کورد و لیستی هاوبەش

10:06 - 2023-07-23
ئازاد جۆڵا
341 خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ کۆتا وادەی تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارەکان کە 15 پارێزگای عیراق دەگرێتەوە و تیایدا کورد دەیەوێت لە 4 پارێزگا بەشداری بکات.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، گرنگە لایەنە کوردستانییەکان لیستێکی هاوبەشی  گشتگیر و راگەیاندێکی ئاڕاستەکراو بۆ جووڵاندنی هەست و سۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی پێکبێنن کە هەوڵ بدات تەنها دەنگێکیش بەفیڕۆ نەچێت.
ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و چارەنووسسازە بۆ کورد، چونکە دەرەنجامەکان زیاتر لە رەهندێک لەخۆدەگرێت لەوانە: 
- پارێزگای کەرکوک بەتەواوی و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی سێ پارێزگاکەی تر، بەپێی یاسا ناوچەی جێناکۆکە، بۆیە گرنگە کورد بەهێزەوە لەم ناوچانە بەشداریی بکات و رۆڵی کارای هەبێت، بۆئەوەی لەم رێگایەوە بتوانێ دیسانەوە هەم راستیی کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بسەلمێنێت، هەم بتوانێت لە رێگەی نوێنەرایەتیی راستەقینەوە خزمەتێکی بەرچاوی خەڵکی ئەم ناوچانە بکات و قەرەبووی رابردوویان بۆ بکاتەوە. 
بەتایبەتی ئێستا بەهۆی بەهێزیی ئابووریی عیراق دەرفەتی خزمەتگوزارییەکی زۆر و فرەچەشن لەئارادایە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی کە بەهۆی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە لاواز بووە.
- دوای ئەم گۆڕانکاریانەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە، بارودۆخەکە وا لە کورد دەخوازێ کێشە و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکڕیزیی و یەکلیستی لەم ناوچانە بەدیبێنن، هەر هیچ نەبێ بەشێوەیەکی کاتییش بێت، سەرجەم بەرنامە و پیلانەکانی دوژمنانی گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.
- نەیارانی کورد بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی یەکڕیزیدان بۆ پێکهاتەکانیان، لەبەرامبەریشدا هەوڵی پەرتکردنی نێوماڵی کورد دەدەن. 
تورکیا کار لەسەر هەڵبژاردن لەم ناوچانە دەکات و بە گرنگییەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و هەوڵی دابڕین و سڕینەوەی کورد دەدات، بۆ ئێستا و داهاتوو.
-راستە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانە، بەڵام رەهەندێکی سیاسی و مێژوویی و نەتەوەیی هەیە، ململانێکان تەنها لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی و ئەجێندای جیاوازی خزمەتکردن و بەڕێوەبردندا نییە، هێندەی ململانێیە لە نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکان و خاوەندارێتی لە خاکەکەی. 
دیارە کورد لە رابردوودا، هەم دەنگی باش و زۆرینەی لەم ناوچانە هەبووە، هەم ئەم ناوچانە بە بەشێک لە خاک و نیشتمانی خۆی دەزانێت و ئامادە نەبووە دەستبەرداری بستێکی ببێت.
-هۆکارێکی تر سیستم و یاسا و شێوازی هەڵبژاردنەکەیە کە سانت لیگۆیە، بە گوێرەی ئەم یاسایە براوەی یەکەم نرخی کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا دیاریدەکات، ئەمەش خاڵێکی بەهێزە بۆ بوونی یەک لیستی و سەرکەوتنی مسۆگەر، سانت لیگۆ دابەشدەکرێت بەسەر کۆڵەکەى هاوبەشی تاک یان جووت، وەک ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا هاتووە.
نرخى کورسی بەگوێرەى دەنگى پارتە بەهێزەکان دیاری  دەکرێت و لەم حاڵەتەشدا بەربژێر و پارتە بچووکەکان لیستە لاواز و پەرتەکان چانسى سەرکەوتنیان کەمتر دەبێت و دەنگەکانیان دەفەوتێت و لایەن و لیستە گەورەکان بۆ خۆیانی دەبەن. 
-ئەگەر پۆست و پلە رێگرە لەبەردەم دروستبوونی لیستی هاوبەشی کوردستانیی لەم ناوچانە، ئەوا بەپێی یاساکە دەرفەت هەیە هەر هێز و لایەنێک پێگە و سەنگی خۆی لە لیستەکەدا بزانێ، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان پۆست و پلەکان دابەشبکرێن و رێکەوتنی لەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت ئەمە رێگربێت لە دروستبوونی یەکڕیزی و هۆکار بێت بۆ دۆڕان و پەرتەوازەیی کورد.
ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لە خەمی خەڵک و خاکی ناوچە دابڕێندراوەکانن، ئەگەر دەیانەوێ کورد لەوە زیاتر غەدری لێنەکرێ و بێبەش نەکرێ و ناوچەکان زیاتر بە عەرەب و تورکمان نەکرێ و کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بپارێزرێ، ئەوا جگە لە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکلیستی لە تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان، هیچ دەرفەتێکی تریان لەبەردەمدا نییە بەتایبەتی کە دەبینین پێکهاتەکانی تری ئەم ناوچانە لە کورد کۆدەنگ و یەکڕیزترن، ئەمەش دەبێتە مەترسی و هەڕەشەیەکی جدی لەسەر دەنگ و رۆڵ و پێگەی کورد.

وتارەکانی نوسەر