمیر زیلنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا هه‌روه‌كو (هێنری كیسنجه‌ر ) ده‌ڵێت:» زیلینسكی كۆمیدی بوو، به‌ڵام بوو به‌پاڵه‌وانی جه‌نگ و ئه‌ركێكی مێژوویی جێبه‌جێ كرد، زۆربه‌ی ئه‌وروپییه‌كان «وێڕای رێزی زۆریان بۆ ئازایه‌تی و پشوودرێژی ئۆكرانییه‌كان و سه‌رۆكه‌كه‌شیان، به‌ڵام ده‌بوایه هۆشیارترو وردتر بوونایه‌و خۆیان له‌م شه‌ڕه ئیمپریالیستیه وێرانكارییه بپاراستایه«. چونكه ئێستا زیاتر له پانزه ملیۆن ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا بوون و زیاتر له(400) هه‌زار كوژراو و بریندار و كه‌م ئه‌ندام هه‌یه و ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌ش وێران و خاپوور بووه، ئه‌بوایه ئۆكرانییه‌كان ئێستا داوای به‌ئه‌ندام بوونیان نه‌كردایه له ناتۆ و ئه‌مه‌یان دوابخستایه بۆ كاتێكی تری گونجاو تر، هه‌روه‌كو (هێنری كیسنجه‌ر ) وه‌زیری پێشووتری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (ئه‌ندازیاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا )ئه‌ڵێت: «له‌ساڵی (2014)دا پێشنیازم كرد كه ئۆكرانیا ئێستا نه‌بێته ئه‌ندامی ناتۆ و به بێلایه‌نی بمێنیته‌وه، له‌پێناوی دوورخسته‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕدا.»
سه‌رچاوه‌كان:
.BBC News. United Kingdom
.My first world map,2003
.Wikipedia-President of Russia
.Britain Explored.New edition 1995