بازاڕ پەیوەستە بە پڕكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە، واتا زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ لەخۆگرتنی پێداویستییەكان و خستنەڕوو و فرۆشتن و ساغكردنەوە و كڕینی كەلوپەكان، كەرەستە و ئامێرەكانیش پێویستی بەشوێنێكی لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی نموونەیی و رێكوپێك بخڕێنەڕوو و بفرۆشرێن، لەگەڵ ئەوەدا كاڵاكانیش پێویستیان بە رێكخستن و دابەشكردنە واتە دەبێت پۆلێن بكرێن و جیابكرێنەوە، چەند جۆرێک بازاڕ هەیە لەوانە:
1- بازاڕی داخراو و نیمچە داخراو
بازاڕی داخراو بەگشتی سوپەرماركێت و مۆڵە گەورەكان دەگرێتەوە، بازاڕی نیمچە داخراویش ئەو بازاڕانەیە لە دەوروبەری شاردا زەوییەكی فراوان و گەورەی بۆ تەرخان دەكرێت و چواردەوری دەكرێتە سیاج و پرسگە و سیكوریتی و پێشوازیی بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتی لەوێوە بچێتە بازاڕەكەوە، هەروەها ئەو جۆرە بازاڕە لەبەر فراوانی شوێنەكە چەندین مۆڵی بچووك فرۆشگەی تایبەت و جیاوازی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
2- بازاڕی كراوە
مەبەست لەبازاڕی كراوە ئەو بازاڕانە دەگرێتەوە كە دەكەوێتە ناوەڕاست و سەنتەری شارەوە، فراوانی ئەم بازاڕانەش بەپێی قەبارە و رێژەی دانیشتوانە، واتە دروستكردنی بازاڕەكان بەپێی فراوانی و قەبارەی شار و شارۆچكە و گوندەكان دەبێت.
3- هەفتەبازاڕ
ئەگەر كردنەوەی بازاڕ بكرێتە سیستم و یاسایی ئەوە دەبێت لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ پشوو بن و نەكرێنەوە، بۆ ئەوەی بوار بدرێت رۆژانی هەینی و شەممە لە شوێنێكی گەورە و فراوان بەشێوەیەكی جوان ئەو فرۆشیارانەی دەیانەوێت نمایشی كەلوپەل و خواردەمەنی و كاڵاكانیان بكەن، لەبەرئەوەی باج و كرێیان لەسەر نییە کاڵاکانیان هەرزانتر بە کڕیاران دەفرۆشن.
پاشان لە سەنتەری بازاڕی شار و شارۆچكە و شارەدێی هەموو وڵاتێكی پێشكەوتوودا گۆڕەپانێكی فراوان تەرخان دەكرێت بۆ مەبەستی كۆبوونەوەی خەڵك، بۆ وێنەگرتن و پشوودان، بۆ کردنی چالاكی جۆراوجۆر و کۆبوونەوەی بۆنەکان ...هتد، چوار دەوری ئەم گۆڕەپانە دەكرێت بکرێتە جۆرێك بینا كە شێوەیەكی دێرینی هەیە ئیتر بیناكە فەرمانگەی حكومی بێت یان بازرگانی گرنگ ئەوەیە بە شێوەیەک دروست بكرێت دیمەنێكی جوان و دڵڕفێن ببەخشێتە شوێنەکە، هەروەها لەو بازاڕانەدا پەیكەری جۆراو جۆر دروست دەكرێت، کە ئەمانە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و پێویستە بازاڕ بەوشێوە هاوچەرخە بێت.